"گۆڕانكاری ناوچەكە لەبەرژەوەندی كورد دا نییە"

هەواڵ / ڕاپۆرت :: پێش 3 هەفتە ‌ :: 530‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، بڕیار محەمەد


چاوێری سیاسیی و مامۆستایەكی زانكۆ پێیوایە رێككەوتنی ئەمریكا و توركیا و گۆڕانكاری ناوچەكە لەبەرژەوەندی گەلی كورد نییە، هەروەها گۆڕانی هاوسەنگی هێز، گۆڕانی جیۆپۆلەتیكی گەورەی لەگەڵ خۆیدا هێناوەتە ئارا و ئەو گۆڕانە جیۆپۆلەتیكییە لە بەرژەوەندی مەسەلەی كورد لە هەموو بەشەكانی كوردستاندا نییە و خەریكە وەكو قۆناغی شەڕی سارد هەمدیس كوردستان دەكاتەوە ناوچەیەكی تامپۆنی داخراو!.

د. كامەران مەنتك چاودێری سیاسی و مامۆستای زانكۆ بە دواڕۆژی ڕاگەیاند "گۆڕانی هاوسەنگی هێز، گۆڕانی جیۆپۆلەتیكی گەورەی لەگەڵ خۆیدا هێناوەتە ئارا و ئەو گۆڕانە جیۆپۆلەتیكییە لە بەرژەوەندی مەسەلەی كورد لە هەموو بەشەكانی كوردستاندا نییە و خەریكە وەكو قۆناغی شەڕی سارد هەمدیس كوردستان دەكاتەوە ناوچەیەكی تامپۆنی داخراو!."

ڕاشیگەیاند: بۆیە دەبینین ئەوەی لە رۆژئاوای كوردستان دەگوزەرێت و ئەو رێكەوتنانەی لە نێوان توركیا - ئەمریكا دەربارەی رۆژئاوای كوردستان و كۆمەڵێك بابەتی تر پەیوەست بە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەنجامدراوە و ئەنجام دەدرێت، دەرئەنجامی ئەو پارادۆكسەیە، كە لەنێوان گۆڕانی جیۆپۆلەتیك و گەشەسەندنی رای گشتی جیهانی، وەك دەرهاویشتەی شۆڕشی گەیاندن هاتۆتە دی. 

بەوتەی ئەو مامۆستایەی زانكۆ، لە راستیدا رووی راستەقینەی سیاسەتی جیهانی لەسەر بنەمای جیۆپۆلەتیكە، ئەمریكا، روسیا، هەموو زلهێزەكان لەسەر ئەو بنەمایە هاوپەیمانیەتیەكان دەبەستن و هاوسەنگی هێزەكان دەگۆڕن، هەرچەندە هەمیشە كار بۆ ئەوە دەكەن ئەو راستییە بشارنەوەو دیزە بە دەرخۆنەی بكەن!. 

د. كامەران مەنتك دەشڵێت: "رێككەوتنی ئەمریكا و توركیاش هەر لەسەر ئەو بنەمایە و دەرهاویشتەی بە تامپۆنی بوونی پێگەی كوردستانە، بە هۆی بووژانەوەی روسیاو چین و هاوپەیمانە هەرێمایەیەتیەكانیان". 

سەرۆكی ئەمریكاش هەر لەسەر ئەو بنەمایە ویستی لەسەر حیسابی مەسەلەی كورد توركیا بۆخۆی رابكێشێت و لە روسیای دوور بخاتەوە، لەبەرئەوەی سێكوچكەی رووسی – ئێرانی – توركی، دڵی ئۆراسیای داگیركردووەو‌ خەریكە ئەمریكا تووڕ هەڵدەداتەوە ئەوبەری ئۆقیانووسی ئەتڵەسی!. (مامۆستاكەی زانكۆ وتی).

بەوتەی مەنتك، ئەوەی كێشەی بۆ سیاسەتی سەرۆكی ئەمریكا دروست كرد و دروست دەكات، كە گومانی تێدا نییە كورسییەكە لەژێر ترامپ دەردەهێنێت و رێگا نادات بۆ جارێكی تر هەڵبژێردرێتەوە، رای گشتی ئەمریكی بە پلەی یەكەم و رای گشتی جیهانیە بە شێوەیەكی گشتی، كە بینیمان دوای بڕیاری كشانەوەی ئەمریكا لە سوریا، چۆن جوڵاو لەسەر هەموو ئاستێكدا كاریگەری خۆی كرد و بە ناچاری توركیای ئەندامی ناتۆو هاوپەیمانی ئەمریكای خستە بەر چەقۆی سزاكانی ئەمریكا، كە بۆ یەكەمجارە لە قۆناغی شۆڕشی گەیاندن رای گشتی ئەمریكی و جیهانی بەرامبەر مەسەلەیەك وا یەكگرتوو بێت و بەرگری لە پڕەنسیپە ئەخلاقییەكان بكات، كە ئەو پڕەنسیپانە هەرگیز لەهەگبەی ریالیستە نوێیەكانی ئەمریكا دا نییە. 

بۆیە سەرۆكی ئەمریكا بۆ فریودانی رای گشتی ئەمریكا، لە 17\10\ 2019، رێككەوتنێكی لەگەڵ توركیا ئیمزا كرد، كە هەرچەندە بانگەشەی وەستاندنی هێرشی توركیای بۆ كرا، بەڵام نەشەڕ وەستاوەو نە ئاگربەستیش تا ئێستا سەری گرتووە، دوای تێپەڕبوونی چەند رۆژێك بەسەر ئەو رێكەوتنە بۆ وەستاندنی شەڕ، تازە كۆشكی سپی دەڵێت شەڕ بە ئاسانی ناوەستێنرێت!.

ئەو مامۆستایەی زانكۆ پێشی وایە "ئەمە وا دەكات ئەو گریمانەیە زۆر بەهێزتر بێت، كە فاكتەری سەرەكی لەو رێككەوتنەی ترامپ – ئەردۆگان رزگاركردنی توركیا بێت لە تووڕەیی رای گشتی ئەمریكی و هەنگاوە بوێرەكانی كۆنگرێس، واتە توركیای لە چوونە ناو قۆناغێكی نوێوە رزگاركرد كە فڕێ دەدرایە دەرەوەی كۆمەڵگای نێودەوڵەتی، بە تایبەتیش كۆمەڵگای رۆژئاوایی و لە رووی ئابووریشەوە زیانێكی زۆری پێدەگەیاند!. لە هەمان كاتدا دەرفەتێكیشی بۆ هێزەكانی سوریای دیموكرات خۆشكرد، بۆ ئەوەی هێزەكانی خۆیان كۆبكەنەوەو بریندارەكانیان بنێرنە دەرەوەی بەرەی شەڕ بۆ ئەوەی چارەسەری وەربگرن!. ئەگەر ئەگەری وەستاندنی ئەو شەڕە لە ئارادا بێت. هاوكات ئەو رێككەوتننامە، بێگومان ئەوەی بڵاوكرایەوە، كە رەنگ بێت ئەمە بەشێكی بچووكی بێت، هەموو ئەو شتانەی داوەتەوە ئەدرۆگان، كە لەرێگای شەڕەوە تا ئێستا نەیتوانیوە بە ئاسانی بەدەستیبێنێت!" . 

وەك ئەو مامۆستایە باسی كرد، بەكورتی كورد دەبێت بزانێت، كە گۆڕانكاریە جیۆپۆلەتیكیەكان لە قۆناغی ئێستادا لەبەرژەوەندی ئەودا نییە!، وەلێ دەتوانێت سوود لە ئامڕازەكانی شۆڕشی گەیاندن، وەكو ئەنتەرنێت و سەتەلایت و تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان و ئەنجامدانی خۆپیشاندنی جەماوەری گەورە لە كوردستان و هەموو جیهان وەربگرێت، بۆ ئەوەی لە رێگای بەهێزكردنی رای گشتی جیهانی لە بایەخی ئەو گۆڕانە جیۆپەلەتیكیانە كەم بكاتەوە، هەرچەندە ئەمە رەنگ بێت كارێكی ئاسان نەبێت و لەمێژوودا نمونەی نەبووە، وەلێ هەرچۆنێك بێت پێویستە لەو قۆناغەدا كورد یەكگرتوو بێت بۆ دروستكردنی ئەو رایەو هاوكات خۆی ئامادە بكات بۆ جەولەیەكی تری شەڕ، دوای پێنج رۆژی تر، كە رەنگ بێت هەر لە بنەڕەتدا تا ئەو كاتە شەڕەكە نەوەستێت و توركیا تەنیا وەكو تەكتیكێك رازی بووبێت بۆ رازیكردنی ئەمریكاو خۆدزینەوە لە پابەندیە نێودەوڵەتیەكانی!. نابێت ئەو راستیە فەرامۆش بكەین، كە تا ئێستا ئەو كارتانەی لەبەردەست توركیایە زۆر بەهێزترە لەو كارتانەی لەبەردەست كورد دایە، توركیا لە قۆناغی ئێستادا روسیا بە قووڵایی ستراتیژی خۆی تێدەگات و ئەمریكا بۆ ئەو، ئەو بایەخەی جارانی نەماوە، بەتایبەتیش لەسەردەمی ترامپدا، كە متمانەی ئەمریكای لەسەر ئاستی نیودەوڵەتی و جیهانی تێكشكاند، رووسەكانیش وایدەبینن، كە توركەكان ئەو هاوپەیمانەن، كە دەتوانن لە دروستكردنی ئۆراسیایەكی نوێدا هاوپەیمانیان بن و رۆڵی گەورە بگێڕن!.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure