له‌ سوریا هه‌مووان خیانه‌ت له‌ یه‌كتری ده‌كه‌ن

هەواڵ / ڕاپۆرت :: 18/10/2019‌ :: 467‌ جار بینراوە

دواڕۆژ


گراهام فوله‌ر، نووسه‌ر و شیكه‌ره‌وه‌ی ناسراوی ئه‌مریكی له‌ وتارێكیدا باس له‌ بارودۆخی نوێی سوریا ده‌كات و پێی وایه‌ له‌ سوریا هه‌موو كه‌سێك خیانه‌ت له‌وی تر ده‌كات.


فوله‌ر ده‌ڵێت له‌دوای بڕیاری كشانه‌وه‌ی ئه‌مریكا له‌ سوریا، كه‌ زۆر كه‌س به‌ دیارییه‌ك بۆ رووسیا و ئێران و توركیا و ته‌نانه‌ت داعش دایده‌نێن، ئێستا ره‌وشه‌كه‌ دوای هه‌شت ساڵ شه‌ڕی ناوخۆی سوریا خه‌ریكه‌ بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ بارودۆخی پێش شه‌ڕی ناوخۆ. حكومه‌تی سوریا له‌ هه‌وڵدایه‌ سه‌روه‌ریی و ده‌سه‌ڵاتی خۆی به‌سه‌ر ته‌واوی وڵاتدا بسه‌پێنێت. 

به‌ وته‌ی فووله‌ر مانه‌وه‌ی ئه‌سه‌د له‌ ده‌سه‌ڵاتدا له‌دوای سه‌رهه‌ڵدانی به‌هاری عه‌ره‌بی له‌و وڵاته‌دا شتێكی چاوه‌ڕواننه‌كراو بوو. به‌ڵام هۆكاره‌كه‌ی ده‌گه‌ڕێنێته‌وه‌ بۆ توندوتیژیی ئه‌سه‌د له‌ سه‌ركوتكردنی نه‌یارانی و پشتیوانیی رووسیا و ئێران و حیزبوڵا و ترسی هه‌ندێك لایه‌ن له‌ جێگرتنه‌وه‌ی رژێمی ئه‌سه‌د له‌لایه‌ن گروپه‌ جیهادییه‌كانه‌وه‌.

به‌ بۆچوونی گراهام فووله‌ر، هه‌رچه‌نده‌ نیو سه‌ده‌یه‌ ئه‌مریكا و ئیسرائیل له‌گه‌ڵ لادانی رژێمی سوریادان له‌به‌ر ئه‌وه‌ی هه‌رگیز له‌گه‌ڵ سیاسه‌تی ئه‌و دوو وڵاته‌دا نه‌بووه‌، به‌ڵام رژێمه‌كه‌ توانیوێتی بمێنێته‌وه‌ و تا ئێستاش رژێمه‌كه‌ی ئه‌سه‌د له‌ رووی نێوده‌وڵه‌تییه‌وه‌ دانپێدانراو و خاوه‌ن شه‌رعییه‌ت و زۆرجاریش به‌ رژێمێكی ناشیرین و توندوتیژ ده‌ناسرێت.

ئه‌مریكا خوازیار بوو كه‌ بتوانێت به‌ هێشتنه‌وه‌ی ناوچه‌یه‌كی ئۆتۆنۆم له‌ باكوری خۆرهه‌ڵاتی سوریا بۆ كورده‌كان له‌سه‌ر سنووری توركیا بتوانێت ئه‌و ناوچه‌یه‌ بكاته‌ شوێنی نه‌یارانی رژێمی سوریا و هاوكات بنكه‌یه‌ك بۆ ئه‌مریكییه‌كان له‌ سوریایه‌كی دابه‌شبوودا. 

فووله‌ر پێی وایه‌ رۆڵی كورده‌كانی سوریا له‌ له‌ناوبردنی داعشدا كاریگه‌ر بووه‌ به‌ڵام سوریا و روسیا و عێراق و ئێران ده‌توانن به‌بێ كورد و ئه‌مریكاش داعش له‌ناو ببه‌ن. كشاندنه‌وه‌ی هێزه‌كانی ئه‌مریكا بۆ كۆتاییهێنان به‌ جه‌نگه‌ بێكۆتاییه‌كان مه‌به‌ست لێی ئه‌و جه‌نگه‌یه‌ كه‌ ته‌نیا مه‌به‌ست لێیان نائارامكردنی سوریا بووه‌ بۆ به‌رده‌وامیدان به‌ پاساوی مانه‌وه‌ی هێزه‌كانی ئه‌مریكا له‌ سوریا و به‌هێز بوونی به‌شدارییه‌كانی ئێران و رووسیا له‌ كێشه‌كه‌دا. په‌نابه‌ره‌كانی ئه‌م جه‌نگه‌ش نارامیی له‌ سیاسه‌تی ئه‌وروپادا دروست كردووه‌. ئه‌و كشانه‌وه‌یه‌ش كه‌ به‌ "دیاری بۆ پوتین" ناوی ده‌به‌ن شتێكی نوێ نییه‌ چونكه‌ هێزه‌كانی رووسیا ده‌یان ساڵه‌ له‌ سوریا جێگیرن.

به‌ بۆچوونی ئه‌م شیكه‌ره‌وه‌ ئه‌مریكییه‌، هه‌ر یه‌ك له‌ لایه‌نه‌كان ئه‌جێندایه‌كی جیاوازی بۆ سوریا هه‌یه‌. ئیسرائیل ده‌یه‌وێت سوریایه‌كی لاواز و دابه‌ش و بێ هاوپه‌یمان هه‌بێت بۆ ئه‌وه‌ی خۆی وه‌كو هێزی باڵاده‌ستی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست بمێنێته‌وه‌. رووسیا ده‌یه‌وێت هێزه‌ سه‌دان ساڵه‌كه‌ی له‌ ناوچه‌كه‌دا بگه‌ڕێنێته‌وه‌ و ده‌یه‌وێت رێگری بكات له‌ سیاسه‌تی ئه‌مریكی له‌ ناوچه‌كه‌دا، ئه‌مه‌ش له‌ كاتێكدایه‌ سوریا به‌ فه‌رمی رووسیا و ئێرانی بۆ وڵاته‌كه‌ی بانگهێشت كردووه‌ به‌ڵام ئه‌مریكا به‌شێوه‌یه‌كی نایاسایی له‌و وڵاته‌دایه‌.

توركیا ده‌یه‌وێت پێگه‌ی سیاسیی هه‌موو كورد لاواز بكات چونكه‌ له‌ هه‌وڵه‌كانی جیابوونه‌وه‌ی كورده‌كانی وڵاته‌كه‌ی ده‌ترسێت چونكه‌ توركیا خاوه‌نی زۆرترین ژماره‌ی كورده‌ له‌ خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا. له‌به‌ر ئه‌وه‌ ده‌یه‌وێت باكوری سوریا داگیر بكات و ئه‌مه‌ش كوردی ناچار كرد بگه‌ڕێته‌وه‌ و له‌گه‌ڵ رژێمی سوریادا رێك بكه‌وێت.

فووله‌ر پێی وایه‌ سیاسه‌تی ئه‌مریكا ئه‌وه‌یه‌ پشتیوانی هه‌موو سیاسه‌تێكی ئیسرائیل بكات له‌ ناوچه‌كه‌دا، هه‌موو رێگه‌یه‌ك بگرێته‌ به‌ر بۆ لاوازكردن و ناسه‌قامگیر كردنی ئێران و سوریا، هه‌روه‌ها هه‌وڵی دوورخستنه‌وه‌ی داعشیش ده‌دات. ئه‌مریكا ده‌یه‌وێت به‌ هه‌موو شێوه‌یه‌ك پێگه‌ی رووسیا و ئێران له‌ ناوچه‌كه‌دا لاواز بكات و توركیا به‌ وه‌فاداری بۆ خۆی بهێڵێته‌وه‌. هه‌روه‌ها ده‌یه‌وێت باڵاده‌ست بێت به‌سه‌ر وڵاتانی كه‌نداودا و جووڵه‌ی نه‌وت بپارێزێت.

ئێران ده‌یه‌وێت هاوپه‌یمانانی خۆی له‌ یه‌مه‌ن و لوبنان و عێراق و سوریا بپارێزێت و به‌كاریان بهێنێت بۆ به‌رگری به‌رامبه‌ر هه‌وڵه‌كانی ئیسرائیل و سعودیه‌ و ئه‌مریكا كه‌ مه‌به‌ستیان لاوازكردنی ئێران و شیعه‌یه‌. هه‌روه‌ها هیچ رێگه‌یه‌ك نادات به‌ هه‌رێمێكی ئۆتۆنۆم بۆ كورده‌كان چونكه‌ ئێران خۆی ژماره‌یه‌كی زۆر كوردی هه‌یه‌.

عێراق رۆڵێكی كه‌می هه‌یه‌ به‌ڵام ساڵ به‌ ساڵ ده‌یه‌وێت پێگه‌ی خۆی به‌هێز بكاته‌وه‌ دوای ئه‌وه‌ی به‌هۆی داگیركردنی له‌لایه‌ن ئه‌مریكاوه‌ لاواز كرا. 

سه‌باره‌ت به‌ كورده‌كان، گراهام فووله‌ر ده‌ڵێت: كورده‌كان هێزێكی زۆر ئاڵۆز و هه‌مه‌چه‌شنن، یه‌كگرتوو نین و هه‌رگیز یه‌كگرتوو نه‌بوون. به‌سه‌ر چوار وڵاتدا دابه‌ش بوون كه‌ توركیا و عێراق و ئێران و سوریایه‌ و سێ زمانی جیاواز كه‌ توركی و عه‌ره‌بی و فارسییه‌ به‌كارده‌هێنن و زمانه‌ كوردییه‌كه‌ی خۆیان زۆر له‌ یه‌كتری جیاوازه‌. زیاتر له‌ 100 ساڵه‌ كورد خه‌ون به‌ سه‌ربه‌خۆییه‌وه‌ ده‌بینێت و یه‌كێكه‌ له‌ گه‌وره‌ترین نه‌ته‌وه‌ بێ ده‌وڵه‌ته‌كان به‌ڵام هه‌میشه‌ هێزه‌ ناوچه‌یی و نێوده‌وڵه‌تییه‌كان ئه‌و هه‌وڵانه‌یان پووچه‌ڵ ده‌كه‌نه‌وه‌. كورد هه‌رگیز نه‌یتوانیوه‌ له‌سه‌ر ستراتیجێكی هاوبه‌ش رێك بكه‌وێت هه‌میشه‌ له‌لایه‌ن هێزه‌كانی تره‌وه‌ وه‌ك بریتانیا و ئه‌مریكا و فه‌ره‌نسا و ئیسرائیل و ئێران و توركیا و ئێرانه‌وه‌ به‌كارهێنراون. پاشان كه‌ سووده‌كه‌یان كۆتایی دێت فڕێ ده‌درێن. ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا دوایین كه‌سه‌ كه‌ "خیانه‌ت"ی له‌ كورد كردبێت و له‌م كاته‌دا به‌جێی هێشتووه‌، به‌ڵام پێشتریش هێنری كیسینجه‌ر چه‌ند ده‌یه‌یه‌ك له‌مه‌وبه‌ر له‌گه‌ڵ شای ئێراندا رێك كه‌وت بۆ ئه‌وه‌ی دژی سه‌دام حسێن به‌كاریان بهێنێت و پاشان فه‌رامۆشی كردن.

كورده‌كانی سوریا پێیان وابوو ئه‌مریكا پشتیوانیی دۆزه‌كه‌یان ده‌كات به‌ڵام كاتێك ئه‌وه‌ رووینه‌دا بێ هیوا بوون. به‌ڵام ئه‌مه‌ شتێكی چاوه‌ڕوانكراو بوو چونكه‌ ئه‌مریكا دواجار كورد به‌جێ ده‌هێڵێت كاتێك تورك و رووس و سورییه‌كان هه‌موو هه‌وڵی له‌ناوبردنی هه‌رێمه‌ كوردییه‌كه‌ ده‌ده‌ن به‌ناوی یه‌كێتیی خاكی سوریاوه‌.

فووله‌ر پێی وایه‌ ده‌شێت كورد و تورك رێك بكه‌ون به‌ڵام ئه‌مه‌ كاتی ده‌وێت. پێشتر بناغه‌ی ئه‌م په‌یوه‌ندییه‌ دانراوه‌ و ده‌توانرێت سوودی لێ وه‌ربگیرێت. كاتێك پرسی كوردی ناو توركیا رێك خرا ئه‌و كاته‌ توركیا ده‌توانێت به‌ ئاسووده‌یی زیاتره‌وه‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ كوردی سوریادا بكات. بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ توركیا پێویستی به‌وه‌ ده‌بێت كورد پێگه‌یه‌كی دیاریكراوی له‌ سوریادا هه‌بێت وه‌ك چۆن توركیا به‌ بوونی هه‌رێمێكی ئۆتۆنۆم بۆ كوردانی عێراق قایل بوو و په‌یوه‌ندییه‌كی ئابووریی به‌هێزی له‌گه‌ڵدا دروست كردن.

پشتیوانیی كاربه‌ده‌ستانی واشنتۆن له‌ كورد له‌به‌ر چه‌ند هۆكارێكه‌: یه‌كه‌م ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئه‌و كاربه‌ده‌ستانه‌ دژی هه‌موو بڕیارێكی ترامپ ده‌وه‌ستنه‌وه‌، دووه‌م هۆكار ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئه‌م كه‌سانه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دان به‌ هه‌ر نرخێك بێت هێزه‌كانی ئه‌مریكا له‌ وڵاتانی تردا بمێننه‌وه‌ و ده‌ستیان تێ وه‌ربده‌ن. هه‌روه‌ها سێیه‌م هۆكار ئه‌وه‌یه‌ ئه‌م زۆرێك له‌و كه‌سانه‌ ده‌یانه‌وێت ئیسرائیل به‌ شێوه‌یه‌كی درێژخایه‌ن دڵخۆش و به‌هێز بێت ئه‌مه‌ش به‌ناوی هێشتنه‌وه‌ی "متمانه‌"ی ئه‌مریكا و "سه‌ركردایه‌تی"ی ئه‌مریكاوه‌ ناو ده‌به‌ن. به‌ڵام ئه‌م جه‌نگه‌ درێژخایه‌نه‌ بۆ هیچ كه‌سێك باش نییه‌ به‌ ئه‌مریكاشه‌وه‌. 



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure