ناڕه‌زایه‌تیه‌كان له‌ لوبنان په‌ره‌ده‌ستێنێت.. 70 كه‌س ده‌ستگیركراون

هەواڵ / جیهان :: 19/10/2019‌ :: 230‌ جار بینراوە

دواڕۆژ

خۆپیشاندان و ناڕه‌زایه‌تیه‌كان له‌ لوبنان له‌ په‌ره‌سه‌ندندایه‌ و چاوه‌ڕوان ده‌كرێت ئه‌مڕۆش له‌ به‌یروتى پایته‌خت و چه‌ند ناوچه‌یه‌كى دیكه‌ ده‌ستپێبكاته‌وه‌، هێزه‌ ئه‌منیه‌كانیش ده‌ستبه‌سه‌ركردنى 70 كه‌س راده‌گه‌یه‌نن.


دیمه‌نى شكان و تێكچوونى به‌شێك له‌ دووكان و كۆگا بازرگانیه‌كان له‌ ناوه‌ڕاستى به‌یروت ئه‌و دیمه‌نانه‌ن بوون كه‌ به‌یانى ئه‌مڕۆ دانیشتووانى پایته‌خت چاویان پێهه‌ڵهێنا، ئه‌مه‌ش به‌هۆى ئه‌و خۆپیشاندانانه‌ى دوێنێ له‌ پایته‌خت و چه‌ند شارێكى لوبنان سه‌ریانهه‌ڵدا بۆ ناڕه‌زایى نیشاندان به‌رامبه‌ر سیاسیه‌كانى وڵات و بڵاوبونه‌وه‌ى گه‌نده‌ڵى و زیادبوونى باج و تێكچوونى بارودۆخى ژیان.

هاوكات میدیا ناوخۆییه‌كان بڵاویانكرده‌وه‌: به‌یانى ئه‌مڕۆ خۆپیشانده‌ران رێگای گۆڕه‌پانى عه‌بدولحه‌مید كه‌رامى ناوه‌ڕاستى لوبنان-یان گرتووه‌.

هه‌روه‌ك چه‌ند رێگایه‌ك له‌ شارى جه‌به‌ل لوبنان تائێستا به‌ داخراوى ماونه‌ته‌وه‌.

له‌ ئاكامى خۆپیشاندانه‌كانیش كه‌ توندوتیژى لێكه‌وته‌وه‌ به‌پێى هێزه‌كانى ئاسایشى ناوخۆى ئه‌و وڵاته‌ 52 كه‌س برینداربوون و 70 كه‌سیش له‌ خۆپیشانده‌ران ده‌ستبه‌سه‌ركراون.

ئا: شیروان شه‌ریف



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure