هه‌موو رێگاكانی هاتوچۆ بۆ سه‌رێكانی داخران

هەواڵ / کوردستان :: پێش 4 هەفتە ‌ :: 918‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، ره‌ڤه‌ند گوهه‌رزی

به‌هۆی سه‌ختی شه‌ڕ و پێكدادانی نێوان شه‌ڕڤانان و سوپای توركیا و چه‌كداره‌ هاوپه‌یمانه‌كانی، هه‌موو رێگاکانی هاتوچۆ بۆ سه‌رێكانی داخران و به‌هۆی بۆردومانی سوپای توركیاشەوە 12 هاووڵاتی كوژران.


له‌زگین ئیبراهیم، چالاکوان له‌ رۆژئاوای كوردستان به‌ دواڕۆژی راگه‌یاند: دوایئه‌وه‌ی شه‌وی رابوردوو ئاگربه‌ست له‌ نێوان ئه‌مریكا و توركیا راگه‌یه‌ندرا، سوپای توركیا و چه‌كداره‌كانیان پابه‌ندی رێكه‌وتنه‌كه‌ نه‌بوون و شه‌ڕ به‌ سه‌ختی به‌رده‌وامه‌".

وتیشی:" له‌و کاتەوە تا ئێوارەی ئەمڕۆ شەڕەکە له‌ به‌ره‌ی رۆژهه‌ڵاتی سه‌رێكانی و گونده‌کانی ئه‌و ده‌ڤه‌ره‌ به‌رده‌وامه‌ و سێ رێگای سه‌ره‌كی له‌ سه‌رێكانی بۆ ناوچه‌كانی تر كه‌وتوونه‌ته‌ ده‌ستی چه‌كداره‌كانی توركیا و داخراون و رێگایه‌كیش له‌ به‌ر ترسی شانه‌ی رێكخراوه‌ تیرۆریستیه‌كان، خه‌ڵك ناتوانن هاتوچۆی لێوە بكه‌ن و ئه‌ویش داخراوه‌".

ئاماژه‌ به‌وه‌شكرد: دوێنی فڕۆكه‌ جه‌نگیه‌كانی توركیا گوندی مشرفیەی‌ له‌ رۆژهه‌ڵاتی سه‌رێكانی بۆردومانكردوە و به‌و هۆیه‌وه‌ 12 هاووڵاتی کە لە بۆردومانه‌دا شه‌هیدببوون ئه‌مڕۆ ته‌رمه‌كانیان دۆزراونه‌تەوه‌".

ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو: ئه‌مڕۆ كاروانێكی ئۆتۆمبێلی هاووڵاتیانی مه‌ده‌نی رۆژهه‌ڵات و باكوری سوریا چوونه‌ته‌ گوندی مشرفیه‌ و توانیان ته‌رمی ئه‌و هاووڵاتیانه‌ له‌بن داروپەردوو ده‌ربێنن".

پێداچونەوە: کارزان ساڵح



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure