سەرجەم نۆرینگەكانی ئەم ناوچەیەی هەرێم داخران

هەواڵ / کوردستان :: 18/10/2019‌ :: 357‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، رێبین حەسەن

بەهۆی جێبەجێكردنی بڕیارێك و بردنی دەرمانەكانیان، نۆرینگەكانی سنووری قەزای پێنجوێن مانیان لەكاركردن گرتووە.


هێرش شەوقی، بەرپرسی نووسینگەی سەندیكای كارمەندانی تەندروستی پێنجوێن، بەدواڕۆژی راگەیاند: سەرجەم نۆرینگەكانی سنووری قەزای پێنجوێن مانیان گرتووە، چونكە لیژنەكانی قایمقامیەتی قەزاكە بەمەبەستی پشكنین و بەدواداچوون سەردانی نۆرینگەكانیان كردووە و ئەوانیش هەڵوێستیان وەرگرتووە كە گوایە زۆربەی دەرمانەكانیان براوە و داوای گەڕاندنەوەی دەكەن.

وتیشی: "بەپێی یاسای ئەنجومەنی وەزیرانى هەرێم و وەزارەتی تەندروستی دەبێت هیچ نۆرینگەیەك لە  18ئایتم زیاتری نەبێت، واتە 18 جۆر، ئەگەر لەوە زیاتر بێت، پێویستە پزیشكی دەرمانسازیان هەبێت، لەئێستاشدا لە پێنجوێن بەهۆی نەبوونی پزیشكی دەرمانساز و كۆگای دەرمانەوە، یاریدەدەری پزیشكەكان ئەو بۆشاییان پڕكردووەتەوە، بەڵام لەمەودوا دەبێت كار بەو یاسایە بكرێت، ئەمەش تا رادەیەك لەگەڵ پێنجوێن ناگونجێت".

روونیشیكردەوە: بەهۆی دووریمان لە سلێمانیيەوە و شوێنێكی سنوورین و نەبوونی پزیشكی دەرمانساز دەبوایە حسابێكی جیاوازتر بۆ قەزاكان بكرایە، نۆرینگەكانیش داوای باشتركردن و فراوانكردنی یاساكە دەكەن و بەو هۆیەوە سەرجەمیان هەڵوێستیان وەرگرتووە و نۆرینگەكانیان داخستووە، تا چارەسەرێكی گونجاویان بۆ دەدۆزنەوە.

پ: ن.م



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure