ژماره‌یه‌ك خوێندكارى زانكۆیه‌كى سلێمانى به‌رچه‌قۆ دران

هەواڵ / کوردستان :: پێش 4 هەفتە ‌ :: 22042‌ جار بینراوە

دواڕۆژ

چه‌ند خوێندكارێكى زانكۆى گه‌شه‌پێدانى مرۆیى له‌ سلێمانى له‌ناو بەشە ناوخۆییەکانیاندا ده‌بێته‌ ده‌مه‌قاڵێیان، به‌و هۆیه‌شه‌وه‌ ژماره‌یه‌ك خوێندكار به‌ چه‌قۆ به‌سه‌ختى بریندار ده‌كرێن.


یه‌كێك له‌ خوێندكاره‌كانى زانكۆى گه‌شه‌پێدانى مرۆیى كه‌ له‌ هه‌مان بەشە ناوخۆییدا بووه‌ به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند: "كاتژمێر نزیكى 10ى شه‌وى رابوردوو ژماره‌یه‌ك خوێندكارى زانكۆكه‌ له‌به‌رده‌م بەشە ناوخۆیی كچاندا به‌ ئۆتۆمبێل  خوێندكارانى ناو بەشە ناوخۆییەکەیان بێزار كردووه‌، ئه‌مه‌ش بووه‌ته‌ هۆى نیگه‌رانى و هاتنه‌ده‌ره‌وه‌ى خوێندكاران".

ئه‌و سه‌رچاوه‌یه‌ وتیشى: "داوا له‌و خوێندكارانه‌ كراوه‌ كه‌ واز له‌و كاره‌ بهێنن، به‌ڵام به‌شێوه‌یه‌كى ناشیرین وه‌ڵامیان داوه‌ته‌وه‌، بۆیه‌ خوێندكاره‌كان له‌نێوان خۆیاندا بووه‌ به‌ شه‌ڕیان، به‌هۆیه‌وه‌ 6 خوێندكار به‌چه‌قۆ بریندار كراون و دواتر براونه‌ته‌ نه‌خۆشخانه‌".

به‌ وته‌ى ئه‌و سه‌رچاوه‌یه‌ ماوه‌یه‌ك ئه‌و خوێندكارانه‌ به‌ ئۆتۆمبێل خوێندكاره‌ كچه‌كانى هه‌مان زانكۆیان بێزار كردووه‌ كه‌ له‌ناو بەشە ناوخۆییەکان ده‌مێننه‌وه‌، هاوكات هه‌ر دوێنێ شه‌و كه‌سوكارى خوێندكاره‌كان له‌ كه‌لار و شاره‌زور و ده‌ربه‌ندیخانه‌وه‌ گه‌یشتوونه‌ته‌ سلێمانى، له‌لایه‌ن پۆلیسى سلێمانیشه‌وه‌ ژماره‌یه‌ك له‌و خوێندكارانه‌ ده‌ستگیر كراون.

به‌مه‌به‌ستى زانیارى زیاتر دواڕۆژ په‌یوه‌ندى كرد به‌ وته‌بێژى پۆلیسى سلێمانیه‌وه‌، به‌ڵام وه‌ڵامى په‌یوه‌ندییه‌كانى نه‌دایه‌وه‌.

پ: چ.ع



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure