باسى ئه‌مڕۆ: ئایا بوونه‌وه‌ره‌ ئاسمانییه‌كان ئه‌سڵ و ئه‌ساسیان هه‌یه‌؟

هەواڵ / ڕاپۆرت :: پێش 4 هەفتە ‌ :: 897‌ جار بینراوە

دواڕۆژ
بیركردنه‌وه‌ له‌ گه‌ردون و پانۆپۆڕییه‌ بێ سنوورییه‌كه‌ى و هه‌بوونى ملیاره‌ها هه‌ساره‌ى دیكه‌ زۆرجار ئه‌و هه‌سته‌مان لا دروست ده‌كات كه‌ ناشێت ته‌نیا هه‌ر ئێمه‌ هه‌بین و بوونه‌وه‌رى دیكه‌ له‌ شوێنانى تر نه‌بن.

ئێمه‌ تائێستا له‌و روانگه‌یه‌وه‌ وتومانه‌ ژیانى دیكه‌ بێجگه‌ له‌مه‌ى سه‌ر زه‌وى نییه‌ چونكه‌ ئاماژه‌ى رادیۆیى هیچ شارستانییه‌كى ئاقڵمان له‌ ده‌ره‌وه‌ى زه‌وییه‌وه‌ پێ نه‌گه‌یشتووه‌. به‌ڵام ئایا مه‌رجه‌ شارستانییه‌كانى دیكه‌ش ئه‌گه‌ر هه‌بن هه‌ر به‌و شێوه‌یه‌ى خۆمان بن؟ مه‌رجه‌ ئاماژه‌ى رادیۆییان لێوه‌ ده‌ربچێت؟ بۆچى نابێت خاوه‌نى پێكهاته‌یه‌كى دیكه‌ بن و نه‌توانن ئه‌و جۆره‌ ئامێرانه‌ دروست بكه‌ن كه‌ ئێمه‌ دروستمان كردون؟ تۆ بڵێیت زمانێكى تر و ئاره‌زووى دیكه‌ و هه‌ستى دیكه‌یان هه‌بێت؟

له‌ڕاستیدا ئه‌مه‌ پرسیارێكى به‌جێیه‌. به‌ڵام با پێش ئه‌وه‌ بپرسین شارستانیى چییه‌. ئه‌م پرسیاره‌ كۆمه‌ڵێك وه‌ڵامى جۆراوجۆرى هه‌یه‌. بۆ نموونه‌ هه‌بوونى هونه‌ر شارستانییه‌، كاره‌با و كشتوكاڵ و نووسین و زانست و بابه‌ته‌كانى دیكه‌ نیشانه‌ى ئه‌وه‌ن كه‌ زینده‌وه‌رى ئاقڵ هه‌یه‌ و له‌ڕووى كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه‌ كارلێكیان له‌گه‌ڵ یه‌كتریدا كردووه‌ و كۆمه‌ڵێك زانستى ئاڵۆزیان به‌رهه‌م هێناوه‌. به‌ڵام ئێمه‌ لێره‌ له‌سه‌ر زه‌وى ناتوانین روانگه‌ى هه‌موو ئه‌وانه‌ بكه‌ین. تاقه‌ شتێك كه‌ كرده‌نى بێت روانگه‌ كردنى ئاماژه‌ ئه‌لیكترۆ موگناتیسییه‌كانه‌. بۆیه‌ پێمان وایه‌ شارستانى ئه‌وه‌یه‌ بتوانێت په‌یوه‌ندى دروست بكات.
سه‌رنجدان له‌ گه‌شه‌كردنى مرۆڤایه‌تى پێمان ده‌ڵێت كه‌ شارستانى گه‌شه‌كردوو ئه‌و شارستانیه‌یه‌ كه‌ بتوانێت زیاتر وزه‌ كۆنترۆڵ و ماڵیى بكات. كه‌واته‌ ئه‌گه‌ر شارستانییه‌ك له‌ شوێنێكى دیكه‌ هه‌بێت كه‌ ته‌نیا چه‌ند هه‌زار ساڵێك پێش ئێمه‌ دروست بووبێت زۆر ئاساییه‌ كه‌ توانیبێتى ته‌كنه‌لۆجیایه‌كى وا به‌رهه‌م بهێنێت به‌رگێكى ته‌واوى دروست كردبێت بۆ ئه‌وه‌ى هه‌موو وزه‌كه‌ى بۆ خۆى قۆرخ كردبێت.
تۆ بیر بكه‌ره‌وه‌ بزانه‌ كه‌ ئێمه‌ى مرۆڤ ته‌نیا له‌ ماوه‌ى 100 ساڵدا چه‌ند پێشكه‌وتنمان به‌ده‌ست هێناوه‌ له‌ بواره‌كانى زانست و ته‌كنه‌لۆجیادا، كه‌واته‌ ئیتر شتێكى نامۆ نییه‌ جۆره‌ زینده‌وه‌رێكى تر له‌ هه‌ساره‌یه‌كى دیكه‌دا له‌ ماوه‌ى چه‌ند هه‌زار ساڵێكدا بگاته‌ ئاستێكى ته‌كنه‌لۆجى وا پێشكه‌وتوو كه‌ ئێمه‌ى مرۆڤ نه‌توانین ئاماژه‌كانى تێبگه‌ین.
ئێمه‌ ده‌زانین كه‌ ته‌مه‌نى گه‌ردون نزیكه‌ى 14 ملیار ساڵه‌، ئه‌گه‌ر شارستانییه‌كى ئاقڵ ته‌نیا دوو ملیۆن ساڵ پێش ئێمه‌ دروست بووبێت زۆر به‌ ئاسانى ده‌توانێت بگاته‌ ئه‌و ئاسته‌ خه‌یاڵییه‌ى پێشكه‌وتن. ئێستا زاناكان دڵنیان كه‌ نزیكه‌ى 10 ملیار ئه‌ستێره‌ى هاوشێوه‌ى زه‌وى له‌و گه‌ردونه‌ پان و به‌رینه‌دا هه‌ن و زوربه‌یان به‌ده‌ورى هه‌ساره‌ى هاوشێوه‌ى خۆردا ده‌سووڕێنه‌وه‌، كه‌ مه‌حاڵ نییه‌ گونجاو بن بۆ ژیان. له‌و بڕه‌ زۆره‌ لانى كه‌میان 50 هه‌ساره‌یان له‌ڕووى تیۆرییه‌وه‌ زۆر گونجاون بۆ ژیان، كه‌چى سه‌ره‌ڕاى ئه‌وه‌ ئێمه‌ هیچ شتێك نابینین.
ساڵێك له‌مه‌وبه‌ر زانكۆى ئۆكسفۆرد رایگه‌یاند ئه‌گه‌رى ئه‌وه‌ى كه‌ ئێمه‌ له‌م گه‌ردونه‌ پان و به‌رینه‌دا ته‌نیا بین 33%. دیاره‌ رێگر و كێشه‌ى زۆر گه‌وره‌ هه‌ن وا ده‌كه‌ن ئه‌گه‌ره‌كه‌ به‌و راده‌یه‌ گه‌شه‌بینانه‌ نه‌بێت. یه‌كێك له‌وانه‌ پێشكه‌وتنى زۆرى ته‌كنه‌لۆجیایه‌، ئێمه‌ ده‌زانین بۆمبێكى هایدرۆجینى ده‌توانێت كۆتایى به‌ ژیان بهێنێت له‌ به‌شێكى زۆرى ئه‌م هه‌ساره‌یه‌دا، چجاى ئه‌و بۆمبانه‌ى دیكه‌ى كه‌ هێشتا به‌ خه‌یاڵى ئێمه‌ى مرۆڤدا نه‌هاتووه‌ و ره‌نگه‌ شارستانییه‌كانى دیكه‌ دروستیان كردبێت و خۆیانیان پێ له‌ناوبردبێت.
له‌ سه‌رێكى دیكه‌شه‌وه‌ توخمه‌ سه‌ره‌كییه‌كانى ژیان چونیه‌ك دابه‌ش نه‌كراون به‌سه‌ر گه‌ردوندا. بۆ نموونه‌ توخمى فۆسفۆڕ كه‌ بۆ دروستكردنى ترشه‌ ناوكییه‌كان پێویسته‌ له‌ زوربه‌ى هه‌ساره‌كاندا ده‌گمه‌نه‌. پێویسته‌ ئه‌و راستیه‌ش بزانین كه‌ به‌ پێچه‌وانه‌ى بۆچوونى هه‌ندێكمانه‌وه‌ ژیان پێى خۆش نییه‌ ببینرێت، حه‌زناكات بزانرێت كه‌ هه‌یه‌. مێژووى مرۆڤایه‌تى ئه‌وه‌ى بۆ یه‌كلا كردووینه‌ته‌وه‌ كه‌ هێزى پێشكه‌وتوتر هه‌میشه‌ حه‌زى به‌ باڵاده‌ستى و هه‌ژموون و كۆنترۆڵه‌.
كه‌واته‌ ئه‌گه‌ر بوونه‌وه‌ره‌ ئاسمانییه‌كان سه‌ردانیان كردین له‌سه‌ر زه‌وى، چاره‌نووسمان وه‌كو چاره‌نووسى هیندیه‌ سووره‌كان ده‌بێت كاتێك كه‌ كۆڵۆمبیس ئه‌مریكاى دۆزییه‌وه‌. ئه‌مه‌ وه‌ڵامى كۆتایى نییه‌ و تا مرۆڤ هه‌بێت پرسیار هه‌ر به‌رده‌وامه‌، گرنگترین پرسیاریش ئه‌مه‌یه‌: ئێمه‌ كێین.

پێداچوونه‌وه‌ :هـ.ق

ب: ک. س



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure