"ئێستا ئەردۆغان هەست دەكات هێرشی سەر رۆژئاوا تەڵە بووە"

هەواڵ / کوردستان :: پێش 4 هەفتە ‌ :: 6674‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، پشتیوان جەمال

سەركردەیەكی یەكێتی نیشتمانی كوردستان رایدەگەیەنێت: ئێستا سەرۆكی توركیا هەست دەكات هێرشی سەر رۆژئاوا تەڵە بووە بۆی، ئاماژە بەوەش دەكات: رێككەوتنی سیاسی هەسەدە و دیمەشق وەك دۆخی عێراق و كوردستان نابێت.


فەرید ئەسەسەرد، ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بەدواڕۆژی راگەیاند: توركیا بەئاسانی و سەركەوتوویی لەهێرشكردنە سەر رۆژئاوا دەرناچێت، ئێستا هەست دەكات ئەوە تەڵە بووە، بەڵام خۆی چۆتە ناو تەڵەكە و كەس هانی نەداوە، لەئەمەریكاش ئەم هێرشكردنە گەورەترین چەكە و لەدژی ترامپ بەكاریدەهێنرێت.

سەبارەت بەوەی رێككەوتن لەنێوان هەسەدە و حكومەتی سوریا كرا، لەو باوەڕەدان ئەم شەڕە زوو كۆتایی بێت و توركیا بێتە دواوە، ئەسەسەرد روونیكردەوە: شەڕ دەستی پێكرد هەموو ئەگەرەكان بەكراوەیی دەمێنێتەوە و هەر وڵاتێك بەپێی بەرژەوەندییەكانی بڕیار دەدات، بەڵام بەدڵنیاییەوە توركیا زۆر زەرەرمەند دەبێت، سوریاش هێشتا هاوسۆزی زۆری لەسەر ئاستی جیهان بۆ دروست نەبووە، بەڵام لانیكەم گەڕایەوە كۆمەڵەی وڵاتانی عەرەبی و لەسەر ئاستی ناوخۆش، كورد و حكومەتی سوریا لێك نزیكن.


بەوتەی ناوبراو، هەرچەندە رێككەوتنی هەسەدە و سوریا سەربازییە، بەڵام بڕیار وایە لەچەند رۆژی داهاتوودا شاندی كورد و حكومەت لەدیمەشق كۆببنەوە بۆ باسكردنی رێككەوتنە سیاسییەكە، بەدڵنیاییەوە ئەو رێككەوتنە وەك عێراق و كوردستان نابێت، چونكە ئێرە پەیوەندی بەهەلومەرجی عێراقەوە هەیە، بەڵام دەتوانن لەسەر هەندێك پرسی سەرەتایی رێكبكەون و پاشان بڕواتە دەستوورەوە و ببێتە دەستكەوت بۆ كورد.

پێداچوونەوە: کارزان ساڵح



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure