ناردنی بودجەی عێراق لەبەر دوو هۆكار بۆ پەرلەمان دواكەوتووە

هەواڵ / عێراق :: پێش 4 هەفتە ‌ :: 823‌ جار بینراوە

تاگ :: بودجه‌

دواڕۆژ، پشتیوان جەمال

بەهۆی رێكنەكەوتنی حكومەتی هەرێم و حكومەتی عێراق لەسەر كێشەی دارایی نێوانیان و خۆپیشاندانەكانی عێراق، پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی داهاتووی عێراق رەوانەی پەرلەمان نەكراوە.

شیروان میرزا، پەرلەمانتاری لیژنەی دارایی و ئابووری لەپەرلەمانی عێراق ئەمڕۆ 19ی تشرینی یەكەمی 2019 بەدواڕۆژی راگەیاند "دەبوایە رۆژی 15ی ئەم مانگە پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی داهاتووی عێراق بگەیشتایەتە پەرلەمان، بەڵام بەهۆی رێكنەكەوتنی حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی عێراق و داواكاری زۆری خۆپیشاندەرانەوە كە بەشێكی پەیوەندی بەلایەنی داراییەوەیە و دەبێت لەبودجە پارەی بۆ تەرخان بكرێت، پڕۆژەكە دواكەوتووە.

میرزا ئاماژەی بەوەكرد: دەبێت حكومەتی عێراق بەو داواكارییانەی خۆپیشاندەراندا بچێتەوە و لەنێو بودجەدا جێیان بكاتەوە، بۆیە ئەگەر خۆپیشاندان دەست پێنەكاتەوە، سەرەتای مانگی داهاتوو پڕۆژەكە دێتە پەرلەمان.

ئەو پەرلەمانتارە روونیكردەوە: گفتوگۆی لیژنە لاوەكییەكانی نێوان هەرێم و بەغدا لەسەر بودجە هەیە، بەڵام تائێستا وەفدی بڕیار بەدەستی هەردوولا كۆ نەبوونەتەوە بۆ خستنەڕووی داواكارییەكان.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure