ناوچەیەكی فراونی سنووری خانەقین بە كورد چۆڵ كرا

هەواڵ / کوردستان :: پێش 4 هەفتە ‌ :: 2652‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، سیروان حەسەن 

بەهۆی پەلامارو هێرشی چەكدارانی داعشەوە بۆ سەر ناوچەكەیان، چەندین خێزانی كورد لە سنووری خانەقین ناچار بوون گوندەكەیان چۆڵ بكەن.

 
عەدنان حەمید دانیشتووی گوندەكە بە دواڕۆژی راگەیاند "وەكو دانیشتوانی گوندی رەمەزان كاكەیی لە سنووری خانەقین بە ناچاری و بە تەواوەتی گوندەكەیان چۆڵكردووە و دانیشتوانەكەی روویان لە ناوچەكانی خانەقین و كەلار كردووە".

وتیشی: "پێشتر لەبەر خراپیی بارودۆخی ئەمنی چەند خێزانێكیان ناوچەكەیان جێهێشت، بەڵام لەبەرئەوەی لە هەفتەی رابوردوو چوار جار هێرشیان كراوەتە سەر و پەلاماردراون، بە چەكی هاوەن بۆردومان كراون، بۆیە هەمووان بڕیاریاندا گوندەكەیان چۆڵبكەن".

وتیشی: "چەكدارەكانی داعش بە شەو هێرش دەكەن و دواتر كە هێزە ئەمنییەكان دەگەنە گوندەكە، ئەوان هەڵدێن و ئەو هێرش و پەلامارانەش بە تەواوەتی خەڵكی نیگەران بێزاركردبوو".

لە ماوەی هەفتەی رابوردوودا بەهۆی هێرش و بۆردومانی چەكدارانی داعشەوە، لە گوندی رەمەزان كاكەیی سێ چەكداری حەشد كوژران و برینداربوون و زیانی مادی زۆریش بەر گوندەكە كەوتووە.

لای خۆشیەوە دیار شەكەوت بەڕێوەبەری پۆلیسی خانەقین بە دواڕۆژی راگەیاند "گوندی رەمەزان كاكەیی لە نزیك خانەقین بەهۆی خراپیی رەوشی ئەمنییەوە گوندەكەیان جێهێشتووە".
وتیشی: "ئەو ناوچانە دەكەونە سنووری هێزە ئەمنییەكان لە سوپا و پۆلیسی فیدراڵی و حەشدی شەعبییەوە".

هەرچەندە لە ماوەی رابوردوودا بەرپرسێكی حەشدی شەعبی بەڵێنیدا گوندەكە بپارێزن و هاوشانی دانیشتوانەكەی لە سنوورەكە دەبن، بەڵام بەهۆی دووبارە بوونەوەی پەلاماری چەكدارانی داعش خەڵكی ناوچەكە ناچاربوون گوندەكەیان چۆڵبكەن.



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure