بچوكترین دیزاینه‌ری عێراق چیرۆكی سه‌ركه‌وتنی ده‌گێڕێته‌وه‌

هەواڵ / چاوپێکەوتن :: پێش 4 هەفتە ‌ :: 328‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، تابان ره‌زا

ئه‌گه‌ر هیوا و خولیایه‌كتان بۆ كارێك هه‌یه‌ ئه‌نجامی بده‌ن، به‌ڵام هه‌وڵبده‌ن  له‌ته‌مه‌نی  منداڵی یان  گه‌نجیدا بیكه‌ن، چونكه‌ ئه‌گه‌ر ته‌مه‌نێكی كه‌مت هه‌بێت ده‌توانی زۆر شت بكه‌یت و كاتی زیاتر و بیرۆكه‌ی باشترت بۆ دێت تا چاوه‌ڕێی گه‌وره‌بوون بكه‌یت، هه‌روه‌ها باوه‌ڕ به‌خۆبوونیش وات لێده‌كات  باشتر و باشتر  ئه‌نجام به‌ده‌یت. ئه‌مه‌ پێشنیاری  ریڤانه‌ كه‌ بچوكترین دیزاینه‌ری جلوبه‌رگه‌ بۆ خانمان. 


ریڤان گرنگ، ته‌نیا ته‌مه‌نی 12 ساڵه‌ و قوتابی پۆلی حه‌وتی بنه‌ڕه‌تییه‌ و  دیزاینه‌ری جلوبه‌رگه‌،  له‌ئێستادا نازناوی بچوكترین دیزاینه‌ری عێراقی پێ به‌خشراوه‌.  

چۆن ئاره‌زووی بوون به‌دیزاینه‌ر لای ریڤان دروست بوو؟
 
ریڤان له‌باره‌ی حه‌ز و خولیای بۆدیزاین به‌ دواڕۆژ ده‌ڵێت: "له‌منداڵیه‌وه‌ ئاره‌زووی وێنه‌كێشان و تێكه‌ڵكردنی ره‌نگه‌كانم بووه‌، له‌ته‌مه‌نی 5 ساڵیدا كاتێك وێنه‌یه‌كی دایك و باوكم كێشاوه‌  دایكم زانیویه‌تی  كه‌ به‌هره‌ی وێنه‌كێشانم هه‌یه‌، هه‌ر ئه‌وكاته‌ دایكم پێی وتم تۆ ده‌بیته‌ دیزاینه‌ر، له‌به‌رئه‌وه‌ى وێنه‌كێشان زۆر نزیكه‌ له‌ دیزاینه‌وه‌، بۆیه‌ زۆر ئاسان بوو بێمه‌ ناو كاری دیزاینه‌وه‌".
  
ئه‌وه‌شی وت: "سه‌ره‌تا دیزاینه‌كان له‌سه‌ر كاغه‌ز ده‌كێشم پاشان له‌سه‌ر جلوبه‌رگه‌كان جێبه‌جێیان ده‌كه‌م بۆ ئه‌وه‌ی  یه‌كه‌مجار دیزاینه‌كه‌ بزانم و  ئه‌گه‌ر هه‌ر هه‌ڵه‌یه‌كیش بكه‌م له‌سه‌ر كاغه‌ز ئاسانه‌، به‌ڵام له‌سه‌ر قوماشه‌كه‌ ئاسان نیه‌ چاكی بكه‌یت".

ئه‌و جۆره‌ جلوبه‌رگه‌ی ریڤان دیزاینی ده‌كات چییه‌؟

ریڤان بۆ دواڕۆژ ئاماژه‌ به‌وه‌ده‌كات: زیاتر دیزاینی عه‌زی بۆنه‌ و ئاهه‌نگه‌كان بۆ منداڵ  ده‌كه‌م، چونكه‌ خۆم منداڵم، دیزاینی عه‌زی بۆ دایك و منداڵ كه‌ له‌یه‌ك بچێت ده‌یكه‌م، هه‌روه‌ها كاتێك زانیم له‌بازاڕدا عه‌زی منداڵ به‌و جۆره‌ی خۆیان ده‌یانه‌وێت كه‌م بوو، بۆیه‌  ویستم  به‌چه‌ندین مۆدێلی جوان عه‌زی بۆ منداڵان بكه‌م و خزمه‌تێكی بچوكیان بكه‌م. 

ئه‌وه‌شی وت: "ئه‌و دیزاینه‌ى كه‌ ده‌مه‌وێت پێی بناسرێم ئه‌ویش (له‌نده‌ن درێس)ە كه‌ دیزاینكردنی سه‌ڵته‌یه‌ كه‌ ئه‌م سه‌ڵته‌یه‌ ده‌توانرێت له‌گه‌ڵ جلی كوردیدا هه‌روه‌ها له‌گه‌ڵ عه‌زیشدا  بۆ چوونه‌ ده‌ره‌وه‌ی ئاسایی  به‌كاربهێنرێت".
 
بچوكترین دیزاینه‌ر له‌عێراق پرۆژه‌ی داهاتوی چی ده‌بێت؟  

 ریڤان  به‌خۆشحاڵیه‌وه‌ بۆ دواڕۆژ باس له‌وه‌كات: كه‌ له‌به‌رئه‌وه‌ى ته‌مه‌نم 12 ساڵه‌ نازناوی بچوكترین دیزاینه‌ر له‌عێراقدا له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی رۆشنبیری هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ پێ به‌خشراوه‌ له‌ چوارچێوه‌ی عێراقیشدا په‌سه‌ندیان كردووه‌، له‌ئێستادا وه‌ك بچوكترین دیزاینه‌ر  له‌عێراق   بانگهێشتی كه‌ناڵی MBC عەره‌بیه‌ بۆ به‌رنامه‌ی به‌یانی باش كراوم.

وتیشی: "بڕیاره‌ هاوینی داهاتو ئیڤێنتێك له‌شاری قاهیره‌ی پایته‌ختی میسر ئه‌نجام بدەم كه‌ تیایدا دیزاینی جلوبه‌رگی كوردی نمایش بكەم".

پێشنیاری ریڤان بۆ هه‌وڵدان  و كۆڵنه‌دانی كچان بۆ ناو دونیای كاركردن چییه‌؟

ریڤان ئه‌گه‌رچی منداڵه‌ له‌ڕێگه‌ی دواڕۆژه‌وه‌ په‌یامی خۆی بۆ كچان ده‌نێرێت و ده‌ڵێت: "هه‌رچی هیوایه‌ك و خولیایه‌كتان  بۆ هه‌ر شتێك هه‌یه‌ ئه‌نجامی بده‌ن، به‌ڵام هه‌وڵبده‌ن  له‌ته‌مه‌نی  منداڵی یان  گه‌نجیدا بیكه‌ن زۆرباشه‌، چونكه‌  شته‌كان  باشتر فێرده‌بن و  هه‌نگاوی زیاتر به‌ره‌و پێشه‌وه‌ ده‌نێن، چونكه‌ ئه‌گه‌ر ته‌مه‌نێكی كه‌مت هه‌بێت ده‌توانی زۆر شت بكه‌یت و  كاتی زیاتر و بیرۆكه‌ی باشترت بۆ دێت تا چاوه‌ڕێی گه‌وره‌ بوون بكه‌یت، هه‌روه‌ها باوه‌ڕ به‌خۆبوون وات لێده‌كات  باشتر و باشتر ئه‌نجام بده‌یت و باشتر پێشكه‌ش بكه‌یت".

ته‌مه‌نێكی كه‌م و سه‌ركه‌وتنێكی باش، ئه‌مه‌ بۆ چی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌؟ 

ریڤان ئه‌وه‌شی به‌دوارۆژ وت: "ئه‌و هێزه‌ گه‌وره‌یەی بووه‌ هۆی سه‌ركه‌وتنم له‌بوون به‌دیزاینه‌ر  هاوكاری  و پشتگیری ته‌واوى خێزانه‌كه‌م به‌تایبه‌ت دایكم بووه‌، هه‌روه‌ها مامۆستا و قوتابخانه‌كه‌م بووه‌".

پ: چ.ع



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

بەپەلە