دابەشكردنی نەوت لە پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان دواكەوت

هەواڵ / ڕاپۆرت :: پێش 4 هەفتە ‌ :: 22418‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، سامان قوبادی

دابەشكردنی نەوت لە پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان دواكەوت، لەكاتێكدا دەبوایە 15ی ئەلیلولی ئەمساڵ نەوت لەلایەن بەغداوە بنێردرایە بۆ هەرێمی كوردستان، پارێزگاكانی هەرێمیش پێویستییان بە زیاتر لە 250 ملیۆن لیتر نەوتی سپی هەیە ئەگەر یەك بەرمیل دابەش بكرێت،  هاوكات جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق دەڵێت: "هەوڵی تەواو دەدەین بۆ ئەوەی لە مانگی داهاتوو نەوت بنێردرێت بۆ پارێزگاكانی هەرێم".


تائێستا نەك ناو شارەكان بەڵكو ناوچە شاخاوییەكانیش نەوتیان بەسەردا دابەشنەكراوە، ئەمەش لەكاتێكدایە پاڵاوگەكانی كەڵەك و بازیان نەوتی عێراق دەپاڵێون و ڕەوانی ناوچەكانی خواروو و ناوەڕاستی عێراق دەكرێت.

سەبارەت بە دوایین زانیاری و هەوڵەكان بۆ ناردنی بەشە نەوتی پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان بەشیر حەداد جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق بۆ دواڕۆژ دەڵێت: "زیاتر لە مانگێك بەر لەئێستا جێگری وەزیری نەوتی عێراق بەڵێنی پێداین لە 15ی9 بەشە نەوتی پارێزگاكانی هەرێم بنێردرێت، بەڵام دواكەوت، بەهۆی نەناردنی داتاكان بۆ بەغدا، بۆیە داوامان لە پارێزگاكانی هەرێم كردووە پەلە بكەن لە ناردنی زانیارییەكان".

جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق وتیشی: "كێشە سیاسییەكان هۆكاری سەرەكی دواكەوتنی ناردنی نەوتە لەلایەن بەغداوە، پەیوەندی بە فشارە سیاسییەكانەوە هەیە لەسەر حكومەتی ناوەند، بەڵام بەردەوام لە هەوڵداین بەشە نەوت تێكەڵ بە ململانێ سیاسییەكان نەكرێت، بۆیە  ئەگەری زۆرە هەیە لە مانگی داهاتوودا نەوت بنێردرێت بۆ هەرێمی كوردستان".

 ساڵانە لە وەرزی سەرمادا ئەگەر یەك بەرمیل نەوت دابەشبكرێت، پارێزگای هەولێر پێویستی بە 100 ملیۆن لیتر نەوت هەیە، هاوكات پارێزگای سلێمانیش زیاتر لە 104 ملیۆن لیتر نەوت هەیە، سەرجەم هەرێمی كوردستان ساڵانە پێویستی بە 250 ملیۆن لیتر نەوتی سپی هەیە.

عەباس محەمەد فرۆشیاری نەوت لە سلێمانی لەبارەی نرخی یەك بەرمیل نەوت دەڵێت: "لەئێستادا یەك بەرمیل نەوت بە 135 هەزار دینار دەگەیەنینە ماڵان، ناوبراو هۆكاری گرانی نرخەكەشی گەڕاندەوە بۆ دابەشنەكردنی نەوت و نەناردنی لەلایەن بەغداوە".

ئەو بازرگانە وتیشی: "خواست لەسەر كڕینی نەوت زیادی كردووە، چونكە هاوڵاتییان ترسیان لەوەیە نەوت دابەش نەكرێت".

ناوچە شاخاوییەكانی سنوری پارێزگای سلێمانی پێویستی زۆریان بە نەوتی سپی هەیە، ساڵانەش دەستپێكی دابەشكردنی نەوت لەو ناوچە شاخاویەكانەوەیە، بەڵام تائێستا هیچ بڕە نەوتێكیان پێ نەدراوە، جگەلەوە بەشێك لە مەڵبەندەكان لەناو شارەكان لە ساڵی رابردوودا نەوتیان وەرنەگرتووە.

محەمەد حەسیب بەڕێوەبەری دابەشكردنی بەرهەمە نەوتییەكانی پارێزگای سلێمانی بە دواڕۆژی راگەیاند: تائێستا هیچ بڕە نەوتێك لە بەغدا نەگەیشتووەتە دەستمان، ناشزانرێت كەی دەست بە دابەش كردنی نەوت دەكرێت، بۆ ئەو مەبەستە هەموو ئامادەكارییەك كراوە، لەگەڵ گەیشتنی نەوت دەست بە دابەشكردنی دەكرێت.
 
پێداچوونەوە: کارزان ساڵح




created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure