وێنە: كوردێک لە توركیا گیانی لەدەستدا

هەواڵ / کوردستان :: 18/10/2019‌ :: 2064‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عەلی حەمە سەعید

بەهۆی ڕووداوێكی هاتوچۆوە لە شاری ئەنقەرەی پایتەختی توركیا خوێندكارێكی كوردی دانیشتووی ناحییەی خورماڵی سەر بەپارێزگای هەڵەبجە گیانی لەدەستدا و ئەمڕۆش تەرمەكەی لە ڕێگەی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی ئەنقەرەوە بەرە و هەرێمی كوردستان بەڕێدەكرێت.

مەنزەر محەمەد، یەكێك لە كەسە نزیكەكانی ئەو خوێندكارەی كە لە توركیا گیانی لەدەستداوە بە دواڕۆژی راگەیاند: ئەو كوڕەی ئێمە ماوەی مانگێكە رووی لە توركیا كردووە بۆ ئەوەی لەوێ‌ درێژە بە خوێندن بدات، بەڵام لەكاتی پەڕینەوەیدا لەو كاتەدا ئۆتۆمبێلێك لە شەقامێكی سەرەكی شاری ئەنقەرە لێی دەدات و بەسەختی بریندار دەبێت و پاش مانەوەی چەند ڕۆژێك لە نەخۆشخانە ئەمڕۆ گیانی لەدەستدا.

ئاماژەی بەوەشكرد: ئەو خوێندكارە ناوی (شكار محەمەد)ە و دانیشتووی ناحییەی خورماڵی سەربەپارێزگای هەڵەبجەیە، بە مەبەستی خوێندن رووی لە توركیا كردبوو، بۆیە ئەمڕۆ لە مەراسیمێكدا خوێندكارە هاوڕێكانی لە ئەنقەرە دوایین ماڵئاواییان لەو خوێندكارە كرد.

مەنزەر محەمەد، ئەوەشی خستەڕوو: وابڕیارە ئەمڕۆ تەرمی ئەو خوێندكارە لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی ئەنقەرەوە بەرەو هەرێمی كوردستان بەڕێبكرێت و لە مەراسیمێكدا لە گۆڕستانی خورماڵ تەرمەكەی بەخاك بسپێردرێت.

پێداچوونەوە: کارزان ساڵح



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure