قوباد تاڵەبانى: سەرپەرشتی دۆسیەی ئەو تاوانە قێزەونە دەکەم

هەواڵ / کوردستان :: 16/10/2019‌ :: 5992‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، هۆگر کەمال

لەسەر کوژرانی ئامانج بابان پێشکەشکاری کەناڵی ئێن ئاڕتی، جێگرى سەرۆکى حکومەتى هەرێم دەڵێت: خۆم سەرپەرشتی دۆسیەی ئەم تاوانە قێزەونە دەکەم و وتەبێژى حکومەتیش دەڵێت: بە توندی ئەم کردەوە تاوانکارییە شەرمەزار دەکەین.

‏قوباد تاڵەبانى، جێگرى سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان رایگەیاند: ئەو تاوانە کە بووە هۆی گیان لەدەستدانی هەردوو رۆژنامەنووس ئامانج بابانی و لانە محەمەدی هاوسەری و جگەرگۆشەکەیان هەموومانی تاساند.

قوباد تاڵەبانى دەشڵێت: زۆر دڵگرانم بەو ھەواڵە و هەموو لایەک ڕاسپێردراون بۆ لێکۆڵینەوەی جدی و خۆم سەرپەرشتی دۆسیەی ئەم تاوانە قێزەونە دەکەم تا دەگاتە ئەنجام.

لاى خۆیەوە جوتیار عادل، وتەبێژی حکومەتی هەرێم لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەیدا: حکومەت داوا لە دامودەزگا پەیوەندیدارەکان دەکات لێکۆلێنەوەی جیددی بکەن بۆ دۆزینەوەی تاوانباران و بە سزا گەیاندنیان

دەقى راگەیەندراوەکە:

راگەیەندراوێک لە وتەبێژى حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە:

حکومەتی هەرێمی کوردستان کردەوە تاوانکارییەکەی دژ بە رۆژنامەنوسێکی کەناڵی ئێن ئاڕ تی شەرمەزار دەکات.

بەداخێکی زۆرەوە ئەمڕۆ ئێوارە، رۆژنامەنووسێکی کەناڵی NRT بەناوی ئامانج محەمەد نووری ناسراو بە ئامانج بابان لەگەڵ لانە محەمەدی هاوسەری و هانۆی کچی، لە سلێمانی درانە بەر دەستدرێژی گولـلە و گیانیان لەدەستدا.
حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کاتێکدا بە تووندی ئەم کردەوە تاوانکارییە شەرمەزار دەکات. داواش لە دامودەزگا پەیوەندیدارەکان دەکات لێکۆلێنەوەی جیددی بکەن بۆ دۆزینەوەی تاوانباران و بە سزا گەیاندنیان.

جوتیار عادل 
گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان
2019/10/16



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure