كۆنگره‌ی یه‌كێتیی مامۆستایان دواده‌خرێت

هەواڵ / کوردستان :: 17/10/2019‌ :: 299‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، كۆچه‌ر عه‌لی 

ئه‌گه‌رچی بڕیاربوو 31ی ئه‌م مانگه‌ كۆنگره‌ی یه‌كێتیی مامۆستایانی كوردستان ئه‌نجام بدرێت، به‌ڵام به‌هۆی ته‌واو نه‌بوونی كاری لقه‌كانه‌وه‌ كۆنگره‌كه‌ بۆ كاتێكی نادیار دواده‌خرێت. 


نۆ ساڵ به‌سه‌ر ئه‌نجامدانی كۆنگره‌ی یه‌كێتیی مامۆستایاندا تێپه‌ڕیوه‌ و به‌پێی په‌یڕه‌وی ناوخۆی یه‌كێتییه‌كه‌ش ده‌بێت چوار ساڵ جارێك كۆنگره‌ ئه‌نجام بدرێت، به‌ڵام پێنج ساڵ به‌ر له‌ ئێستا كۆنگره‌ دواخرا و ئه‌م جاره‌ش كه‌ بڕیار بوو 31ی تشرینی یه‌كه‌می 2019 كۆنگره‌ ئه‌نجام بدرێت، به‌ڵام به‌هۆی ته‌واو نه‌بوونی كاری لقه‌كان و كێشه‌ی ته‌كنیكی  جارێكی تر كۆنگره‌ دواده‌خرێت. 

ئەحمەد كەركوكی، ئەندامی سكرتاریەتی یەكێتیی مامۆستایانی كوردستان به‌ دواڕۆژی راگه‌یاند: بڕیار بوو 31ی ئه‌م مانگه‌ كۆنگره‌ی یه‌كێتیی مامۆستایان ئه‌نجام بدرێت، به‌ڵام به‌هۆی ته‌واو نه‌بوونی كاری لقه‌كان و كێشه‌ی ته‌كنیكی ئه‌مجاره‌ش كۆنگره‌كه‌ دوا ده‌خرێت. 

وتیشی: "هۆكارێكی تر بۆ دواخستنی كۆنگره‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی مامۆستایان له‌سه‌رجه‌م هه‌رێمی كوردستان به‌شداری هه‌ڵبژاردنی كۆنگره‌كه‌ ده‌كه‌ن به‌ ناوچه‌ دابڕێندراوه‌كانیشه‌وه‌، بۆیه‌ كارێكی ئاسان نییه‌ بتوانرێ به‌م ماوه‌ كورته‌ كۆنگره‌ ببه‌سترێت". 

یه‌كێتیی مامۆستایان 12 لقی له‌ هه‌رێمی كوردستان هه‌یه‌ و سێ لقی دیكه‌شی له‌ كه‌ركوك، خانه‌قین و موسڵ هه‌یه‌ و بۆ ئه‌نجامدانی كۆنگره‌ ده‌بێت سندوقی هه‌ڵبژاردن ببرێته‌ هه‌موو لقه‌كان. 

كه‌ركوكی ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد: نزیكه‌ی سی هه‌زار مامۆستا له‌ قەرەتەپە، خانه‌قین و قەرەحەسەنیان كێشه‌یان هه‌یه‌ كه‌ ئه‌وانیش سه‌ر به‌ حكومه‌تی ناوه‌ندین و داوایان كردووه‌ به‌شداری كۆنگره‌كه‌ بكه‌ن، به‌ڵام تاوه‌كو ئێستا ئه‌م كێشه‌یه‌ش یه‌كلایی نه‌كراوه‌ته‌وه‌. 

به‌پێی بڕیاری یه‌كێتیی مامۆستایان بۆ به‌شداریكردن له‌ كۆنگره‌ ده‌بێت  ئه‌و مامۆستایه‌ی كه‌ به‌شداری كۆنگره‌ ده‌كات  پێویسته‌ پێشتر ناسنامه‌ی ئه‌ندامی یه‌كێتییه‌كه‌ی تازه‌ كردبێته‌وه‌ و له‌لایه‌ن چاودێرانی سه‌ر سندوقه‌كانی ده‌نگدان له‌ لیستی ناوه‌كان ناوی مامۆستاكه‌ یه‌كلایی كرابێته‌وه‌. 

بڵاوکردنەوە: چ.ع



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure