پێنجه‌م منداڵ لە كه‌مپی مه‌خمور گیانى له‌ده‌ستدا

هەواڵ / کوردستان :: 17/10/2019‌ :: 1245‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عیسا عه‌بدولقه‌هار

وته‌بێژى كه‌مپى مه‌خمور رایده‌گه‌یه‌نێت: به‌هۆى ئه‌وه‌ى رێگه‌یان پێنادرێت بچنه‌ هه‌ولێره‌وه‌، دۆخى كوردانى باكور له‌ كه‌مپه‌كه‌ زۆر خراپه‌و پێنجه‌م منداڵى كه‌مپه‌كه‌ به‌هۆى نه‌بوونى چاره‌سه‌رو نه‌شته‌رگه‌رى گیانى له‌ده‌ستدا.


پۆڵات بۆزان، وتەبێژی  كەمپی ئه‌سعه‌د جودى له‌ مەخمور، ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌، به‌ دواڕۆژى راگەیاند: دواى رووداوى كوشتنى جێگرى كونسڵخانه‌ى توركیا له‌ 17ى  ته‌مموزى 2019، له‌ لایه‌ن ده‌زگا ئه‌منییه‌كانه‌وه‌ رێگه‌یان پێنادرێت بێنه‌ هه‌ولێر، به‌وهۆیه‌وه‌ بارودۆخى دارایى و ته‌ندروستى كوردانى باكوور له‌ كه‌مپه‌كه‌ زۆر خراپ بووه‌".

وتیشى: "له‌ماوه‌ى ئه‌و سێ مانگه‌دا، رێگه‌نه‌دراوه‌ كوردانى باكوور بێنه‌ هه‌ولێر كاربكه‌ن هه‌روه‌ها رێگه‌ له‌ رێكخراوه‌ بیانییه‌كان گیراوه‌ یارمه‌تى مرۆیى بێننه‌ كه‌مپه‌كه‌، جگه‌ له‌وه‌ش له‌ دوو رۆژى رابوردوو له‌ بازگه‌ى هه‌ولێر - مه‌خموور رێگه‌یان نه‌دا منداڵێكى دڵ كونى كه‌مپه‌كه‌ له‌ هه‌ولێر نه‌شته‌رگه‌رى بۆ بكرێت، بۆیه‌ گیانى له‌ده‌ستدا".

وته‌بێژى كه‌مپه‌كه‌، ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد: له‌ماوه‌ى سێ مانگدا، ئه‌وه‌ پێنج منداڵه‌ به‌هۆى نه‌بوونى پزیشك و چاره‌سه‌ره‌وه‌ گیان له‌ده‌ستبدات.

12 هه‌زار كه‌س له‌ كوردانى باكور له‌ كه‌مپى ئه‌سعه‌د جودى له‌ مه‌خموور (63 مه‌تر له‌ باشورى هه‌ولێر) نیشته‌جێن، كه‌ ماوه‌ى 21 ساڵه‌ له‌لایه‌ن نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان دروستكراوه‌.

له‌باره‌ى رێگیركردن له‌ كوردانى باكور بۆ ئه‌وه‌ى بێنه‌ هه‌ولێره‌وه‌، پێشتر سه‌باح خدر وته‌بێژى ئاسایشى هه‌ولێر به‌ دواڕۆژى راگه‌یاندبوو: ئاسایش گه‌مارۆى كه‌مپه‌كه‌ى نه‌داوه‌، چونكه‌ كه‌مپه‌كه‌ له‌ژێر ده‌ستى حه‌شدى شه‌عبى و سوپاى عێراقه‌، به‌ڵام دواى كوشتنى دیپلۆماتكاره‌كه‌ى توركیا له‌ هه‌ولێر رێگه‌یان نه‌داوه‌ خه‌ڵكێك بێته‌ ناوشار كه‌ ناسراو نه‌بێت. 

وتیشى: "ئێمه‌ پێشتر ئاسانككاریمان بۆ ده‌كردن بۆ ئه‌وه‌ى بێنه‌ هه‌ولێر، به‌ڵام چیتر رێگه‌یان پێنادرێت بێنه‌ هه‌ولێر و ره‌وشى ئه‌منى تێكبده‌ن، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ى به‌پێى بڕیاى نێوده‌وڵه‌تى رێگه‌ به‌ ئاواره‌كان نادرێت له‌ كه‌مپه‌كان بێنه‌ ده‌ره‌وه‌، به‌ڵكو ده‌بێت له‌ناو كه‌مپه‌كان بن".

بڵاوكردنه‌وه‌: ئیحسانی مه‌لا فوئاد



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure