په‌یه‌ده‌ په‌یامێك له‌باره‌ى كشانه‌وه‌ى هێزه‌كانى ئه‌مریكا بڵاوده‌كاته‌وه‌

هەواڵ / کوردستان :: پێش 4 هەفتە ‌ :: 1430‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، هانا چۆمانى

ده‌رباره‌ى كشانه‌وه‌ى ئه‌مڕۆى هێزه‌كانى ئه‌مریكا له‌ رۆژئاواى كوردستان په‌یه‌ده‌ په‌یامێك بڵاوده‌كاته‌وه‌ و ده‌ڵێت: به‌ منداڵه‌كانتان بڵێن منداڵانى كورد له‌سه‌ر ده‌ستى سه‌ربازانى توركیا كوژران و هیچ شتێكمان بۆ پاراستیان نه‌كرد.


دوانیوه‌ڕۆى (ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 20ى تشرینى یه‌كه‌مى 2019) هێزەکانی ئەمریکا دواین بنکەی سەربازیان له‌ رۆژئاواى كوردستان و سوریا جێهێشت.

لاى خۆیه‌وه‌ پارتى یه‌كێتى دیموكرات (په‌یه‌ده‌) له‌ په‌یامێكدا له‌ په‌یجى خۆى له‌ تویته‌ر بڵاویكرده‌وه‌: ئێمه‌ لۆمه‌ى سه‌ربازانى ئه‌مریكا ناكه‌ین به‌هۆى بڕیارى فه‌رمانده‌یى ناوه‌ندى ئه‌مریكا، كه‌ ده‌زانین بڕیاره‌كه‌ له‌سه‌روو ئیراده‌ و توانانى ئه‌وانه‌وه‌ بووه‌.

نوسیویشیه‌تى: ئێمه‌ و منداڵه‌كانمان له‌لایه‌ن توركیا و جیهادییه‌كانه‌وه‌ سه‌رده‌بڕدرێین و سه‌ربازانى ئه‌مریكاش جێمان دێڵن.

له‌و په‌یامه‌شدا هاتووه‌: به‌ منداڵه‌كانتان بڵێن منداڵانى كورد له‌سه‌ر ده‌ستى سه‌ربازانى توركیا كوژران و هیچ شتێكمان بۆ پاراستیان نه‌كرد.

له‌میانه‌ى جێهێشتنى ئه‌و ناوچانه‌ى كوردستان، یه‌كێك له‌ سه‌ربازانى ئه‌مریكا لۆگۆى (یه‌په‌ژه‌)ى له‌ جلوبه‌رگه‌كه‌ى داوه‌.

یەکینەکانی پاراستنی ژنان (یەپەژە) هێزی ژنانی سەر بە هێزەکانی سوریای دیموکراتە و لە جەنگی رووبەرووبونەوەی داعشدا رۆڵى كاریگه‌ریان هه‌بووه‌.

پێداچوونه‌وه‌: شیروان شه‌ریف



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

بەپەلە