هێرشى توركیا بۆ سه‌ر رۆژئاواى كوردستان چى به‌سه‌ر به‌هاى لیره‌دا هێناوه‌؟

هەواڵ / ئابوری :: پێش 3 هەفتە ‌ :: 1361‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، راپۆرتى سامان قوبادى

هێرشى سوپاى توركیا بۆ سه‌ر رۆژئاواى كوردستان، به‌هاى لیره‌ى به‌ ناجێگریى هێشتووه‌ته‌وه‌، هاوكات هه‌ڵمه‌تى بایكۆتى كاڵاى توركی له‌ هه‌رێمى كوردستان و كه‌مبوونه‌وه‌ى گه‌شتكردن بۆ ئه‌و وڵاته‌، خواستى له‌سه‌ر كڕینى لیره‌ى توركى به‌ڕێژه‌یه‌كى به‌رچاو دابه‌زاندووه‌. بازرگانانیش له‌ ترسیان به‌هاى لیره‌ و هه‌ڵمه‌تى بایكۆت، هێنانى كاڵای توركیایان كه‌مكردووه‌ته‌وه‌.


له‌ 9ى تشرینى یه‌كه‌مدا هێرشى سوپاى توركیا بۆ سه‌ر خاكى رۆژئاواى كوردستان ده‌ستى پێكرد، بوونى جه‌نگیش دۆخى ئابوریى ئه‌و وڵاته‌ و به‌هاى دراوه‌كه‌ى به‌ره‌و داڕمان بردووه‌، به‌تایبه‌ت به‌هۆى تێچووه‌ زۆره‌ سه‌ربازییه‌كان و زیادبوونى مه‌ترسى كه‌ راسته‌وخۆ كاریگه‌ریى له‌سه‌ر به‌هاى لیره‌ دروستكردووه‌.

جه‌بار گۆران، راوێژكارى دارایى بازاڕى (دۆلار)ه‌كه‌ى سلێمانى، بۆ دواڕۆژ ده‌ڵێت: "ئه‌مڕۆ 20ى تشرینى یه‌كه‌م، 100 دۆلارى ئه‌مریكى به‌رامبه‌ر به‌ 579 لیره‌ی توركییه‌، چه‌ند رۆژێك به‌ر له‌ئێستا به‌هاكه‌ى زیاتر دابه‌زى بۆ  593 لیره‌، به‌ڵام پێش هێرشى توركیا بۆ سه‌ر رۆژئاواى كوردستان 100 دۆلار به‌رامبه‌ر به‌ 565 بۆ 570 لیره‌ بوو".

جه‌بار گۆران وتى: "خواست له‌سه‌ر به‌هاى لیره‌ى توركى به‌ڕێژه‌یه‌كى به‌رچاو كه‌مبووه‌ته‌وه‌، چونكه‌ رووداوه‌كان زۆر به‌ خێرایی رووده‌ده‌ن، ته‌نانه‌ت به‌هۆى سه‌ردانى وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مریكا بۆ توركیا لیره‌ى توركى به‌هاكه‌ى به‌رزبوه‌وه‌، پاشان به‌خێرایى دابه‌زی. جگه‌له‌وه‌ كه‌مبوونه‌وه‌ى گه‌شتكردن بۆ توركیا و بایكۆتى كاڵاى توركى، خواستیان له‌سه‌ر لیره‌ى توركى زیاتر كه‌مكردووه‌ته‌وه‌، ئه‌وانه‌ى ئێستا زیاتر مامه‌ڵه‌ به‌ لیره‌وه‌ ده‌كه‌ن و ده‌یكڕن  بۆ به‌ده‌ستهێنانى قازانجه‌، چاوه‌ڕوان ده‌كه‌ن تا به‌هاكه‌ى به‌رزبێته‌وه‌ و بیفرۆشن، كه‌متر خه‌ڵك بۆ گه‌شتكردن ده‌یكڕێت، ئاستى گه‌شت بۆ ئه‌و وڵاته‌ له‌ هه‌رێمه‌وه‌ به‌ڕێژه‌ى 40% دابه‌زیوه‌ به‌راورد به‌ 10 رۆژ پێش ئێستا".

ئیسماعیل سابر، بازرگانى كه‌ره‌سته‌ى خۆراك له‌ سلێمانى، بۆ دواڕۆژ وتى: "ناجێگریى به‌هاى لیره‌ و ئه‌و بایكۆته‌ى كه‌ هه‌یه‌ له‌بازاڕدا، كاریگه‌ریى خراپى هه‌یه‌ له‌سه‌ر كه‌مبوونه‌وه‌ى خواست له‌سه‌ر كاڵاى توركى، به‌ڵام ناوخۆى توركیا تووشى داڕمانێكى گه‌وره‌ى ئابوریى بووه‌، بۆیه‌ هۆكاره‌كان بۆ خراپیى دۆخى ئابوریی ئه‌و وڵاته‌ زۆرن و په‌یوه‌ندیى به‌ فه‌زاى سیاسى و ته‌نانه‌ت گه‌شتوگوزارى ئه‌و وڵاته‌یشه‌وه‌ هه‌یه‌،  ئه‌و بایكۆته‌ى له‌سه‌ر كاڵاى توركى هه‌یه‌ كاریگه‌ریى له‌سه‌ر ئابوریى توركیا هه‌یه‌".

ئه‌و بازرگانه‌ پێیوانییه‌: "نه‌كڕینى كاڵاى توركى ببێته‌ هۆى به‌رزبوونه‌وه‌ى نرخى كاڵاى تر، چونكه‌ مه‌واد و كاڵاى هه‌مه‌جۆر زۆرن له‌ بازاڕدا، بۆیه‌ به‌دیلى كاڵاى توركى هه‌یه‌، به‌ڵام كۆمه‌ڵێك بازرگان كه‌ ته‌نیا كاڵاى توركى ده‌هێنن شته‌كه‌یان گه‌وره‌ كردووه‌ و ده‌ڵێن به‌دیلى نییه‌، چونكه‌ ئه‌م بایكۆته‌ و ناجێگریى به‌هاى لیره‌ زیانیش له‌ بازرگان ده‌دات".

دواین رووداوه‌ سیاسى و سه‌ربازییه‌كان له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ى ره‌نگدانه‌وه‌ى ته‌واوى هه‌یه‌ له‌سه‌ر به‌هاى لیره‌ به‌رامبه‌ر دۆلار، هاوكات ترسى لاى بازرگانان دروستكردووه‌ به‌وه‌ى كه‌ ره‌نگه‌ گۆڕانكاریى گه‌وره‌ى ئابورى به‌دواى خۆیدا بهێنێت.

سه‌روه‌ر محه‌مه‌د، بازرگانى كه‌ره‌سته‌ى خۆراك و پاككه‌ره‌وه‌ به‌ دواڕۆژى وت: "ناجێگریى دۆخى سیاسى و ئه‌منى ترسى له‌ناو بازرگانان دروستكردووه‌، كاڵایه‌كى زۆرمان هاورده‌ى هه‌رێمى كوردستان كردووه‌ و له‌ مه‌خزه‌نه‌كاندایه‌، به‌ نسبه‌ت ئێمه‌وه‌ فرۆشتنى كاڵا به‌راورد به‌ پێش هێرشى توركیا بۆ سه‌ر رۆژئاوا و هه‌ڵمه‌تى بایكۆتى كاڵاى توركى، به‌ڕێژه‌ى 35% كه‌مى كردووه‌، بۆیه‌ هێنانى كه‌ره‌سته‌مان له‌بوارى خۆراك و مه‌وادى پاككه‌ره‌وه‌دا راگرتووه‌".

ئه‌و بازرگانه‌ ده‌ڵێت: "به‌هۆى به‌رز و نزمى لیره‌ به‌رامبه‌ر دۆلار، كێشه‌ بۆ ئه‌و مامه‌ڵانه‌مان دروست بووه‌ كه‌ له‌گه‌ڵ خاوه‌نكار و كارگه‌كانى توركیا ئه‌نجامى ده‌ده‌ین، چونكه‌ به‌رده‌وام نرخى كاڵاكان گۆڕانكارییان به‌سه‌ردا دێت، به‌هۆى ئه‌و شه‌ڕه‌ى له‌ناوچه‌كه‌دا هه‌یه‌".

پ: ل. م



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure