لە 10 مانگدا 355 حاڵەتى دوانە و زیاتر له‌ سلێمانى لەدایکبوون

هەواڵ / کوردستان :: پێش 4 هەفتە ‌ :: 251‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، هەوراز ئه‌حمەد 

بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی کە بە دواڕۆژ دراوە: "لەڕۆژی 1ی کانونی دووەمی ئەمساڵ تا رۆژی 1ی ئەم مانگە، 355 حاڵەتی لەدایکبوونی منداڵی دوانە و زیاتر، لە سنووری پارێزگای سلێمانى تۆمارکراوە، یەک حاڵەتیش هەبووە كه‌ 5 منداڵ بەیەک سک لەدایکبوون، لەو 355 حاڵەتە 244 منداڵیان بە نەشتەرگەری و 111یشیان بەسروشتی لەدایکبوون. هەروەها 21یان له‌ ئاوارەکان بوون".


نگین جەعفەر، پزیشكى پسپۆڕى نەخۆشییەکانى ژنان و منداڵبوون بە دواڕۆژى وت: "حاڵەتەکانى دووگیانى بە منداڵى دوانە و زیاتر، لە هەرێمى کوردستان لە زیادبووندایە، ئەمەیش زۆرجار دەگەڕێتەوە بۆ ئەو ئافرەتانەى سەردانى دکتۆرى ژنان دەکەن، چونکە جارى وا هەیە جۆرە دەرمانێکیان پێدەدرێت کە وا دەکات زیاد لە سنوورى خۆى هێلکە ئامادە ببێت، بۆیە دەبێتە هۆى دروستبوونى منداڵى دوانە، ئەمەیش مەترسى لەسەر ژیانى دایکەکە دروست دەکات".

وتیشى: "منداڵى دوانە زیانى بۆ کۆرپە و دایکەکە دەبێت، ئەگەرى هەیە دایکەکە تووشى چەندین نەخۆشیى درێژخایەن ببێت، وەک شەکرە و فشارى خوێن و جارى وایش هەیە لەکاتى لە دایکبووندا ئەگەرى هەیە منداڵدانى ئافرەتەکە بتەقێت، ئەوکاته‌ مەترسى دەکەوێتە سەر ژیانى".

پزیشكه‌ پسپۆڕه‌كه‌ى نەخۆشییەکانى ژنان و منداڵبوون هه‌روه‌ها ده‌ڵێت: "ئەو منداڵانەى کە بە دوانە لەدایکدەبن، جارى واهەیە لە یەک کیس-دا دەبن و یەکێکیان خوێنى ئەویتریان دەخوات یان دانەیەکیان قەڵەو و ئەویتر لاواز ده‌بێت، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ى كه‌  منداڵى دوانە ئەگەرى  تووشبوونى بە نەخۆشیى ئیفلیجى و شەلەل دەماغ هەیە".

پ: ل. م
بڵاوکردنەوە: چ.ع



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure