لەسلێمانی ئامادەكاریی بۆ رێگریكردن لەم كارەساتە دەكرێت

هەواڵ / کوردستان :: پێش 4 هەفتە ‌ :: 7852‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، زریان محەمەد

ئامادەكاریی پێشوەخت بۆ رێگریكردن لە لافاو و هەر حاڵەت و كارەساتێكی سروشتی ده‌كرێت،  قایمقامی سلێمانیش دەڵێت: "پلانێكی تۆكمەمان داناوە بۆ پاراستنی سەر و ماڵی هاووڵاتیان لە ئەگەری روودانی هەر حاڵەتێكی نەخوازراو".

ئاوات محەمەد، قایمقامی سلێمانی ئەمڕۆ یەكشەممە 20ی تشرینی یەکەمی 2019، بەدواڕۆژی راگەیاند: "لەگەڵ لیژنەی فریاگوزاری خێرا كۆبوینەوە كە پێكهاتووە لە فەرمانگە پەیوەندیدارەكانی سلێمانی و ئەو رێوشوێن و ئامادەكارییانە تاوتوێكران كە گرنگن بۆ پاراستنی سەلامەتی هاووڵاتیان لە  ئەگەری هەر رووداوێكی سروشتی".

راشیگەیاند: "پلانێكی تۆكمەمان داڕشتووە بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەموو ئەو رووداو و حاڵەتانەی كە لە كاتی لافاو و بارانی بەهێزدا ئەگەری روودانی دەكرێت".

دەشڵێت: "وه‌ك ئامادەكارییەكی پێشوەخت بۆ رێگریكردن لە دروستبونی لافاو شارەوانی سلێمانی هەڵمەتێكی فراوانی رێكخستووە بۆ پاككردنەوەی مەنهۆڵ و ئاوەڕۆكانی شاری  سلێمانی كە ئەمەش رۆڵی گەورەی دەبێت لە كەمكردنەوەی كاریگەرییەكانی شەپۆلی بارانبارین".

ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات: "له‌لایه‌ن شاره‌وانی سلێمانییه‌وه‌ سه‌رجه‌م ئه‌و كێشه‌ و گرفتانەی كۆبونه‌وه‌ی ئاو و زیانگه‌یاندن به‌هاووڵاتیان چاره‌سه‌ر كراون، به‌هه‌مان شێوه‌ بۆ ده‌ره‌وه‌ی شاره‌كان به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی رێگەوبانی سلێمانی كاری پێویستی كردووه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ئاو له‌سه‌ر شه‌قام و ژێرپرده‌كان كۆنه‌بێته‌وه‌ وه‌ك ئه‌وه‌ی ساڵی رابوردوو رووبه‌ڕوومان بووه‌وه‌".

ئاماژەی بەوەشدا: هەموو فەرمانگە پەیوەندیدارەكانی سلێمانی رۆڵی گرنگی خۆیان دەبینن و تیمەكانی شارەوانی راسپێردراون بۆ ئەوەی سەردانی ئەو شوێنانە بكەن كە ئەگەری روودانی كارەساتی سروشتی لێدەكرێت، ژوورێك بۆ چاره‌سه‌ری حاڵه‌ته كتوپڕه‌كان له‌ قایمقامیه‌تی سلێمانی بۆ رووبه‌رڕووبوونه‌وه‌ی حاڵه‌ته‌كه‌ پێكهێنراوه‌ بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌کان.

قایمقامی سلێمانی هه‌موو ئه‌و كارگه‌ی ئاسن و شوێنانه‌ی ئاگاداركرده‌وه‌، سه‌ره ‌مه‌نهۆڵ به‌ساغی یاخود به‌شكاوی بکڕێت رووبه‌ڕووی رێكاری یاسایی ده‌كرێنه‌وه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی سه‌ره‌ مه‌نهۆڵه‌كان‌ دزراون.

پ: چ.ع



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure