ئەندامێکی مەکتەبی سیاسی پارتی: تورکیا لە رۆژئاوا چەکی فسفۆری سپی بەکارهێناوە

هەواڵ / کوردستان :: پێش 4 هەفتە ‌ :: 915‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، هانا چۆمانی 


هۆشیار زێباری رایدەگەیەنێت "راستە هەموو خەڵک فریشتە نین، بەڵام ئەوەی لە رۆژئاوا روودەدات کارەساتە، خەڵکی باش و بێتاوان و هاووڵاتی سیڤیل دەبنە قوربانی و تورکیاش لە رۆژئاوای کوردستان چەکی فسفۆڕی بەکارهێناوە".



هۆشیار زێباری ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان، بەدواڕۆژی راگەیاند "لەهەموو دونیا وایە، کۆی خەڵک فریشتە نین، بەڵام ئێستا تورکیا چەکی فسفۆڕی سپی لە رۆئاوای کوردستان دژی هاووڵاتیانی سیڤیل و بێتاوان و خەڵکانی باش و خراپ بەکارهێناوە".

دەشڵێت: "راگرتن و بەرنامەڕێژیی بۆ ئاگربەست لەنێوان ئەمریکا و تورکیا بۆ وەستانی شەڕ لەچەند رۆژی رابوردوو زۆرباش بوو، بەڵام ئێستا کێ چاودێری و ئاگاداری دۆخەکە و دوپاتی ئاگربەستەکە دەکات لە باکوری سوریا، ئەوە گرنگە کە پرسیارێکە دەبێت وەڵام بدرێتەوە".

بەپێی هەواڵی چەند میدیایەك، لەوانە رۆژنامەی تایمزی بریتانی، سوپای تورکیا بە چەکی نائاسایی و قەدەغە کراو بۆردوومانی سەرێكانی كردووە، ئەوەش بڵاوبۆتەوە، توركیا فسفۆری سپی لە هێرشەکانی بۆ سەر باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بەکارهێناوە.

بەگوێرەی میدیا ناوخۆیی و جیهانییەکان، ئەو چەکەی تورکیا لەسەرێکانی بەکاری هێناوە فسفۆری سپیە و لەساڵی 1980 لەلایەن نەتەوەیەکگرتووەکانەوە بەفەرمی قەدەغەکراوە.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure