حكومه‌تی عێراق "خه‌رجی و داهاته‌كان"ی هه‌رێم ره‌تده‌كاته‌وه‌

هەواڵ / ئابوری :: 18/10/2019‌ :: 2503‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عیسا عه‌بدولقه‌هار

حكومه‌تی عێراق به‌هۆی زۆری خه‌رجییه‌كانه‌وه‌، ره‌شنووسی پڕۆژه‌ یاسای بودجه‌ی 2020ی هه‌رێمی كوردستانی ره‌تكرده‌وه‌، كه‌ هه‌فته‌ی رابوردوو پێشكه‌ش به‌ حكومه‌تی عێراق و وه‌زاره‌تی دارایی كرابوو.

هه‌فته‌ی رابوردوو حكومه‌تی هه‌رێم له‌رێگه‌ی نوێنه‌رایه‌تی خۆی له‌ به‌غدا، ره‌شنووسی پڕۆژه‌ی یاسای بودجه‌ی 2020ی هه‌رێمی كوردستانی كه‌ تێیدا سه‌رجه‌م خه‌رجی و داهاته‌كان روونكرابوونه‌وه‌ راده‌ستی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران و وه‌زاره‌تی دارایی عێراق كرد.

به‌ڵام به‌پێی زانیارییه‌كانی دواڕۆژ، به‌هۆی زۆری خه‌رجییه‌كانی هه‌رێمه‌وه‌ حكومه‌تی عێراق به‌ ره‌شنووسه‌كه‌ رازی نه‌بووه‌ و داوای له‌ هه‌رێم كردووه‌ خه‌رجییه‌كان كه‌مبكاته‌وه‌.

سه‌رچاوه‌یه‌ك له‌ وه‌زاره‌تی دارایی و ئابووری هه‌رێم به‌ دواڕۆژی راگه‌یاند: بۆ ناردنی ره‌شنووسه‌كه‌، به‌رپرسانی وه‌زاره‌تی دارایی له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌بوون كه‌ ئه‌و بودجه‌یه‌ی كه‌ ساڵی 2019 وه‌زاره‌تی دارایی ئاماده‌یی كردبوو بكرێته‌ بنه‌ماو ره‌وانه‌ی به‌غدا بكرێت، به‌ڵام به‌هۆی  پێداگیری چه‌ند به‌رپرسێكی وه‌زاره‌ته‌كه‌و به‌ڵێنێكی فوئاد حوسێن وه‌زیری دارایی عێراق كه‌ به‌غدا به‌ ره‌شنووسه‌كه‌ رازی بكات، خه‌رجییه‌كانی هه‌رێم بۆ ساڵی 2020 زیاد كراوه‌، كه‌چی به‌غدا به‌ ره‌شنووسه‌كه‌ رازی نه‌بووه‌و پێوابووه‌ كه‌ خه‌رجییه‌كان زۆرن و داهاتی نه‌وت و فرۆشتنی، روون نییه‌.

ئه‌و به‌رپرسه‌ی وه‌زاره‌تی دارایی هه‌رێم، ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد: ساڵی رابوردوو وه‌زاره‌تی دارایی لیژنه‌یه‌كی 12 كه‌سی پێكهێناو له‌گه‌ڵ سه‌رجه‌م وه‌زاره‌ته‌كان گفتوگۆ كراو ره‌شنووسی بودجه‌ی 2019ی هه‌رێم ئاماده‌كرا كه‌ تێیدا خه‌رجییه‌كان به‌شێوه‌یه‌كی پێویست كه‌مكرابوویه‌وه‌، به‌ڵام ئه‌و ره‌شنووسه‌ نه‌نێراوه‌ بۆ په‌رله‌مانی كوردستان تاوه‌كو په‌سه‌ند بكرێت، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئه‌و ره‌شنووسه‌ بۆ به‌غدا نه‌نێردراوه‌ به‌ڵكو ره‌شنووسێكی نوێ نێردراوه‌.

به‌پێی زانیارییه‌كان، له‌ ئه‌گه‌ری رێككه‌وتنی نێوان هه‌رێم و به‌غدا بۆ بودجه‌ی 2020ی عێراق، هه‌رێم داوایكرد له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌و ره‌شنووسه‌، به‌غدا بودجه‌ی هه‌رێم بۆ ساڵی 2020 بۆ هه‌رێم بنێرێت.

پێداچوونەوە: کارزان ساڵح



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure