ناڕه‌زایه‌تییه‌كان لوبنان له‌ روانگه‌ى رۆژنامه‌نووسانه‌وه‌

هەواڵ / ڕاپۆرت :: 20/10/2019‌ :: 103‌ جار بینراوە

دواڕۆژ

به‌پێى ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ كه‌لتوورى و مێژووییه‌ دێرینه‌ى كه‌ فڕه‌نسییه‌كان له‌گه‌ڵ لوبنانیه‌كاندا هه‌یانه‌، خۆپیشاندان و ناڕه‌زایه‌تییه‌كانى ئێستاى لوبنان بایه‌خێكى گه‌وره‌ى وه‌رگرتووه‌ له‌لایه‌ن رۆژنامه‌ و تێكڕاى ده‌زگا میدیاییه‌كانى فڕه‌نساوه‌.


ئاژاوه‌كانى ئێستاى لوبنان كه‌ چاره‌نووسى حكومه‌تى ئه‌و وڵاته‌ى خستووه‌ته‌ مه‌ترسییه‌وه‌، له‌ ئاكامى سه‌پاندنى باجى تازه‌یه‌ به‌ بڕى شه‌ش دۆلار له‌ مانگێكدا به‌رامبه‌ر به‌ به‌كارهێنانى ئه‌پلیكه‌یشنى واتسئه‌پ. 

رۆژنامه‌ى لۆفیگارۆ ده‌ڵێت: "ئه‌م باجه‌ تازه‌یه‌ وه‌ك ئه‌و چڵه‌پووشه‌ وایه‌ كه‌ پشتى حوشتره‌كه‌ى شكاند و بووه‌ هۆى ته‌قینه‌وه‌ى رقى هه‌موو پێكهاته‌كانى گه‌لى لوبنان".

خۆپیشانده‌ران ده‌ڵێن: "گرانیى و گه‌نده‌ڵى سه‌رتاپاى لوبنانى گرتووه‌ته‌وه‌ و ئێمه‌ لێره‌ خۆپیشاندان ده‌كه‌ین له‌ پێناوى خۆراك و سووته‌مه‌نیى و هه‌موو پێداویستییه‌كانى دیكه‌ى ژیاندا".

هه‌رچه‌نده‌ حكومه‌تى به‌یروت باجه‌كه‌ى هه‌ڵوه‌شانده‌وه‌ به‌ڵام ناڕه‌زایه‌تییه‌كان تائێستایش به‌رده‌وامن. چونكه‌ وه‌كو لۆفیگارۆ ده‌ڵێت"بارودۆخى ئابووریى لوبنان كاره‌ساتباره‌".

رۆژنامه‌ى (لیبرا سیۆن)یش نووسیویه‌تى: "ئه‌وه‌ى له‌ لوبنان رووده‌دات شۆڕشه‌. ئێستا به‌ به‌رده‌وامى كه‌شوهه‌واى شۆڕش له‌ ناوه‌ڕاستى لوبناندا ده‌بینیت".

خۆپیشانده‌ران به‌ په‌یامنێرى ئه‌و رۆژنامه‌یه‌یان وتووه‌: "بارودۆخى لوبنان كاره‌ساتباره‌، كاربه‌ده‌سته‌كانمان دزن و به‌ هیچ تێرناخۆن، به‌ڵام گه‌لى لوبنان ئه‌مڕۆ بڕیاریداوه‌ بجووڵێته‌وه‌ و لێیان رابپه‌ڕێت". 

وتاره‌كه‌ى رۆژنامه‌ى لیبرا سیۆن ده‌ڵێت: "حاڵى حازر 35%ى دانیشتوانى لوبنان له‌ژێر هێڵى هه‌ژاریدان و ماوه‌ى چه‌ند هه‌فته‌یه‌كیشه‌ بارودۆخه‌كه‌ زۆر خراپتر بووه‌ به‌هۆى قه‌یرانى دۆلار و مه‌ترسى داڕمانى به‌هاى لیره‌ى لوبنانییه‌وه‌".

رۆژنامه‌كه‌ خۆپیشاندانه‌كانى به‌یروت به‌راورد ده‌كات به‌ خۆپیشاندانى هێله‌ك زه‌رده‌كان له‌ پاریس و ده‌ڵێت: "ئه‌مه‌ى به‌یروت شارستانیتره‌ و ماڵ و موڵكى كه‌س زیانى پێنه‌گه‌یشتووه‌".

ده‌زگا میدیاییه‌كانى فڕه‌نسا پرسیارى ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌: ئایا سه‌رئه‌نجام به‌هارى عه‌ره‌بى گه‌یشته‌ لوبنان؟

چاودێران ده‌ڵێن: "ئه‌م قه‌یرانه‌ى ئێستاى لوبنان ته‌نیا هه‌ر ده‌رئه‌نجامى سه‌پاندنى باجه‌كه‌ى سه‌ر واتسئه‌پ نییه‌ به‌ڵكو گوزارشتێكه‌ له‌ قه‌یرانێكى قووڵتر كه‌ په‌یوه‌ندیى هه‌یه‌ به‌ سروشتى حوكمڕانى و كاربه‌ده‌ستانى لوبنانه‌وه‌ و له‌ هه‌موو روویه‌كه‌وه‌ گلاونه‌ته‌ گه‌نده‌ڵییه‌وه‌".

دروشمى خۆپیشانده‌ران له‌به‌رده‌م په‌رله‌مانى لوبناندا ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ى حكومه‌ت و گێڕانه‌وه‌ى پاره‌ دزراوه‌كانه‌.

رێژه‌ى بێكاریى له‌ لوبنان-دا له‌نێوان 23% و 43%دایه‌. هاووڵاتییان تواناى دابینكردنى پێداویستییه‌كانى ژیانیان نییه‌. هه‌موو رۆژێك كاره‌با ده‌بڕێت. هاوكارییه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان بۆ لوبنان كه‌مبوونه‌ته‌وه‌ و حكومه‌ت ناچاربووه‌ له‌ بودجه‌ى ساڵى 2020دا چه‌ند رێوشوێنێكى ئابووریى توند بگرێته‌به‌ر.

راپۆڕته‌ رۆژنامه‌وانییه‌كانى فڕه‌نسا ده‌ڵێن: "سه‌رتاپاى لوبنان، وه‌ك پووشێك ئاگرى تێبه‌ربووبێت، بووه‌ته‌ گۆڕه‌پانى خۆپیشانده‌ران و هاووڵاتیانى ناڕازیى له‌ هه‌موو چین و توێژه‌كان، كه‌ گۆرانى و سروودى نیشتمانى ده‌ڵێنه‌وه‌ و داواى چاكسازیى ده‌كه‌ن له‌ بواره‌كانى په‌روه‌رده‌ و ته‌ندروستیى و گواستنه‌وه‌دا".

خاڵى سه‌ره‌نجڕاكێش ئه‌وه‌یه‌ كه‌ هه‌ر هه‌موویان ئاڵاى لوبنانیان هه‌ڵگرتووه‌ و ئاڵاى هیچ حیزب و لایه‌نێكى سیاسى نابینرێت به‌ ده‌ستى خۆپیشانده‌رانه‌وه‌.

پ: ل. م



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure