پارتی کار بۆ بەدەستهێنانی مەلەفی ئەمنی كەركوك دەکات

هەواڵ / ڕاپۆرت :: 18/10/2019‌ :: 205‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عیماد جەباری

دوای دوو ساڵ حكومەتی عێراق بڕیاریدا بەچۆڵكردنی بارەگاكانی پارتی لەكەركوك تاوەكو ئۆرگانەكانی ئەو حزبە بگەڕێتەوە شارەكە، بەڵام پارتی كار بۆ بەدەستهێنانی مەلەفی ئەمنی پارێزگاكە دەكات بەر لەگەڕانەوەی.


ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق نوسراوێكی ئاراستەی پارێزگای كەركوك كردووە داوا دەكات بارەگاكانی پارتی دیموكراتی كوردستان چۆڵبكرێت بەمەبەستی دانەوەیان بەو حزبە، بەڵام هەرچی ئیدارەی كەركوك و كۆمەڵێك حزبی عەرەبی هەیە نیگەرانە لەبڕیارەكە و لەئێستاشدا هەوڵی دروستكردنی فشار دەدەن تاوەكو سەرۆك وەزیران بەبڕیارەكەیدا بچێتەوە.

گرنگترین ئەو بارەگایانەی پارتی كە بڕیاردراوە چۆڵبكرێت، بینای ئەنجومەنی سەركردایەتی كەركوك – گەرمیانی پارتیە لەگەڕەكی شۆراو كە دەكەوێتە سەر رێگەی كەركوك – هەولێر، لەئێستادا بارەگای فەرماندەیی پێشكەوتووی هێزە سەربازییەكانی عێراقە و پێشتریش وەكو بارەگای فەرماندەیی ئۆپراسیۆنەكانی دووەمی دەزگای دژەتیرۆر بەكاردەهێنرا.

لەدوای رووداوەكانی ئۆكۆتبەری ساڵی 2017 پارتی دیموكراتی كوردستان كەركوكی بەرەو هەولێر بەجێهێشت، بەهۆیەوە سەرجەم بارەگاكانی لەلایەن هێزە سەربازیەكانی عێراق و حەشدی شەعبییەوە داگیركران و ژمارەیەكی زۆری ئەو بەرپرسە پارتیانەی شارەكەیان بەجێهشێت و لەشوێنیان عەرەب و توركمان دانران و بەڕێوەبەری كشتوكاڵی كەركوكیش ( لەپشكی پارتی ) بەهۆی غیاباتەوە لەپیشەكەی دورخرایەوە.

كەمال كەركوكی ئەندامی مەكتەبی سیاسی و بەرپرسی ئەنجومەنی سەركردایەتی كەركوك – گەرمیانی پارتی دیموكراتی كوردستان بەدواڕۆژی راگەیاند: چۆڵكردنی بارەگانی پارتی بەتایبەت ئەنجومەنی سەركردایەتی كەركوك لەلایەن هێزە سەربازییەكانەوە لەچوارچێوەی رێككەوتنی نێوان هەردوو حكومەتی هەرێم و بەغدادایە بۆ ئاساییكردنەوەی دۆخی شارەكە.

وتیشی: "كەسانی وەكو راكان جبوری پارێزگاری كاتی كەركوك و سەعد حەربییە فەرماندەی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەكان ناتوانن رێگری لەگەڕانەوەی پارتی بكەن بۆ ئەو شارەكە بەڵام ئێمە تاوەكو ئێستا بێ دەنگ بوینە چونكە رێزمان لەدانوستان و گفتوگۆكانی نێوان هەردوو حكومەت گرتووە".

سەبارەت بە وەرگرتنی چەند پۆستێك و وەرگرتنی مەلەفی ئەمنی كەركوك لەلایەن پارتییەوە، كەمال كەركوكی رەتیكردەوە بەهیچ شێوەیەكی قسە لەو بارەیەوە بكات و وتی: "لەكاتی خۆیدا هەموو شتێك دەوترێت".

لەماوەی رابوردوودا بەرپرسانی پارتی ئاشكرایانكرد كە بەرامبەر بە رێككەوتنی پارتی بۆ كاندیدكردنی تەیب جەبار وەكو پاڵیۆڕاوی یەكێتی بۆ پۆستی پارێزگاری كەركوك، بڕیارە حزبەكەیان پۆستەكانی قایمقام و فەرماندەی پۆلیسی كەركوك وەربگرێت كە دوو پۆستی هەستیاری پارێزگاكەیە.

ئەوەیش ئاماژەیە بۆ ئەوەی كە پارتی لەهەوڵدایە لەرێگەی وەرگرتنی پۆستی فەرماندەی پۆلیسەوە مەلەفی ئەمنی كەركوك بگرێتە دەست، كە پێشتر لەلایەن یەكێتیەوە بەڕێوەبراوە.

كاوە ئەحمەد كارگێڕی لقی كەركوكی پارتی دیموكراتی كوردستان بە دواڕۆژی راگەیاند: پارتی لەبواری پاراستنی ئاسایش و سەقامگیركردنی ناوچەكان نمونەیەكی جوان و باشی پێشكەشكردووە و لەو روانگەیەشەوە دەمانەوێت لەلایەن كاراكتەرێكی ئێمەوە مەلەفی ئەمنی كەركوك بەڕێوەببرێت بەتایبەت كە سەرجەم پێكهاتەكان ئەزمونیان لەگەڵ كارەكتەرەكانی پارتی لەبواری ئەمنیدا هەیە كە چەند دڵسۆزانە كاریان كردووە.

وتیشی: "لەدوای گەڕانەوەمان بۆ كەركوك، مافی خۆمانە سەرجەم پۆستەكانمان لەئیدارە و ئەمنیەتی پارێزگاكەدا وەربگرینەوە، چونكە پارتی حزبێكی سیاسی فەرمییە و خاوەن مێژوو و خەبات و زۆرینەی دەنگی خەڵكی كوردستانە، بەڵام زۆرجار دۆخی هەرێمایەتی و ناوخۆیی لەدژی دەوەستنەوەو رێگری دەكەن مافە رەواكانی خۆی پەیڕەو بكات".

بڕیارەكەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق لەكۆتایی مانگی رابردوەوە (ئەیلول) گەیشتوەتە كەركوك، بەڵام بەهۆی فشاری پارێزگاری كاتی كەركوك و فەرماندەی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەكانی كەركوكەوە هێشتا جێبەجێنەكراوە و 20 بارەگای پارتی لەلایەن هێزە عێراقییەكان و حەشدی شەعبییەوە داگیركراوە.

دیارترین ئەو بارەگایانە، ئەنجومەنی سەركردایەتی كەركوك – گەرمیان، بارەگای لقی كەركوكی پارتی و بارەگای بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی كەركوكە.

ماوەی سێ رۆژیشە نزیكەی 70 گەنجی عەرەب بەمەبەستی دژایەتیكردنی گەڕانەوەی پارتی بۆ كەركوك خێوەتگەیان لەبەرامبەر بارەگای ئەنجومەنی سەركردایەتی پارتی هەڵداوە و رێگەی سەرەكی كەركوك هەولێریان داخستووە كە ئەستەنگی زۆری بۆ هاووڵاتیان دروستكردووە.

بەوتەی كاوە ئەحمەد، سەرجەم ئەو عەرەبانە خەڵكی حەویجە و دوبزن و كەسە نزیكەكانی راكان جبوریشیان تێدایە، لەلایەن ناوبراوەوە هێنراونەتە كەركوك و پشتیوانی و هاوكاری دەكرێن بۆ مانەوەی لەسەر شەقامەكان تاوەكو سەرۆك وەزیران بەبڕیارەكەیدا بچێتەوە چونكە دەزانێت هەركاتێك پارتی بگەڕێتەوە ئیدی ناتوانێت هاوشێوەی رابردوو بەردەوامبێت لەچەوسانەوەی كورد و تەعریب و گەندەڵیدا.

پێداچوونەوە: ک. س



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure