هیتەری تورکی و چینی بازاڕیان گەرم بووە

هەواڵ / ڕاپۆرت :: 18/10/2019‌ :: 339‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، سەنگین خۆشناو

لەگەڵ نزیکبوونەوە لە وەرزی زستان هاوڵاتیان بۆ خۆگەرمکردنەوە ڕوودەکەنە کڕینی هیتەری کارەبایی، ئەمەش بازاڕی فرۆشی هیتەری کارەبایی گەرمکردووە، بەشێک لە فرۆشیاران دەڵێن دوو ساڵی ڕابوردوو خواستێکی زۆر لەسەر هیتەر هەبووە، بەهۆی دابەشنەکردنی نەوتی سپی ماڵان لە ئێستاوە فرۆشی هیتەری کارەبایی و غاز جمەی دێت.


بەپێی داتاکانی بەڕێوەبەرایەتی بەرگری شارستانی هەولێر، ساڵی ڕابوردوو لەماوەی شەش مانگدا 356 ڕووداوی ئاگرکەوتنەوە بەهۆی شۆرتی کارەباوە ڕوویداوە، لەو ڕێژەیە 50 ڕووداو بەهۆی بوتڵی غاز و زیاتر لە 30 ڕووداو بەهۆی هیتەری کارەبایی بووە.

نەبەز کاوێس،  فرۆشیاری ئامێرە ئەلیکترۆنییەکانە و بۆ دواڕۆژ باس لە فرۆشی هیتەری کارەبایی دەکات و دەڵێت: "دووساڵە لەوەرزی زستان جگە لە هیتەر یەک شتی تر هاوردە ناکەم چونکە هیتەر بازاڕی زۆر گەرمە و قازانجیشی باشترە".

نەبەز، لەبارەی نرخەکان دەڵێت:" هیتەر هەیە بە 15 هەزار دینارە هیتەریش هەیە بە 60 دۆلارە، بەڵام هیتەری باش و خراپ هەیە، بەڵام ئەوەی زۆرترین خواستی لەسەرە هیتەری تورکییە.

خۆشەوی سەلام، بازرگانێکی گەورەی هیتەرە بۆ دواڕۆژ دەڵێت: "ساڵانە زیاتر لە 5 هەزار هیتەر هاوردە دەکەین و دابەشی سەر شار و شارۆچکەکان دەکەین بریکارمان لە زۆربەی شوێنەکان هەیە".

خۆشەوی سەلام، دەشڵێت: "ئەمساڵ تا ئێستا سێ هەزار هیتەرم هێناوە چونکە خواستی زۆرترە لەچاو ساڵی ڕابوردوو، بۆیە ئەگەر وابڕوات ئەمساڵ  هاوردەکردنی هیتەر دەگاتە 7 هەزار هیتەر".

وەزارەتی بازرگانی ئاماری هاوردەکردنی ئەو کەلوپەل و کاڵایانەی دەستناکەوێت کە لە بەڕێوەبەرایەتی گومرگەکانی هەرێمی کوردستان تۆماردەکرێن، بۆیە هیچ داتایەکیان لەبارەی هاوردەکردنی هیتەری کارەبایی لەبەردەست نییە.

فاتیح ئەلمودەریس، گوتەبێژی وەزارەتی بازرگانی بۆ دواڕۆژ دەڵێت: "تەنیا ئاماری کۆی گشتی کەلوپەلی کارەباییمان لایە ئەوەی هەیە لای گومرگەکانە ئەوانیش بۆ ئێمەی نانێرن و نایدەنە ئێمە".

ئاماژەی بەوەشدا ئێمە دەزانین کە ئەو ئامێرە کارەباییەی خۆ گەرمکردنەوە کارەبا خەرجدەکات، بەڵام ناتوانین هاوردەکردنی قەدەغە بکەین چونکە ئەوە پێویستی هاوڵاتیانە، ڕۆژانی ساردی زستان بەکاریدەهێنن.

دواڕۆژ بۆ وەرگرتنی قەبارەی هاوردەکردنی هیتەری کارەبایی خۆ گەرمکردنەوە پەیوەندی بە یەکێتی هاوردە و ناردنکاران کرد بەڵام هیچ داتایەکییان لەلا تۆمار نەکراوە.

ڕائید سەرکەوت ئیسماعیل، ئەفسەر لە بەڕێوەبەرایەتی بەرگری شارستانی هەولێر بەدواڕۆژی ڕاگەیاند: ساڵانە ڕووداوی ئاگرکەوتنەوە بەهۆی هیتەری کارەبایی هەن  کە بەداخەوە هەندێک جار ڕووداوی دڵتەزێنی بەدواوە دێت.

ڕائید سەرکەوت، دەشڵێت:" بێ کوالێتی هیتەری کارەبایی و ناهۆشیاری خەڵک لە بەکارهێنانی هیتەری خۆ گەرمکردنەوە هۆکاری سەرەکییە بۆ ڕووداوەکانی ئاگرکەوتنەوە".

 

پێداچوونەوە: کارزان ساڵح



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure