بۆ به‌هاناوه‌چونى ئاواره‌كان حكومه‌تى هه‌رێم داواى هاوكارى ده‌كات

هەواڵ / کوردستان :: 20/10/2019‌ :: 175‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، بڕیار محەمەد 

وه‌زیرى ناوخۆى هه‌رێم رایده‌گه‌یه‌نێت: له‌ قۆناغى یه‌كه‌مدا پێشبینى هاتنى 30 بۆ 50 هه‌زار ئاواره‌ ده‌كه‌ن و ده‌شڵێت: به‌هۆى ئه‌وه‌ى تواناى حكومه‌ت سنورداره‌ داواى هاوكارییان له‌ رێكخراوه‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌كان و وڵاتان كردووه‌.


(ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 20ى تشرینى یه‌كه‌مى 2019) كۆبونه‌وه‌یه‌ك له‌نێوان وەزارەتی ناوخۆ و وەزارەتی پلاندانان و تەندروستی و پەروەردەی حکومەتی هەرێم لەگەڵ وەفدێکی نەتەوە یەکگرتووەکان بەڕێوەچوو.

دوابه‌دواى كۆبونه‌وه‌كه‌ رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێم لە كۆنگره‌یه‌كى رۆژنامه‌نوسیدا رایگه‌یاند: لە کۆبوونەوەکەدا باس لە دۆخی ئاوارە و پەنابەرانی ئێستا و ئەوانەش كرا كه‌ پێشتر هاتوون و لە کەمپەکانن، هەروەها باس لە رەوشی ژیانی ئاوارەکانیش کرا، داوامان لە نەتەوەیەکگرتووەکان و وڵاتان کرد پشتیوانى حکومەتی هەرێم بن بۆ هاوکاریکردنی ماددی ئاوارە و پەنابەران.

وتیشى: لەهەمان کاتدا داواشمانکرد لەگەڵ حکومەتی فیدڕاڵ کاربکرێت تاوەکوو هەرسێ لایەن بەیەکەوە هاوکاری ئاوارە و پەنابەران لە کەمپەکان بکەین.

ئه‌وه‌شى وت: ژمارەیەک لە رێکخراوەکانی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان هاوکاریەکانیان کەمتر کردۆتەوە لەهەندێ بوارى وەک قوتابخانە، ئێستاش بەهۆی خراپی دۆخی سوریا پێشبینی هاتنی شەپۆلێکی ئاوارە و پەنابەران دەکەین، چاوەڕوانیش دەکرێت لە قۆناغی یەکەم 30 بۆ 50 هەزار ئاوارە و پەنابەر روو لە هەرێمی کوردستان بکەن، توانای حکومەتیش سنوردارە بۆیە داوای هاوکاریمان کردووە لێیان.

وه‌زیرى ناوخۆ ئاماژه‌شیدا: پارێزگارەکانمان راسپاردووه‌ بۆ گرتنەبەری رێکاری پێویست، داواش دەکەین وڵاتان هاوشێوەی فەڕەنسا هاوکارمان بن، چونکە فەڕەنسا پاکێجی هاوکاریکردنی هەرێمی کوردستانی بۆ پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری بە ئاوارە و پەنابەران ئامادەکردووە.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure