بۆ جارى دووه‌م خاچى سوورى نێوده‌وڵه‌تى چووه‌ ناو سه‌رێكانى

هەواڵ / کوردستان :: پێش 3 هەفتە ‌ :: 202‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، بورهان یه‌حیا

دواى ئه‌وه‌ى بۆ 8 رۆژ رێگه‌نه‌درا تیمه‌ پزیشكیه‌كان بچنه‌ ناو سه‌رێكانى، ئه‌مڕۆ بۆ جارى دووه‌م تیمێكى خاچى سورى نێوده‌وڵه‌تى بۆ وه‌رگرتن و چاره‌سه‌ركردنى برینداران چووه‌ ناو شارۆچكه‌كه‌.


به‌رخودان حسێن، چالاكوان له‌ رۆژئاواى كوردستان (ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 20ى تشرینى یه‌كه‌مى 2019) به‌ دواڕۆژى وت: ئه‌مڕۆ تیمێكى خاچى سور به‌ چه‌ندین ئه‌مبولانسه‌وه‌ بۆ جارى دووه‌م چونه‌ته‌ ناو شارۆچكه‌ى سه‌رێكانى.

وتیشى: "تیمه‌كه‌ له‌وێ چاره‌سه‌رى به‌شێك له‌ برینداران ده‌كه‌ن و ده‌رمانى پێویستیش به‌ به‌شێكى تریان ده‌ده‌ن و ئه‌وانه‌ش كه‌ برینیان سه‌خته‌ ده‌گوازرێنه‌وه‌ بۆ ده‌ره‌وه‌ى شار".

دوێنێ بۆ جارى یه‌كه‌م گروپى خاچى سوور له‌ڕێى 20 ئه‌مبولانسه‌وه‌ توانییان 30 بریندار و چوار شه‌هید له‌گه‌ڵ خۆیان ببه‌نه‌ ده‌ره‌وه‌ى شارۆچكه‌كه‌.

به‌پێى وته‌ى ئه‌و چالاكوانه‌: بۆ جارى چواره‌م سوپاى توركیا به‌ رێگاى تۆپى دورهاوێژ هێرشى كردوه‌ته‌سه‌ر نه‌خۆشخانه‌ى سه‌رێكانى، پێشتر دیوارى ناوه‌وه‌ و گه‌راج و سه‌ربانى نه‌خۆشخانه‌كه‌ له‌ ئه‌نجامى بوردومانه‌كه‌ زیانى زۆرى پێگه‌یشتووه‌ و دوورنیه‌ به‌ ته‌واوى بڕوخێت.

چوارشه‌ممه‌ى پێشتر 9ى تشرینى یه‌كه‌م هێرش و په‌لاماره‌كانى توركیا و گروپه‌ چه‌كداره‌ نزیكه‌كانى بۆ سه‌ر رۆژئاواى كوردستان و به‌تایبه‌تیش هه‌ردوو ناوچه‌ى گرێ سپى و سه‌رێكانى ده‌ستپێكرد.

به‌هۆى به‌رده‌وامى هێرشه‌كانیشه‌وه‌ هه‌موو رێگاكانى چوونه‌ ناو ئه‌و شارۆچكانه‌ گیراون و سوپاى توركیا به‌ فڕۆكه‌ و تۆپهاوێژ بۆردومانى هه‌ڕه‌مه‌كى ده‌كه‌ن.

لە سەرەتای هێرشه‌كانیشه‌وه‌ تائێستا زیاتر له‌ 300 هەزار هاووڵاتی له‌ باكورى رۆژهه‌ڵاتى سووریا ئاوارەبوون.  

پێداچوونه‌وه‌: شیروان شه‌ریف



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure