بارزانی بۆ لۆدریان: بۆ هەر ڕێککەوتنێک پێویستە قوربانییەکانی کورد و چارەنووسی کورد لە سووریا لەبەرچاو بگیرێت

هەواڵ / کوردستان :: 18/10/2019‌ :: 8458‌ جار بینراوە

دواڕۆژ

 

ئەمڕۆ هەینی مه‌سعود بارزانی پێشوازی كرد له‌ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی فه‌ره‌نسا، جان ئیف لۆ دریان کۆبوونەوە و دوای کۆبوونەوەکەش سایتی بارزانی راگەیاندراوێکی بڵاو کردەوە و لە بەشێکیدا هاتووە: "هەر چارەسەرێک بۆ ئەم دۆخە پێشنیار بکرێت و لە هەر ڕێککەوتنێکدا پێویستە قوربانییەکانی کورد و چارەنووسی کورد لە سووریا لەبەرچاو بگیرێت. جارێکی دیکەش داوای کرد فەڕەنسا وەک دۆستێکی هەمیشەیی گەلی کوردستان و بەشێکی گرینگ لە هاوپەیمانێتیی نێودەوڵەتی دژی تیرۆر، بۆ ڕێگرتن لە گۆڕینی دیموگرافی لە ناوچە کوردنشینەکانی باکووری سووریا و روودانی کارەسات، ڕۆڵی خۆی بگێڕێت".

 

ده‌قه‌كی راگەیاندراوەکە:

سەرۆك بارزانی پێشوازی لە وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا کرد
 پێشنیوەڕۆی هەینی 18ـی10ـی2019 لە سەلاحەددین سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی لە جان ئیف لۆ دریان وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا كرد.
لەسەرەتای دیدارەكەدا وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا سڵاو و ڕێزی سەرۆک ماکڕۆنی بە سەرۆک بارزانی ڕاگەیاند و گوتی: ئەوە جاری حەوتەمە سەردانی کوردستان دەکەم و سۆزێکی زۆرم بۆ ئێرە هەیە و هاتووم سڵاو و ڕێزی سەرۆک ماکڕۆن بە جەنابت ڕابگەیەنم و پشتیوانیی فەڕەنسا بۆ گەلی کوردستان دووپات بکەمەوە.
لە دیدارەکەدا بارودۆخی سیاسیی و دوا پێشهاتەكان لەسەر ئاستی ناوچەكە، بەتایبەت مەترسییەکانی سەرهەڵدانەوەی تیرۆر و دۆخی باکووری سووریا، تاوتوێ كرا.
سەرۆک بارزانی وێڕای دەربڕینی سوپاس و پێزانین بۆ ڕۆڵی فەڕەنسا لە پشتگیریی بەردەوامی دۆزی گەلەکەمان، جارێکی دیکە نیگەرانیی خۆی لەبارەی دۆخەکە و چارەنووسی کورد لە سووریا بۆ وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا ڕوون کردەوە و ڕاشیگەیاند: هەر چارەسەرێک بۆ ئەم دۆخە پێشنیار بکرێت و لە هەر ڕێککەوتنێکدا پێویستە قوربانییەکانی کورد و چارەنووسی کورد لە سووریا لەبەرچاو بگیرێت. جارێکی دیکەش داوای کرد فەڕەنسا وەک دۆستێکی هەمیشەیی گەلی کوردستان و بەشێکی گرینگ لە هاوپەیمانێتیی نێودەوڵەتی دژی تیرۆر، بۆ ڕێگرتن لە گۆڕینی دیموگرافی لە ناوچە کوردنشینەکانی باکووری سووریا و روودانی کارەسات، ڕۆڵی خۆی بگێڕێت.
هەر لە دیدارەکەدا بە وردی باسی مەترسییەکانی سەرهەڵدانەوەی گرووپی تیرۆریستیی هاوشێوەی داعش کرا و وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا نیگەرانیی وڵاتەکەی لە ئەگەری سەرهەڵدانەوەی تیرۆر لە دۆخی شێواوی ناوچەکەدا دەربڕی وجەختی لەسەر بەردەوامیی هاوپەیمانێتی و هاوکاریی فەڕەنسا و هەرێمی کوردستان دژی تیرۆر، کردەوە.
سەرۆک بارزانی ڕایگەیاند کە بەداخەوە ئەو ڕەوشەی زەمینەی بۆ سەرهەڵدانی داعش و گرووپە هاوشێوەکانی ڕەخساند هێشتا ماوە و ئاڵۆزی دۆخەکە خزمەت بە سەرهەڵدانەوەی ئەوان دەکات. سەرۆک بارزانی تەئکیدیشی کردەوە کە شەڕی تیرۆر نابێ تەنها سەربازی بێت و پێویستە لەڕووی کۆمەڵایەتی، سیاسی، ئابووری و فیکرییەوە ڕیشەی ئەو گرووپە تیرۆریستییانە وشک بکرێت.

---

ئامادەکردنی: کارزان ساڵح



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure