گه‌شتكردن له‌ هه‌رێمی كوردستانەوە بۆ توركیا به‌ رێژه‌یه‌كی به‌رچاو دابه‌زیوه‌

هەواڵ / ئابوری :: پێش 4 هەفتە ‌ :: 352‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، كۆچه‌ر عه‌لی 

به‌هۆی هێرشی توركیا بۆ سه‌ر خۆرئاوای كوردستان گه‌شتكردنی هاووڵاتیانی هه‌رێمی كوردستان بۆ توركیا به‌ رێژه‌ی زیاتر له‌ 75% دابه‌زیوه‌. 

لاوەند مەموندی، سەرۆكی یەكێتیی كۆمپانیاكانی فڕۆكەوانیی گەشتیاری لە هەرێمی كوردستان به‌ دواڕۆژی راگه‌یاند: دانیشتوانی هه‌رێمی كوردستان له‌ دژی هێرشه‌كانی توركیا بۆ سه‌ر خۆرئاوای كوردستان به‌ڕیژه‌یه‌كی زۆر بایكۆتی گه‌شتكردنیان بۆ توركیا كردووه‌. 

وتیشی: "پێشتر چه‌ند جارێك توركیا هێرشی كردووەته‌ سه‌ر خاكی هه‌رێم و خۆرئاوای كوردستان، به‌ڵام گه‌شته‌كان به‌رده‌وام بوون، به‌ڵام ئه‌م هێرشه‌ی له‌ ماوه‌ی هه‌فته‌ی رابوردوودا توركیا كردییه‌ سه‌ر خۆرئاوای كوردستان و خه‌ڵكی بێتاوانی شه‌هید و بریندار كرد، دانیشتوانی هه‌رێم له‌ دژی ئه‌م كاره‌ی توركیا بایكۆتی گه‌شتكردنیان بۆ ئه‌و وڵاته‌ كردووه‌". 

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد: بەهۆی هێرشه‌كانی توركیا بۆ سەر خۆرئاوای کوردستان، گەشتكردنی هاووڵاتیان بۆ توركیا بەڕێژەی زیاتر له‌ 75% دابه‌زیوه‌ نرخی یه‌ك بلیتی فڕۆكه‌ش كه‌ پێشتر به‌ 400 دۆلار بوو ئێستا گه‌یشتووەته‌ خوار 250 دۆلار.

لاوه‌ند مه‌موندی ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو: ماوه‌ی چه‌ند رۆژێكه‌ ئاڕاسته‌ی گه‌شتكردنی هاووڵاتیانی هه‌رێم له‌ توركیاوه‌ گۆڕاوه‌ بۆ وڵاتی دوبه‌ی و به‌پێی خواستی گه‌شتكردنی خه‌ڵك پێده‌چێت ئه‌م كاریگه‌رییەی تاوانه‌كانی توركیا تا ماوه‌یه‌كی تر گه‌شته‌كان بۆ ئه‌و وڵاته‌ كه‌م بكاته‌وه‌. 

لە رۆژی 9ی تشرینی یه‌كه‌می 2019 توركیا ئۆپراسیۆنێكی فراوانی بۆ سه‌ر شاره‌كانی خۆرئاوای كوردستان دەستپێکرد و ژماره‌یه‌كی زۆری خه‌ڵكی مه‌ده‌نی شه‌هید و بریندار بوون و به‌ ده‌یان هه‌زار كه‌سیش ئاواره‌ بوون.

پ: چ.ع



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure