ئەگەری ئەوە ھەیە عێراق لە ناوەندێكی نێودەوڵەتی دەربكرێت

هەواڵ / عێراق :: پێش 4 هەفتە ‌ :: 661‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، بەغدا

پەرلەمانتارانی پەرلەمانی عێراق و لیژنەی مافی مرۆڤ لە پەرلەمان ھۆشداری لە دەركردنی عێراق لە لیژنەی مافی مرۆڤی سەربە نەتەوە یەكگرتووەكان دەدەن.

محەمەد كەربولی ئەندامی پەرلەمانی عێراق دوێنێ پێنجشەممە لە تویتێكدا دەڵێت: "لەبەرژەوەندی كێیە عێراق ئەندامێتی ئەنجومەنی مافی مرۆڤ لە نەتەوە یەكگرتووەكان لە دەستبدات؟.

دەشپرسێت: "ئایا حكومەت رای كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە ھەند وەرگرتووە، كاتێك ئازادی رادەربڕینی بەرتەسك كردووەتەوە، رۆژنامەنووسان راوەدوو دەنێت و چالاكوانان دەستگیردەكات و وشەی ئازادیانی تیرۆر كرد".


ھاوكات یوسرا رەجەب ئەندامی لیژنەی مافی مرۆڤی پەرلەمانی عێراق بە دواڕۆژی راگەیاند: "بەھۆی ئەو ھەموو پێشێلكارییانەی بەرامبەر مافی مرۆڤی دەكرێت لە عێراق، ئەگەری ئەوە ھەیە عێراق لە ناوەندە نێودەوڵەتییەكان، بەتایبەتی لیژنەی مافی مرۆڤی سەربە نەتەوە یەكگرتووەكان دەربكرێت".


روونیشیكردەوە: "ئەو ھەموو كوشتن و دەستگیركردنەی لە عێراق و ھەرێم ھەیە، مایەی ئەوەیە ئەو مەترسییە ھەبێت عێراق لەو ناوەندانە بێبەشبكرێت، بۆیە ھەموولایەك لەبارەیەوە ھۆشداری دەدەن".

 

پێداچوونەوە: کارزان ساڵح



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure