وەزارەتی كشتوكاڵ بۆ ساغكردنەوەی بەرووبوومی خۆماڵی ئەم کارە دەکات

هەواڵ / ئابوری :: پێش 4 هەفتە ‌ :: 191‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، ڕاپۆرتی سەنگین خۆشناو


وەزارەتی کشتوکاڵ لە کابینەی نوێی حکومەت دەیەوێت خەمی چەند ساڵەی جووتیاران کەمبکاتەوە و  لەمەودوا لە بازاڕی راستەوخۆ بەروبوومەکانیان بە نرخێکی باشتر لە جاران بفرۆشن.

 

بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی کشتوکاڵ لە هەرێمی کوردستان ڕۆژانە زیاتر لە 200 تۆن بەرهەمی خەیار و تەماتە و باینجان و کولەکە و بەروبوومەکانی دیکە بەرهەم دەهێنرێن.

 

دوای وردبینیکردن دواجار وەزارەت بڕیاریدا بە دروستکردنی ژمارەیەک بازاڕی فرۆشتنی بەروبوومی  کشتوکاڵی جووتیاران بەشێوەی راستەوخۆ بەبێ وەرگرتنی باج، واتا پێویست ناکات ببرێتە عەلوەکان و بەنرخی هەرزانتر بفرۆشرێت.

 

حوسێن حەمە کەریم، وتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ بە دواڕۆژی ڕاگەیاند: ئەو پرۆژەیە لە چەند ئاڕاستەیەكەوە كاری لەسەر دەكەین بۆ ئەوەی ساڵی داهاتوو بیخەینە بواری جێبەجێكردنەوە.

 

راشیگەیاند: "ئەو پرۆژەیە وەك بازاڕێكی هەفتانەیە، جووتیار راستەوخۆ بەرهەمەكەی دەفرۆشێت بە هاووڵاتی بەبێ ئەوەی دوو دەستی تر رۆڵی تیادا ببینن، چونكە ئێستا جووتیار كە بەرهەمێك دەفرۆشێت دەیباتە عەلوە و عەلوە كرێی خۆی لێ وەردەگرێ و بەقاڵیش هەروا، بۆیە بەشێكی زۆری داهاتی ئێستای جووتیاران عەلوە و بەقاڵەكان دەیبەن و گرانتر دەكەوێتە دەستی هاووڵاتیان.

 

لەساڵی 2016 بەهۆی چڕبوونەوەی لێکەوتەکانی قەیرانی دارایی بەشێکی زۆری هاووڵاتیان دەستیان کردەوە بە کاری کشتوکاڵی، ئەمەش وایکرد بەروبوومی کشتوکاڵی خۆماڵی زۆر بێت، بەڵام بەهۆی هاوردەی بەروبوومی وڵاتان جووتیاران زیانیان کرد.

 

ساڵی رابوردوو وەزارەتی کشتوکاڵ لەکاتی پێگەیشتنی بەروبوومی خۆماڵی باجی خستەسەر بەروبوومی هاوردە و بەشێکیشی قەدەغەکرد، بەڵام کابینەی نوێی حکومەت ئەمساڵ هاوردەکردنی زۆربەی بەروبوومەکانی قەدەغە کرد، ئێستا کار لەسەر ئەوە دەکەن بۆ ساڵی داهاتوو جگە لە قەدەغەکردنی هاوردە ژمارەیەک ساردخانەش لە سەرجەم پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان دروستبکەن تاوەکو بەروبوومی خۆماڵی لە ساردخانەکان هەڵبگیرێن.

 

ئیبراهیم حاجی فازڵ، جووتیارێکی خەڵکی دەشتی هەولێرە بۆ دواڕۆژ دەڵێت: "ساڵانە تەماتە و باینجان و خەیار و چەندین بەروبوومی دیکەش دەچێنم، بەڵام لەکاتی پێگەیشتن ساڵانی رابوردوو زۆر زیانمان کردووە، ئەمساڵ قازانجێکی کەممان کردووە بۆیە ئەگەر حکومەت ساڵانی داهاتووش رێگری لە هاوردە بکات و بازاڕمان بۆ بدۆزێتەوە بۆ ساغکردنەوەی بەروبوومەکانمان دەتوانین زیاتر گرنگی بە زەوی و زارەکانمان بدەین".

 

ئیبراهیم، دەشڵێت: "ئەمساڵ 300 دۆنمم لە زەوییەکانم بەس بە شوتی داچاندبوو، بەڵام هێشتا ئەو پارەیەی نەکرد کە چاوەڕێ بووین، 3 تۆن تەماتە و 3 تۆن خەیاریشم هەبوو، بەڵام کیلۆی 200 دینار بوو و لەماوەیەکی کەمدا تەواو بوو ئەگەر ساردخانە هەبێت هەڵدەگیرێت و بەدرێژایی وەرز پێویستمان بە هاوردە نابێت".

 

عوسمان حسێن، جووتیارێکی دیکەیە بۆ دواڕۆژ دەڵێت: "ئەمساڵ زیاتر لە 400 دۆنم زەویم بە خەیار و تەماتە و کاڵەک و شوتی داچاند، خۆشبەختانە ئەمساڵ زەرەرم نەکرد، بەڵام ئەو قازانجەش نەبوو کە پێی بحەسێمەوە".

 

عوسمانی جووتیار، لەڕێگەی دواڕۆژ داوا لە وەزارەتی کشتوکاڵ و بازرگانی دەکات کە گرینگی بە دروستکردنی کارگەی خۆراک و لەقوتوونان بدەن تاوەکو بەروبوومی خۆماڵی لە هەموو وەرزەکاندا لەبازاڕدا بێت.

 

بڵاوکردنەوە: چ.ع



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure