سەركردەیەكی یەكێتی سەبارەت بەدانانی پارێزگاری كەركوك روونكردنەوە دەدات

هەواڵ / کوردستان :: پێش 4 هەفتە ‌ :: 771‌ جار بینراوە

تاگ :: پارتی

دواڕۆژ، پشتیوان جەمال

سەركردەیەكی یەكێتی نیشتمانی كوردستان رایدەگەیەنێت "دانانی كاندیدێكی كورد بۆ پارێزگاری كەركوك بۆ كاتی هەڵبژاردنەكان زۆر گرنگە، بەڵام تائێستا پارتی هەنگاوی بۆ دانانی پارێزگاری نوێی كورد بۆ كەركوك نەداوە.


نزیكەی سێ مانگ لەمەوبەر یەكێتی و پارتی لەچوارچێوەی پڕۆسەی پێكهێنانی حكومەتی نوێی هەرێمی كوردستان، رایانگەیاند "لەسەر كاندید كردنی تەیب جەبار بۆ پۆستی پارێزگاری كەركوك رێككەوتوون، بەڵام تائێستا كۆبوونەوەی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك بۆ ئەو مەبەستە نەكراوە".

فەرید ئەسەسەرد، ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بەدواڕۆژی راگەیاند "دانانی پارێزگاری كورد بۆ پارێزگای كەركوك زۆر گرنگە، چونكە یارمەتیدەرە بۆ ئەوەی هەندێك بڕیاری خراپ كە لەدوو ساڵی رابوردوو لەكەركوك دراوە چارەسەری بكات، هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانیش بەشێوەیەكی رێكوپێك بەڕێوە بچێت و نەبێتە مایەی زیان بۆ كورد، چونكە بەكردەوە بینرا لەدوو ساڵی رابوردوودا ئەو كەسەی پۆستەكەی وەرگرتووە، توانیویەتی زۆر كار بكات كە لەبەرژەوەندی كورددا نییە".

ناوبراو وتی: "لەگەڵ پارتی لەسەر كاندیدەكە رێككەتووین، بەڵام ئەوە پێویستی بەفەرمانێكە لەسەركردایەتی پارتییەوە بۆ ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك بۆ سازكردنی كۆبوونەوە و پێشتریش رایبگەیەنن كە ئەو كۆبوونەوەیە بۆ هەڵبژاردنی پارێزگارە، بەڵام تائێستا پارتی هەنگاوی بۆ ئەو مەبەستە نەناوە".

سەبارەت بەوەی ئەگەر كۆبوونەوەی ئەنجومەن بكرێت، بەغدا بۆ دانانی پارێزگاری نوێی كورد رازی دەبێت، ئەسەسەرد روونیكردەوە "ئەوە رەزامەندی بەغدای ناوێت، بەڵكو ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك دەسەڵاتی هەڵبژاردن و لابردنی پارێزگاری هەیە، پێویستی بەمەرسومی بەغدا نییە".

دەربارەی ئەوەش ئەگەر پارتی بەشداری كۆبوونەوەی ئەنجومەن بكات، عەرەب و توركمان دەنگ بەكاندیدی كورد دەدەن بۆ پارێزگار؟ ناوبراو وتی: "مەرج نییە عەرەب و توركمان بەشداری كۆبوونەوەكەش بكەن، بەڵام گرنگ ئەوەیە رێژەیی یاسایی هەبێت بۆ ئەوەی كۆبوونەوەكە شەرعییەت وەربگرێت".



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure