ژنی سه‌ربازێكی ئه‌مریكی نامه‌یه‌كی كراوه‌ بۆ كورد ده‌نووسێت

هەواڵ / کوردستان :: پێش 4 هەفتە ‌ :: 1439‌ جار بینراوە
وێنەی ئەو بێژەرەی هەواڵەکە دەخوێنێتەوە

دواڕۆژ

ژنی سه‌ربازێكی ئه‌مریكی كه‌ ئێستاش له‌ خزمه‌تی سه‌ربازییدا به‌شداره‌، نامه‌یه‌كی كراوه‌ ئاڕاسته‌ی پێشمه‌رگه‌ و شه‌ڕڤانانی كورد ده‌كات.

به‌هۆی ئه‌وه‌ی هاوسه‌ری ئه‌م ژنه‌ له‌كاتی شه‌ڕی عێراقه‌وه‌ له‌ ساڵی 2003وه‌ له‌ ناوچه‌كه‌دا به‌شداره‌، ژنه‌كه‌ كورد ده‌ناسێت. 

ئه‌و ژنه‌ نه‌یده‌یزانی كه‌ هاوسه‌ره‌كه‌ی و تیمی كرده‌ تایبه‌ته‌كان تووشی چی ده‌بن كاتێك ده‌گه‌نه‌ عێراق و نه‌یده‌زانی ئایا چه‌ندیان پێ ده‌چێت و ئایا هاوسه‌ره‌كه‌ی ده‌مێنێت یان نا. 

ئه‌و ده‌ڵێت: "له‌و جه‌نگه‌دا كاتێك هاوسه‌ره‌كه‌ی گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ و ژنه‌كه‌ لێی پرسیوه‌ چۆن پارێزران و سه‌ركه‌وتن؟ هاوسه‌ره‌ سه‌ربازه‌كه‌ی وه‌ڵامی داوه‌ته‌وه‌: یارمه‌تییان داین، ئێمه‌ كوردمان له‌گه‌ڵ بوو".

سه‌ربازه‌كه‌ باسی ئه‌وه‌ی بۆ كردووه‌ كه‌ چۆن كورده‌كانی "باكوری عێراق" پشتیوانیی هێزه‌كانی ئه‌مریكایان كردووه‌ و له‌گه‌ڵیاندا بوون، راوێژیان داونه‌تێ و شانبه‌شانی ئه‌وان جه‌نگاون و بوونه‌ته‌ هاوپه‌یمان و هاوڕێیان. 

له‌به‌رامبه‌ر ئه‌م هاوكارییانه‌دا، ئه‌و ژنه‌ ده‌ڵێت "هه‌تا له‌ ژیاندا بم سوپاسی كورد ده‌كه‌م، له‌و رۆژه‌وه‌ وشه‌ی "كورد" به‌لای ئه‌و خێزانه‌وه‌ بووه‌ته‌ هاو واتای (هاوپه‌یمان) و (هاوڕێیه‌تی)".


ئه‌و ژنه‌ ده‌ڵێت: "له‌ ماڵه‌كه‌یدا وێنه‌ی هاوسه‌ره‌ سه‌ربازه‌كه‌ی و هاوڕێ كورده‌كانی هه‌یه، هه‌روه‌ها كوپێكی قاوه‌ خواردنه‌وه‌ی هه‌یه‌ كه‌ وێنه‌ی ژنه‌ شه‌ڕڤانێكی له‌سه‌رە بۆ ئه‌وه‌ی به‌رده‌وام كوردی له‌بیر بمێنێت". 

مناڵه‌كانی به‌ جلوبه‌رگی تیپی كوردستانه‌وه‌ یاری تۆپی پێ ده‌كه‌ن، بەوتەی ئه‌و ژنه‌ "گه‌لی كورد گه‌لێكی بێ ناو و نه‌ناسراو نییه‌ له‌ جیهاندا، به‌ڵكو له‌ ماڵه‌كه‌ی ئه‌واندا كورد جێگه‌ی رێز و شكۆمه‌ندییه"‌. 

ئه‌و دەشڵێت: "من ده‌مه‌وێت بزانن كه‌ چه‌ند سوپاسگوزارم به‌رامبه‌ر به‌ ئێوه‌، سوپاستان ده‌كه‌م له‌به‌رئه‌وه‌ی دوای ساڵانێكی زۆر جه‌نگ هاوسه‌ره‌كه‌م گه‌ڕاوه‌تەوە‌ و من ده‌زانم كه‌ ئه‌وه‌ به‌هۆی ئێوه‌وه‌ بووه‌ كه‌ پارێزراو بووه"‌.

پاشان ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات كه‌ ئێستا ئه‌و دیمه‌نه‌ ترسناكانه‌ ده‌بینێت و ده‌زانێت كه‌ به‌ڵێنه‌كان شكێنراون، ده‌ستكه‌وته‌كان له‌ناو براون و ساڵانێكی زۆر له‌ قوربانیدانی بێوێنه‌ له‌ تویتێكدا فه‌رامۆش كراون و ده‌بینم هاوپه‌یمانان خیانه‌تیان له‌ روخساره‌كانی ناو وێنه‌كانی من كردووه‌. 

ژنه‌كه‌ ده‌ڵێت: "كاتێك مناڵه‌كانم وێنه‌كان ده‌بینن به‌ سه‌رسوڕمانه‌وه‌ لێم ده‌پرسن، ئایا ئه‌وانه‌ هاوڕێی ئێمه‌ن؟ من ده‌ڵێم به‌ڵێ، به‌ڵام سه‌رسوڕمان له‌ روخساریاندا ده‌بینم".

ژنی سه‌ربازه‌كه‌ ده‌ڵێت: "من ده‌زانم خێزانه‌كانتان به‌ چ بارودۆخ و ترسێكدا تێپه‌ڕ ده‌بن، ئێوه‌ له‌ ماوه‌ی حه‌ڤده‌ ساڵی رابوردوودا یارمه‌تیی ئێمه‌تان داوه‌ هێرش نه‌كرێته‌ سه‌ر خاكی ئێمه‌ و ئێستا ده‌زانم ئه‌و هه‌وڵانه‌تان ئێستا بووه‌ به هۆی مه‌ترسی له‌سه‌ر خۆتان ئه‌وه‌ش ناڕه‌حه‌تم ده‌كات".

له‌ كۆتاییدا ئه‌و ژنه‌ ده‌ڵێت: "من ئه‌مڕۆ له‌بری خێزانه‌كه‌م نامه‌تان بۆ ده‌نووسم بۆ ئه‌وه‌ی بڵێم سوپاس بۆ هه‌موو ئه‌و شتانه‌ی بۆتان كردووین، سوپاس بۆ هاوڕێیه‌تیتان و بۆ به‌سه‌ربردنی به‌ڵێنه‌كانتان و بۆ شه‌ڕكردنتان شانبه‌شانی ئێمه‌ و بۆ ئه‌وه‌ی كه‌ ساڵ له‌دوای ساڵ له‌گه‌ڵمان مانه‌وه‌". 

ژنە ئەمریكییەكە لەدرێژەی نامەكەیدا نووسیوێتی: "سوپاس كه‌ هاوسه‌ره‌كه‌ی منتان پاراست و توانی بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ لای من و مناڵه‌كانم، له‌ ناخه‌وه‌ نزاتان بۆ ده‌كه‌م كه‌ ئێوه‌ش به‌وجۆره‌ بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ لای خێزانه‌كانتان، سوپاس بۆ خێزانه‌كانتان كه‌ به‌بێ ئێوه‌ قوربانی ده‌ده‌ن بۆ ئه‌وه‌ی ئێوه‌ بتوانن ئه‌م هاوبه‌شییه‌ ئه‌نجام بده‌ن، نزا ده‌كه‌م بگه‌ڕێینه‌وه‌ بۆ لای ئێوه‌ و پشتیوانیتان بكه‌ین و هه‌موو ئه‌و هه‌وڵانه‌تان به‌ فیڕۆ نه‌چێت."



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure