بزانە چی لەسەر قەبری ئازیزان نوسراوە؟

هەواڵ / ڕاپۆرت :: پێش 4 هەفتە ‌ :: 2275‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، سامان قوبادی

دەگمەنن ئەو كەسانەی رۆژانی هەینی دەچنە سەر گۆڕی ئازیزانیان نوسراوی سەر كێلی قەبرەكان نەخوێننەوە، تێكستەكان هەمیشە جێی سەنجن، هەندێكیان كێلەكانیان بە پارچە شیعرێك یان وتەیەكی بەناو بانگ رازاندووەتەوە، بەشێك لەوانەی كۆچی دواییان كردووە وەك لەسەر نوسراوی سەر گۆڕەكاندا دەردەكەوێت داوای نزاو پاڕانەوەیان كردووە نەگ گریان و شین.


نوسراوی سەر كێلی قەبری كەسایەتی و هونەرمەند و شاعیر و نوسەرەكان جیاوازن لە كێلی قەبری هاووڵاتییەكی ئاسایی، ئەگەر خوێنەر كەسەكەی لە ژیاندا نەناسیبێت بەڵام بە خوێندنەوەی نوسراوی سەر كێلەكە دەزانێت ژیانی ئەم كەسە چۆن گوزەراوە و سەرقاڵی چ كارێك بووە، بۆیە نوسراوی سەر كێلەكان دەرخەری راستی ژیانی تاڵ و شیرینی كۆچكردووانن، نەك هەر پارچە شیعرێك یان وتەیەك، بەڵكو نەخشاندنی وێنە لەسەر كێل بووە بە باو زۆربەیشی بە ویستی كەس و كاری كۆچكردوو بووە.

بەڵام جیاواز لە كەسایەتییەكان ئەو هاوڵاتییە ئاساییانەی لە گۆڕستانی سەیوان نێژراون زۆربەیان تەنیا بە وتەیەیەك یان پەندێكی پێشینان كێلەكەیان رازێنراوەتەوە، بەڵام بەشێكیان رەنگە ویستی كۆچكردووی لەسەر نەبوبێت، بەڵكو كەس و كاری ئەم تێكستەی نوسیووە، بەشێك لە تێكستی سەر كێلی زۆربەی گۆڕەكان بەهۆی تێپەڕ بوونی ساڵانێكی زۆر سڕاوەتەوە یان كاڵ بووەتەوە.

ئەوان كۆچیان كردووە و لەناوماندا نەماوە، بەڵام لەرێگەی ئەو وتە و پەند و شیعرانەی بە ویستی خۆیان لەسەر كێلەكانیان نوسراوە، ئەو پەیامەمان پێ دەگەیەنن كە پێویستە مرۆڤ چۆن بژی؟ ئەنجامی دەیان ساڵ هەوڵ و كۆشش بەچی گەیاندوون، جگەلەوە هەندێك لە ئازیزانی كۆچكردووان بە پارچە نوسینێك خۆشەویستی خۆیان بۆ ئەو كەسە دەردەبڕن كە لەدەستیان داوە، بەڵام رەنگە هەریەكەمان دوای خوێندنەوەیان دیدگایەكی جیاوازمان بۆ ئەو كەسە هەبێت كە لەژیاندا نەماوە.

پێداچوونەوە: کارزان ساڵح



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure