عێراق گۆڕانكارى به‌سه‌ر یاساى خانه‌نشینیدا ده‌هێنێت

هەواڵ / عێراق :: 19/10/2019‌ :: 3628‌ جار بینراوە

تاگ :: عێراق

دواڕۆژ، به‌غدا

ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانى عێراق كار له‌سه‌ر هه‌مواركردنى یاساى خانه‌نشینى یه‌كگرتوو ده‌كات و یه‌كێك له‌ بڕگه‌كانیشى كه‌مكردنه‌وه‌ى ته‌مه‌نى یاسایى خانه‌نشین بوونه‌ بۆ 60 ساڵ.


وه‌ك وه‌ڵامدانه‌وه‌یه‌ك بۆ داخوازى خۆپیشانده‌ران، ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانى عێراق چه‌ندین پاكێجى چاكسازى خسته‌ڕوو، له‌ دواینیشیاندا كه‌ ده‌بێته‌ سێیه‌مین پاكێجى چاكسازى، دیارترین خاڵه‌كانى بریتیه‌ له‌ ره‌خساندنى ده‌رفه‌تى كار بۆ گه‌نجان و هه‌مواركردنى یاساى خانه‌نشینى یه‌كگرتوو.

به‌پێى فه‌رمانێكى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانى عێراق، كه‌ ژماره‌ (364)ى له‌سه‌ره‌ و له‌ كۆبوونه‌وه‌ى رۆژى (2019/10/15) بڕیارى له‌سه‌ردراوه‌، وه‌زاره‌تى كاره‌با و پیشه‌سازى عێراق، ئه‌ركى راهێنانى گه‌نجان ده‌گرنه‌ئه‌ستۆ، له‌ماوه‌ى ئه‌و مه‌شق و راهێنانه‌شدا هه‌ر گه‌نجێك 150 هه‌زار دینار مانگانه‌ى پێده‌درێت، تا سێ مانگى راهێنانه‌كه‌ ته‌واو ده‌كات، دواتریش هه‌ر كۆمه‌ڵه‌ گه‌نجێك كه‌ له‌ سێ گه‌نج پێكدێن پارچه‌یه‌ك زه‌وییان پێده‌درێت، به‌مه‌به‌ستى دروستكردنى شوێنكارێك بۆ خۆیان.

ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران له‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌دا بڕیاریشیداوه‌: وه‌زاره‌تى دارایى و ده‌سته‌ى خانه‌نشینى گشتى و ئه‌میندارێتى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران، پڕۆژه‌یاسایه‌ك ئاماده‌بكه‌ن بۆ هه‌مواركردنه‌وه‌ى یاساى خانه‌نشینى یه‌كگرتووى عێراق ژماره‌ (9)ى ساڵى 2014، دواتر بدرێته‌ په‌رله‌مان بۆ ئه‌وه‌ى ده‌نگى له‌سه‌ر بدرێت، به‌و مه‌رجه‌ى كه‌ چه‌ند بڕگه‌یه‌ك له‌خۆبگرێت، له‌وانه‌ هه‌ر كه‌سێك ته‌مه‌نى گه‌یشته‌ (60) هه‌واڵه‌ى خانه‌نشین بكرێت، جگه‌له‌ فه‌رمانبه‌رى خزمه‌تى زانكۆیى كه‌ به‌ (63) ساڵ دیاریكراوه‌، هه‌روه‌ها بۆ پسپۆڕییه‌ ده‌گمه‌نه‌كان دواى گه‌یشتن به‌و ته‌مه‌نه‌ بۆیان درێژده‌كرێته‌وه‌، هه‌موو هه‌ڵاوێره‌كانیش له‌ خانه‌نشین هه‌ڵوه‌شێنرێته‌وه‌.

ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران داوایشى له‌ وه‌زاره‌تى دارایى و لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان كردووه‌ له‌ هه‌مواره‌كه‌دا ته‌مه‌نى خۆخانه‌نشینكردنى ئاره‌زوومه‌ندانه‌ له‌ (50) ساڵییه‌وه‌ كه‌مبكرێته‌وه‌ بۆ ته‌مه‌نى (45) ساڵ، ئه‌گه‌ر خزمه‌تى (15) ساڵى هه‌بێت.

سه‌ره‌تاى ئه‌م مانگه‌ زنجیره‌یه‌ك خۆپیشاندانى ناڕه‌زایى به‌غدا و چه‌ند شارێكى ترى عێراقى گرته‌وه‌ و وه‌ك وه‌ڵامدانه‌وه‌یه‌كیش بۆ داخوازى خۆپیشانده‌ران، حكومه‌ت چه‌ند هه‌نگاو و پڕۆژه‌یه‌كى راگه‌یاند به‌ ئاراسته‌ى باشكردنى خزمه‌تگوزارییه‌كان و دابینكردنى شوێنى نیشته‌جێبوون و هه‌لى كار.

پێداچوونه‌وه‌: شیروان شه‌ریف



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure