لەسەر ناردنی مووچە و بودجەی هەرێم زانیاری نوێ ئاشكرادەکات

هەواڵ / چاوپێکەوتن :: پێش 4 هەفتە ‌ :: 1930‌ جار بینراوە
بەشیر حەداد

دواڕۆژ، سامان قوبادی 


تا ئێستا ئاسۆی رێككەوتنی هەرێم و ناوەند نادیارە، جێگیری سەرۆكی پەرلەمانی عێراقیش دەڵێت: "بەبێ رێككەوتن ناتواندرێت تەنانەت مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم جێگیر بكرێت و بنێردرێت، د.بەشیر حەداد جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق لە چاوپێكەوتنێكی دواڕۆژدا باس لەوە دەكات، بەهۆی بارودۆخی ئێستای عێراق بوودجەی گشتی عێراق بۆ ساڵی داهاتوو دوادەكەوێت".

دواڕۆژ: لە لایەن بەغداوە لیژنەیەك بۆ  كێشە نەوتییەكانی هەرێم پێكهێنرا، ئەنجامەكەی چی بوو؟ ئایا رێككەوتنی هەرێم و ناوەند بەندە بە وەڵامی ئەم لیژنەیەوە؟

بەشیر حەداد: ئەم لیژنەیە بۆ كۆی مەلەفە نەوتییەكان كە لەنێوان هەرێم و بەغدایە، ئەندامی كوردیشی تێدایە، تا راپۆرتێك لەسەر كێشەكان لەمبارەیەوە ئامادە بكەن و داتا بدەنە بەغدا، تا رێككەوتنی هەردوولا بە زووی بكرێت، بەڵام هێشتا نەگەیشتووەتە ئەنجام، رێككەوتنەكەش پەیوەستە بە ئەنجامی راپۆرتی ئەم لیژنەیەوە پاشان بڕیار دەدرێت. 

دواڕۆژ، نزیك بوینەتەوە لە ناردنی پڕۆژە یاسای بوودجەی گشتی عێراق بۆ پەرلەمان، بۆچی ئاسۆی رێككەوتنی نێوان هەردوولا نادیارە؟
بەشیر حەداد: بەشێوەیەكی گشتی گفتوگۆكان دواكەوتووە، بەهۆی بارودۆخی ئێستای عێراق، حكومەت زیاتر سەرقاڵی جێبەجێكردنی داواكاری خۆپیشاندەران و ئەنجامدانی چاكسازییە، پێشبینی دەكەم بۆ ئەمساڵ بودجەی گشتیش دوابكەوێت.

دواڕۆژ، ئایا خۆپیشاندانەكان كاریگەرییان لەسەر نەمانی نەرمی نواندنی عادل عەبدول مەهدی بەرامبەر هەرێم دەبێت بەتایبەت لەپرسی بەشە بوودجەدا؟
بەشیر حەداد: لە داواكاری خۆپیشاندەراندا باس لە هەرێم و بەشە بوودجەكەی نەكراوە، بەڵكو داواكاری خزمەتگوزرایی و دابینكردنی هەلی كارە بۆیان، هەر ئاڵۆزییەك لە بەغدا رووبدات كاریگەریی دەبێت لەسەر هەرێمی كوردستان، دەبێت چاوەڕوان بین تا بزانین ئەم دۆخەی عێراق بەكوێ دەكات، وەكو كورد دەبێت پلانی پێشوەختەمان هەبێت بۆ رووبەڕووبونەوەی بارودۆخی بەغدا، بۆ ئەوەش یەكڕیزی نێوماڵی كورد و هاماهەنگی تەواو زۆر پێویستە، تا هەر گۆڕانكارییەك رووبدات بە دەستەجەمعی مامەڵەی لەگەڵدا بكەین.

دواڕۆژ، كابینەكەی عادل عەبدولمەهدی بێ پشتیوان ماوەتەوە،لەم دۆخەدا پێتوایە دەبێت كورد پشتیوانی بكات؟
بەشیر حەداد: كورد پشتیوانی ئەم كابینەیە، ئێستاش چەند لایەنێكی عێراقی پشتیوانین، جوانی ئەم كابینەیە بۆ ئێمەی كورد زۆر گرنگە، بۆیە ئەو چاكسازییانەی كە دەستی پێكردووە بە جێبەجێكردنی بڕیارەكان بەتایبەت بۆ لادانی ژمارەیەكی زۆر لە بەرپرسان كە تۆمەتبارن بە گەندەڵی دەرگای چاكسازی كردووەتەوە، پێموایە بەردەوام بوونی باشترە لە گۆڕانكاری لە حكومەتدا، چونكە بۆ پێكهێنانی كابینەكەی عادل عەبدول مەهدی چەندین مانگ ویست، بۆیە هیچ گرەنتییەك نییە ئەگەر ئەم كابینەیە هەڵبوەشێتەوە وەها بە ئاسانی پێكبهێنرێتەوە، لەوانەیە ببێتە هۆكاری شەڕی ناوخۆ، بۆیە لەبەرژەوەندی هەموولایەكە ئەم حكومەتە بەردەوام بێت و پشتیوانی لێ بكرێت، ئەم خۆپیشاندانانەش زەنگێكی ئاگاداركردنەوەیە بۆ حكومەت و هەموو لایەنە سیاسییەكان.

دواڕۆژ: لە حاڵەتی رێكنەكەوتنی هەرێم و ناوەندا ئایا مووچەی فەرمانبەران هاوشێوەی ساڵی رابوردوو جێگیر دەكرێت یان دەنێردرێت؟
بەشیر حەداد: بەبێ رێككەوتن مووچەش جێگیر نابێت و نانێردرێت بۆ هەرێم، پێویستە هەردوولا رێكبكەون، بەڵام ناردنی مووچەی فەرمانبەران ئیستحقاقی هەرێمە، ئەگەر مووچەی فەرمانبەران نەدات بەغدا خۆی دان بەوەدا دەنێت هەرێم بەشێك نییە لە عێراق، بۆیە بەهەرشێوەیەك بێت دەبێت ئەم رێككەوتنە بكرێت.

دواڕۆژ: دواین هەوڵەكان بۆ ئەوەی مووچەی پێشمەرگە بخرێتە سەر بەغدا بەچی گەیشت؟ ئایا بەغدا ژمارەیەكی دیاریكراوی هەیە بۆ ئەو مەبەستە؟
بەشیر حەداد: مووچەی پێشمەرگە لە یاسای بوودجەی 2019دا جێگیر كراوە، ئەم بەشە لە وەزارەتی دارایی عێراقە دەبێت خەرجی بكات، بەڵام فشارەكان لەسەر سەرۆك وەزیران وای كردووە مووچەی پێشمەرگە خەرج نەكرێت، هەر كاتێك هەرێم و ناوەند رێككەوتن ئەو بەشە مووچەیەی پێشمەرگە كە لە وەزارەتی دارایی عێراق دەنێردرێت بۆ حكومەتی هەرێم.

دواڕۆژ: بۆچی ناردنی نەوتی سپی بۆ هەرێم دواكەوت؟  كەی دەنێردرێت؟
بەشیر حەداد: زیاتر لە مانگێك بەر ئێستا جێگری بریکاری نەوتی عێراق بەڵێنی پێداین لە 15ی9 بەشە نەوتی پارێزگاكانی هەرێم بنێردرێت، بەڵام هی كوردستان دواكەوت، بەهۆی نەناردنی داتاكان بۆ بەغدا، داوامان لە پارێزگاكانی هەرێم كردووە پەلە بكەن لە ناردنی زانیارییەكان، ئەگەری هەیە لە مانگی داهاتوودا نەوت بنێردرێت، دواكەوتنی ناردنی بەشە نەوت بۆ هەرێم دووبارە پەیوەندی بە فشارە سیاسییەكانەوە هەیە، بەردەوام لە هەوڵداین بەشە نەوت و مووچە تێكەڵ بە ململانێ سیاسییەكان نەكرێت. 

پێداچوونەوە: کارزان ساڵح



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure