سەدر بەیاننامەیەكی چاوەڕواننەكراو بڵاو دەكاتەوە

هەواڵ / کوردستان :: پێش 4 هەفتە ‌ :: 1338‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، به‌غدا


موقته‌دا سه‌در له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا ئه‌مشه‌و بڵاویكرده‌وه‌، ده‌ڵێت ئێوه‌ كه‌ خۆتان یه‌كلایی كردۆته‌وه‌ كه‌ 25ی ئه‌م مانگه‌ خۆپیشاندان بكه‌ن، ئه‌وه‌ مافی ره‌وای خۆتانه‌، به‌ڵام من ده‌مەوێت چه‌ند شتێكی پشت‌ په‌رده‌تان پێبڵێم، هه‌موو سیاسییه‌كان و به‌رپرسه‌ حكومییه‌كان له‌ هه‌لومه‌رجی تر و هستریادا ده‌ژین.

جه‌ختیش ده‌كاته‌وه‌، به‌ڵام ئه‌وان هه‌رگیز و هه‌رگیز نه‌یانتوانیوه‌، چونكه‌ تازه‌ كاته‌كه‌ به‌سه‌رچووه‌، هه‌موویان ده‌یانه‌وێت هه‌ندێك شتی هه‌ڵخه‌ڵه‌تێنه‌ر بخه‌نه‌ڕوو بۆئه‌وه‌ی بێده‌نگتان بكه‌ن، وه‌ك دامه‌زراندن و موچه‌ و هه‌ندێك شتی تر، هه‌موویان خۆیان ئاماده‌كردووه‌ بۆ خراپترین سیناریۆ، هه‌موویان كۆبوونه‌ته‌وه‌ بۆ دۆزینه‌وه‌ی چاره‌سه‌ر، به‌ڵام چاره‌سه‌ر نییه‌، چونكه‌ حكومه‌ت به‌تەواوی بێتوانایه‌ له‌ چاكسازیكردنی ئه‌وه‌ی خۆی گه‌یاندوویه‌تی.

سه‌در ئاشكراشیی ده‌كات، هه‌موو ئه‌وانه‌ خۆیان راده‌ستی ئه‌وانه‌كردووه‌ كه‌له‌ ده‌ره‌وه‌ی سنوورن، ئه‌وانه‌ ناتوانن هیچ بڕیارێك ده‌ركه‌ن به‌بێ ره‌زامه‌ندی ئه‌وان، هه‌موولایه‌ك به‌پێی رێنماییه‌كانییه‌تی، هه‌موویان گه‌یشتونه‌ته‌ ئه‌و باوه‌ڕه‌ی عێراق بووه‌ته‌ گۆڕه‌پانێك بۆ یه‌كلایكردنه‌وه‌ی حساباتی ناوخۆیی و ده‌ره‌كی، هه‌موویان تیگه‌یشتوون كه‌ جه‌ماوه‌ر ئه‌وانی ناوێت، به‌تایبه‌ت دوای ئه‌وه‌ی شۆڕشی كفنی سپی ره‌ونه‌قێكی نوێی پیشاندا، بۆیه‌ په‌ناده‌به‌نه‌ به‌ر فێڵ و چاووڕاوكردن، بۆیه‌ به‌ ساواو كاڵفام ناوزه‌دتان ده‌كه‌ن، به‌ڵام خۆیان كاڵفامن، به‌ڵام به‌خۆیان نازانن، ئه‌وان ئێوه‌ به‌ده‌ست و به‌كرێگیراو ناوزه‌د ده‌كه‌ن، ئه‌وان هه‌موو په‌ناگه‌یان له‌ ده‌ره‌وه‌ی وڵاته‌، ئه‌وان ئێوه‌ به‌ به‌عسی و ناپاكی له‌قه‌ڵه‌م ده‌ده‌ن، به‌ڵام ئێمه‌ و ئێوه‌ به‌یه‌كه‌وه‌ ده‌ڵێین نه‌خێر نه‌خێر ئه‌ی به‌عسی، نه‌خێر نه‌خێر ئه‌مریكا.

سه‌در له‌ به‌شێكی تری به‌یاننامه‌یه‌كدا ده‌ڵێت، ئێوه‌ شۆڕشێكی ترتان به‌ده‌سته‌وه‌یە له‌ڕێگه‌ی سندوقه‌كانی ده‌نگدانه‌وه‌، به‌ده‌ستی نێوده‌وڵه‌تی ده‌ستپاك و به‌بێ به‌شداریكردنی ئه‌م سیاسییانه‌ی ئێستا، رێگرییان لێبكه‌ن تا جارێكی تر به‌ گه‌نده‌ڵی و دۆڕانه‌وه‌ نه‌گه‌ڕێنه‌وه‌.

ده‌شڵێت، ئه‌گه‌ر گه‌نده‌ڵی ئه‌مانه‌ نه‌بوایه داعش نه‌ده‌بوو، نه‌شده‌گه‌ڕایه‌وه‌، به‌عسیش رۆیشتبووه‌ ناو زبڵدانی مێژووه‌وه‌.

سه‌در رایده‌گه‌یه‌نێت: ئه‌ی گه‌لی عێراق، ئه‌وه‌ ئاینده‌ی ئێوه‌یه‌ بڕیار لای خۆتانه‌، ئه‌ی سوپای عێراق ئه‌وه‌ گه‌لی خۆتانه‌ ئه‌وان نه‌داعشن و نه‌ داگیركه‌رن، وریابن رووی چه‌كه‌كانتان له‌ خه‌ڵك و براكانتان مه‌كه‌ن، وریابن به‌ندیخانه‌كان به‌ برا و خوشكانی خۆتان پڕمه‌كه‌ن، به‌ڵكو به‌ندیخانه‌كان بۆ گه‌نده‌ڵكاران و تیرۆره‌، وریابن شۆڕگێڕ دادگایی مه‌كه‌ن و گه‌نده‌ڵ و سته‌مكار لێگه‌ڕێن.

سه‌در بانگی وڵاتانی دراوسێش ده‌كات و ده‌ڵێت، لێگه‌ڕێن خه‌ڵكی عێراق خۆی بڕیاری چاره‌نوسی خۆی بدات، ئه‌گه‌ر گه‌ل بڕیاریدا، پێویسته‌ هه‌موولایه‌ك گوێڕایه‌ڵ بێت.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure