له‌بارەی گیان لەدەستدانی ئامانج بابانی و لانە محەمەد و منداڵەکەیان لیژنەیەک پێکهێنرا

هەواڵ / کوردستان :: پێش 3 هەفتە ‌ :: 19546‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عیسا عه‌بدولقه‌هار

په‌رله‌مانى كوردستان بڕیاریدا به‌ پێكهێنانى لیژنه‌یه‌كى پێنج كه‌سى بۆ لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ هۆكاره‌كانى گیان لەدەستدانی ئامانج بابانى و لانه‌ محه‌مه‌د و منداڵه‌كه‌یان، له‌ سبه‌ى دووشه‌ممه‌وه‌ لیژنه‌کە دێته‌ سلێمانى.


زانا مه‌لا خالید، ئه‌ندامى لیژنه‌ى مافى مرۆڤى پەرلەمانی کوردستان به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند: به‌ ئاگادارى سه‌رۆكایه‌تى په‌رله‌مانى كوردستان، ئه‌مڕۆ لیژنه‌ى مافى مرۆڤ بڕیاریدا به‌ پێكهێنانى لیژنه‌یه‌ك بۆ لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ گیان لەدەستدانی رۆژنامه‌نووسان ئامانج بابانى و لانه‌ محه‌مه‌د و منداڵه‌كه‌یان.

وتیشى: "لیژنه‌كه‌ له‌ سه‌رۆك و پێنج ئه‌ندامى لیژنه‌ى مافى مرۆڤ پێكدێت و سبه‌ى دووشه‌ممه‌ سه‌ردانى پۆلیس و ئاسایش و بنه‌ماڵه‌ى هه‌ردوو رۆژنامه‌نووس و سه‌رجه‌م ئه‌و شوێنانه‌ ده‌كرێن كه‌ په‌یوه‌ندیدارن به‌ كه‌یسه‌وه‌".

ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌، ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد: دواى ته‌واوبوونى لێكۆڵینه‌وه‌كه‌ به‌ راپۆرتێك سه‌رۆكایه‌تى په‌رله‌مان و راى گشتى كوردستان ئاگادارده‌كرێته‌وه‌.

شه‌وى 16ى تشرینى یه‌كه‌م، ئامانج بابانى و لانه‌ محه‌مه‌دى خێزانى و منداڵه‌ سێ ساڵانه‌كه‌یان له‌ سلێمانى لەناو ئۆتۆمبێلەکەیان بە کوژراوی دۆزرانەوە، به‌وته‌ى به‌ڕێوه‌به‌رى پۆلیسى سلێمانى: رووداوه‌كه‌ خۆكوژى بووه‌ و ئامانج بابانى منداڵ و هاوسه‌ره‌كه‌ى كوشتووه‌، دواتر خۆیشى كوشتووه‌.

 

پ: چ.ع



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure