عێراق داوایه‌ك له‌ سوریا ده‌كات

هەواڵ / عێراق :: 18/10/2019‌ :: 826‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، به‌غدا

فالح فه‌یاز راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق، دوێنی پێنجشه‌ممه‌ به‌سه‌ردانێك گه‌یشته‌ دیمه‌شقی پایته‌ختی سوریا و له‌گه‌ڵ به‌شار ئه‌سه‌د دا كۆبوویه‌وه‌ و نامه‌یه‌كی عادل عه‌بدولمه‌هدی گه‌یانده‌ سه‌رۆكی سوریا كه‌ چه‌ند داوایه‌كی عێراقی تیایه‌ له‌ سوریا.

به‌پێی هه‌واڵی میدیا سوری و عێراقییه‌كان له‌و نامه‌یه‌ی عادل عه‌بدولمه‌هدی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق به‌ فالح فه‌یازدا بۆ به‌شار ئه‌سه‌دی سه‌رۆكی سوریای ناردووه‌، عێراق داواده‌كات، رێگاكانی به‌هێزكردنی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌ردوو وڵات په‌ره‌پێبدرێت، ئاستی هه‌ماهه‌نگییه‌كان بگه‌یه‌نرێته‌ به‌رزترین ئاست و هه‌موو بواره‌كان، چ پرسی له‌ناوبردنی تیرۆر بێت، یان دابینكردنی سه‌قامگیری و ئاسایشی سنوره‌كان بێت، له‌ ژێر رۆشنایی ئه‌و بارودۆخه‌ی ئێستای ناوچه‌كه‌.

داواش ده‌كات، هه‌ردوولا كاربكه‌ن بۆ هاوكاری و هاریكاری ئابوری و كردنه‌وه‌ی ده‌روازه‌كانی نێوان عێراق و سوریا.

به‌پێی میدیاكان، هه‌ردوو وڵات به‌رده‌وامن له‌سه‌ر كاری هاوبه‌ش له‌ بواره‌ جۆراوجۆره‌كاندا، بۆ به‌دیهێنانی به‌رژه‌وه‌ندی هه‌ردوولا و ده‌سته‌به‌ركردنی ئاشتی و ئاسایش و سه‌قامگیری هه‌ردوو وڵات.

 پێداچوونەوە: کارزان ساڵح



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure