سەرمایەداری چییە؟

هەواڵ / ڕاپۆرت :: 19/10/2019‌ :: 300‌ جار بینراوە

تاگ :: ئابوری

دواڕۆژ

سەرمایەداری لە بنەڕەتدا بریتییە لە زنجیرەیەك بازاڕ. بۆ نموونە بازاڕێك بۆ شەربەتی لیمۆ، بازاڕِێك بۆ لیمۆ، بازاڕێك بۆ ئەو ئوتومبیلانەی لیمۆكە دەگوێزنەوە، بازاڕێك بۆ دابینكردنی سووتەمەنی بۆ ئەو ئوتومبیلانە، و چەند بازاڕێكی فرۆشیاری تەختە بۆ دروستكردنی شوێنی تایبەت بە فرۆشتنی شەربەتی لیمۆ، بەڵام سەرمایەداری وەكو دەزانین زاراوەیەكە كە هەندێك كەس ستایشی دەكەن و هەندێكی دیكەش نەفرەتی لێدەكەن.

باشتر وایە ئێمە سەرمایەداریی وەكو ئایدۆلۆجیایەك نەبینین، بەڵكو وەكو سیستمێكی دامەزراندن و بەگەڕخستن تەماشای بكەین. بۆ نموونە ئەو مۆبایلی ئایفۆنەی كە پێتە. ئامێرێكە بەشە رەقەكان تێكەڵی پڕۆگرامەكان دەكات. هاردوێرەكان بە ئەپلیكەیشنەكان. هەموو هاردویرەكان بریتین لەو شتانەی كە لە دەوروبەری خۆتدا هەن، ئەپلیكەیشنەكانیش چالاكییە بازرگانییە دەستپێشخەركراوەكانن، واتە وزەی داهێنانن. لەنێوان ئەم دووانەدا سیستمێكی كارپێكردن هەیە. هەروەها وەك چۆن تازەگەریی لەسەر ئاستی هاردویرەكان دێتە ئاراوە، لەسەر ئاستی ئەپلیكەیشن و پڕۆگرامەكانیش دروست دەبێت. 

ئەركی سەرشانی سیستمی كارپێكردن ئەوەیە شانبەشانی هەموو ئەو تازەگەرێتی و گۆڕانكارییانە بڕوات. پێویستە چاك بكرێت و نوێ‌ بكرێتەوە و شێوازی تازەی دروست بكرێت. هەمووشی ئەمانە پێویستە هاوكات و هاوئاهەنگ بن. سیستمی بەگەڕخستن پێویستە لەگەڵ گەشەكردن و دۆزینەوەكاندا بڕوات بۆ ئەوەی بتوانێت لە داهێنانەكان دوانەكەوێت.

لەبەر ئەوە بەشێوەیەكی گشتی كاتێك كە سەرمایەداریی وەك سیستمێكی خستنەكار دەبینیت ئەوا هەموو رەنگ و روویەكی ئایدۆلۆجی لێ‌ دوردەخرێتەوە. واتە بەوجۆرە نییە كە لایەنگرە تەقلیدییەكانی سەرمایەداریی تێی گەیشتوون. ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ دەستووری ویلایەتە یەكگرتووەكان دەبینین دامەزرێنەران پێش ئەوەی هەمواركردنەوەی یەكەم دابڕێژن كە پەیوەستە بە ئازادی راگەیاندن و ئازاد ئایین و ئازادی رۆژنامەگەری، بیریان لە ئەستۆپاكی داهێنان و مافی پەخشكردن كردووەتەوە.

باسیان لە رۆڵی حكومەت كردووە لە یارمەتیدانی هونەر و زانستەكان بۆ ئەوەی بەهێز و تۆكمە بن. بۆیە من ناتوانم سبەینێ‌ شتێكی هاوشێوەی گوگڵ بخەمە بازاڕەوە و ناوی بنێم گاگڵ. ئەم خاوەندارێتیانە وردە وردە گەشەیان كرد و لە سەرەتای سەدەی بیستەمدا چەندین جۆری دیكەی خاوەندارێتی دەركەوتن.

بۆ نموونە تۆ ئەگەر 100 دۆنم زەویت لە دەشتێكدا هەبێت بە ئاسانی دەتوانیت بزانیت سنووری موڵكەكەت لە كوێ‌ كۆتایی دێت و موڵكی دراوسێكەت لە كوێدا دەستپێدەكات. ئەمە لە كۆنیشەوە هەر وابووە. بەڵام لە كۆندا باسی ئەوە نەكراوە مرۆڤ بۆی هەیە هەتا چەند ئاسمان بكات بە موڵكی خۆی. ئەمە كاتێك بوو بە مەسەلەیەكی جددی، كە مرۆڤ فڕۆكە و باڵۆنی داهێنا. ئیتر ئەوە بوو بە مەسەلەیەكی گرنگ كە تا بەرزی چەند مەتر موڵكی تۆیە و لە چ بەرزییەكەوە ئیتر موڵكی تۆ نییە.

ئێستا كە كۆمپانیای ئەمازۆن كاڵایەكت لەڕێ‌ی گوێزەرەوەیەكی ئەلیكترۆنییەوە بۆ دەگەیەنێتە ماڵەوە، ئەو پرسیارە زۆر گرنگ دەبێت تا بەرزایی چەند مەتر موڵكی تۆیە و ئامێرەكە دەتوانێت بە چ بەرزاییەك بفڕێت كە لە سنووری خاوەندارێتی تۆ دەرنەچێت. ئەمە هیچ پەیوەندییەكی بە ئایدۆلۆجیاوە نییە چونكە سیستمی بەگەڕخستنە.

بەهەمان شێوەش كاتێك كە ئوتومبیل دروست كرا، كۆمەڵێك پێداویستی سەریان هەڵدا سەبارەت بە چۆنێتی پاراستنی بەكارهێنەران. لەگەڵ زیادبوونی ژمارەی ئوتومبیلدا دەركەوت كە ئوتومبیل هەڕەشە بۆسەر مرۆڤ و ئاژەڵ و عەرەبانە و ئوتومبیلەكانی تر دروست دەكات. كەواتە پێویستە شۆفێری ئوتومبیل مۆڵەتی لێخوڕینی هەبێت، پشكنینی چاو بكات، ئوتومبیلەكان تۆمار بكرێن، خێراییەكان سنووردار بكرێن، یاسا بۆ رێگاكان دابنرێن بۆ ئەوەی هەمووان بتوانن لەگەڵ ئوتومبیلدا هەڵبكەن.

لەسەر هەمان رێچكە دەبێت بزانین كە كاتێك ئوتومبیلی بێ‌ شۆفێر دێتە ئاراوە ناچارین كۆمەڵێك یاسا و رێسای دیكە دابڕێژین تا ئەمجۆرە ئوتومبیلانە بتوانن لەگەڵ ئوتومبیلی ئاسایی ئێستادا هەڵبكەن.

ئەمە بۆچی گرنگە؟ چونكە لە ماوەی 10 ساڵی داهاتوودا بابەتێكی وا دێتە ئاراوە كە لە فڕۆكە و ئوتومبیلە بێ‌ شۆفێرەكان گرنگترە. گرنگترین و گەورەترین ئابووریی جیهان وڵاتێك دەبێت كە كۆمۆنیستەكان بەڕێوەی دەبەن. خەڵكی چین سەلماندوویانە كە زۆر زۆر شارەزان لە سەرمایەداریدا. ئەمە كۆمەڵێك كێشەی بنەڕەتیی و قەیرانی ناسنامە بۆ ویلایەتە یەكگرتووەكان دروست دەكات. چونكە ماوەیەكی دوورودرێژ بازاڕە ئازادەكان لەگەڵیاندا ئازادی رادەربڕین و رۆژنامەگەریی و ئازادی ئایین هەبووە. لەپڕ ئەم هاوكێشەیە هەڵدەوەشێتەوە. كاتێكیش كە هەڵدەوەشێتەوە بۆمان دەردەكەوێت كە دیموكراسی و فرەیی لەڕاستیدا دەبنە رێگر لەبەردەم سەرمایەداریدا. چونكە دەوڵەت خۆی هەرگیز بە بەرپرسی ئەوە نازانێت كە یاسا و رێسای پێویست دەربكات بۆ ئەو جۆرە فڕۆكە و ئوتومبیلانە و بۆ هیچ داهێنانێكی نوێ‌. بەتایبەت ئەگەر هەست بكەن كە دەتوانن پێشی كۆمەڵگاكانی خۆرئاوا بدەنەوە.

كەواتە زۆر گرنگە ئێمە وا لە سەرمایەداریی تێبگەین كە سیستمێكی بەكارخستنە نەك ئایدۆلۆجی. ئەگەر ئایدۆلۆجی بێت ئەوا سیستمێكی سیاسی باش دەتوانێت سیاسەتی زۆر خراپ بەرهەم بهێنێت. دەستكەوتە ئابوورییەكان و ململانێ‌ دیموكراسییەكان دەتوانن ببنە رێگر لەبەردەمی پێشكەوتندا.

ئێستا كاتی ئەوە هاتووە ئایدۆلۆجیا لە ئابووریی جیابكەینەوە و هەوڵ بدەین لەڕێی باشكردنی سیاسەتەوە بەرژەوەندی گشتی بپارێزین.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure