ورده‌كاری رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌كه‌ی نێوان پۆلیسی ئیتیحادی و پۆلیسی خورماتوو

هەواڵ / کوردستان :: 20/10/2019‌ :: 281‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عیماد جه‌باری

به‌هۆی رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌كه‌ی نێوان پۆلیسی ناوخۆیی قه‌زای خورماتوو و پۆلیسی ئیتیحادی كه‌ تێیدا برینداری لێكه‌وتوه‌ته‌وه‌، ژماره‌یه‌ك كارمه‌ندی پۆلیس ده‌ستگیركراون.

حسێن عه‌لی به‌ڕێوه‌به‌ری بنكه‌ی پۆلیسی خورماتوو ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 20ی تشرینی یه‌كه‌م به‌دواڕۆژی راگه‌یاند "ئێواره‌ی دوێنێ ژماره‌یه‌ك كارمه‌ندی فه‌وجی مغاویری فیرقەی شه‌شی پۆلیسی ئیتیحادی له‌مۆڵه‌تدا بوون‌ و له‌نێو سه‌نته‌ری قه‌زاكه‌ له‌گه‌ڵ هاوڵاتییه‌كدا بووه‌ته‌ شه‌ڕیان".

وتیشی: "پۆلیسی ئاماده‌ی خورماتوو ده‌ستێوه‌ردانیان كردووه ‌و شه‌ڕه‌ تەقە‌ له‌نێوان هه‌ردوولادا دروستبووه‌، به‌هۆیه‌وه‌ دوو كارمه‌ند برینداربوون كە سه‌ر به‌هه‌ردوو هێزه‌كه‌ بوون".

به‌ڕێوه‌به‌ری پۆلیسی خورماتوو ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، هێزه‌كانیان 7 كارمه‌ندی پۆلیسی ئیتیحادییان ده‌ستگیر كردووه‌ و په‌ڕاوی لێكۆڵینه‌وه‌یش له‌رووداوه‌كه‌ كراوه‌ته‌وه‌، له‌ئێستایشدا گرژییه‌كان كۆتایی پێهێنراوه‌.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure