سیستمی چاكسازیی كۆمه‌ڵایه‌تی هه‌موارده‌كرێته‌وه‌

هەواڵ / کوردستان :: پێش 4 هەفتە ‌ :: 302‌ جار بینراوە

تاگ :: داد

دواڕۆژ، بڕیار محەمەد 

به‌رپرسێكى وه‌زاره‌تى كاروبارى كۆمه‌ڵایه‌تى رایده‌گه‌یه‌نێت: كارده‌كه‌ن بۆ هه‌مواركردنه‌وه‌ی سیستمی چاكسازی له‌ هه‌رێم بۆ ئه‌وه‌ی سیستمێكى ‌سه‌رده‌میانه‌ دابنێن.


ئه‌حمه‌د نه‌جمه‌دین، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی چاكسازیی له‌ وه‌زاره‌تی كار و كاروباری كۆمه‌ڵایه‌تی (ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 20ى تشرینى یه‌كه‌مى 2019) به‌ رۆژنامه‌نووسانى راگه‌یاند: كارده‌كه‌ین بۆ هه‌مواركردنه‌وه‌ی سیستمی چاكسازی له‌ هه‌رێمی كوردستان بۆ ئه‌وه‌ی بتوانین سیستمێكى ‌چاكسازی سه‌رده‌میانه‌ دابنرێت كه‌ تیایدا مافه‌كانی سزادراو بپارێزرێت و سیستمه‌كه‌ رۆڵ ببینێت له‌ چاكسازیی نه‌وجه‌وانان و گه‌وران و شادبوونه‌وه‌یان به‌ كۆمه‌ڵگه‌ وه‌ك تاكێكی ئاسایی بۆ ئه‌وه‌ی رێژه‌ی تاوان كه‌م ببێته‌وه.

وتیشى: "ده‌مانه‌وێت سیستمه‌كه‌ به‌پێی ستانداردی نێوده‌وڵه‌تی بێت بۆ ئه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی ئاسووده‌ بنیات بنێین و مافه‌كانی هاووڵاتیان تیایدا پارێزراوبێت" .

ئه‌و لێدوانه‌ى به‌رپرسه‌كه‌ى وه‌زاره‌تى كار ئه‌مڕۆ له‌پاش كۆبونه‌وه‌یه‌ك بوو كه‌ به‌ به‌شدارى به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كانی چاكسازی و كه‌سانی شاره‌زا له‌ هه‌ولێر له‌سه‌ر ئه‌و پرسه‌ به‌ڕێوه‌چوو.

ئه‌حمه‌د نه‌جمه‌دین ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو: هه‌ر سیستمێك به‌پێی كات و ساتی خۆی ده‌رده‌چێت. ئه‌م سیستمه‌ كه‌ له‌ ساڵی 2008ەوه‌ ئاماده‌كراوه‌ پشتی به‌ستووه‌ به‌ یاسای چاكسازیی ژماره‌ 104ى عێراقی كه‌ ساڵی 1981 ده‌رچووه‌. ساڵانێكى زۆره‌ ده‌رچووه‌ و بارودۆخ و شێوه‌ی مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ سزادراوان گۆڕاون، بۆیه‌ هه‌وڵده‌ده‌ین ئه‌و سیستمه‌ هه‌مواربكرێته‌وه‌ به‌پێی بارودۆخی ئێستای هه‌رێمی كوردستان.
  
پ: ل. م

بڵاوکردنەوە: چ.ع



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure