پەرلەمانی کوردستان داوایەک ئاڕاستەی یەکێتیی ئەوروپا دەکات

هەواڵ / کوردستان :: پێش 3 هەفتە ‌ :: 407‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، هانا چۆمانی

سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان رایدەگەیەنێت: "لە کۆبوونەوەمان لەگەڵ شاندێکی پەرلەمانی ئەوروپا، داوامانکردووه‌ یەکێتی ئەوروپا و پەرلەمانتارانیان کەمپینێک دژی لەشکرکێشی سوپای تورکیا بۆ سەر خۆرئاوای کوردستان پێکبهێنن و داوای راگرتن و کشانەوەی سوپای تورکیا بکەن لە خۆرئاوای کوردستان". 

رێواز فایەق، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، بەدواڕۆژی وت: "ئەمڕۆ یەكشەممە 20ى تشرینی یەکەمی 2019 لەگەڵ‌ ژماره‌یه‌ك له‌ په‌رله‌مانتارانی ئه‌وروپی کۆبووینەوە، جگە لە بارودۆخی هەرێمی کوردستان گفتوگۆمان لەسەر بارودۆخی خۆرئاوای كوردستان-یش کرد. داواکرا کاربکرێت بۆ ئەوەی میكانیزمێكی گونجاو بدۆزرێته‌وه‌ تا فشار بخرێته‌ ‌سه‌ر وڵاتی توركیا بۆ كشاندنه‌وه‌ی هێز و وه‌ستاندنی بۆردومانه‌كان و دوورخستنه‌وه‌ی شه‌ڕ، هه‌روه‌ها بۆ ئه‌وه‌ى كاولكاریی خۆرئاوای کوردستان بوەستێنرێت".

سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان دەڵێت: "پێویسته‌ هەم ئێمە و هەم ئەوانیش وەک یەکێتیی ئەوروپا و پەرلەمانتارانیان كار بکەن بۆ دروستكردنی كەمپینێكی نێوده‌وڵه‌تی دژ به‌ له‌شكركێشییه‌كانی توركیا بۆ سه‌ر خۆرئاوای کوردستان، بۆ ئەوەی کۆتایی بەو کاولکارییەی خۆرئاوای کوردستان بهێنرێت".

ئەوە لەکاتێکدایە كه‌ پەرلەمانی کوردستان هەفتەی رابوردوو 12 خاڵ-ی وەک پشتیوانی و هاوکاریی خۆرئاوا، بە دەنگی زۆرینەی رەهای پەرلەمانتاران پەسەند کرد بۆ ئەوەی لەبەرامبەر لەشکرکێشییەکانی سوپای تورکیا هاوکاریی خۆرئاوا بکرێت. 

پ: ل. م
بڵاوکردنەوە: چ.ع



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure