كۆمسیۆن كاتی تۆماركردنی لیستی هاوپه‌یمانی بۆ هه‌ڵبژاردنی پارێزگاكان درێژكردووه‌

هەواڵ / کوردستان :: 16/10/2019‌ :: 136‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، كۆچه‌ر عه‌لی 

کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بڕیاریدا كاتی تۆماركردنی لیستی هاوپه‌یمانی بۆ هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان تا 25ی تشرینی یه‌كه‌می 2019 درێژ بکاتەوە. 

مازن عه‌بدولقادر، به‌ڕێوه‌به‌ری كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق له‌ هه‌رێمی كوردستان (سێشه‌ممه‌ 15ی تشرینی یه‌كه‌می2019) به‌ دواڕۆژی راگه‌یاند: پێشتر بڕیاربوو تاوه‌كو رۆژی 5ی تشرینی یه‌كه‌م، لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان ناوی لیستی هاوپه‌یمانی تۆمار بكه‌ن، به‌ڵام له‌سه‌ر بڕیاری ئه‌نجومه‌نی كۆمسیارانی عێراق واده‌كه‌ درێژكراوه‌ته‌وه‌ بۆ 25ی ئه‌م مانگه‌. 

وتیشی: "داوا لەو پارت و قەوارە سیاسیانە دەكه‌ین ئەوانەی ئارەزووی هاوپەیمانیەتی دەکەن بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی ناپەیوەست بە هەرێمی کوردستان ٢٠٢٠ سەردانی فەرمانگەی کاروباری پارت و رێکخراوە سیاسیەکان بکەن بە مەبەستی تۆمارکردنی هاوپەیمانیەتیەکانیان. 

ئه‌و بڕیاره‌ی كۆمسیۆن له‌ كاتێكدا 24 لایه‌نی سیاسیی له‌ هه‌رێمی كوردستان لیستێكیان به‌ناوی لیستی هاوپه‌یمانی كوردستانی بۆ به‌شداریكردن له‌ هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكانی عێراق له‌ ناوچه‌ كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێم پێكهێناوه‌، به‌ڵام پارتی تاوه‌كو ئێستا رازی نه‌بووه‌ كه‌ ته‌ڤگه‌ری ئازادی به‌شداری ئه‌و لیسته‌ بكات. 

رۆژی 13ی ئه‌م مانگه‌ش له‌ كۆبوونه‌وه‌ی به‌رپرسی ده‌زگای هه‌ڵبژاردنه‌كانی لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی هه‌رێم كه‌ له‌ هه‌ولێر ئه‌نجامدرا كێشه‌ له‌ نێوان خه‌سرۆ گۆران به‌رپرسی مه‌كته‌بی هه‌ڵبژاردنه‌كانی پارتی دیموكراتی كوردستان و نوێنه‌ری ته‌ڤگه‌ری ئازادی دروست بوو و خه‌سرۆ گۆران به‌ ئاماده‌بووانی كۆبوونه‌وه‌كه‌ی گوتبوو كێ ته‌ڤگه‌ری ئازادی بانگهێشتی ئه‌م كۆبوونه‌وه‌یه‌ كردووه‌، چونكه‌ پارتی رازیی نابێت ئه‌وان به‌شداری ئه‌و لیسته‌ بكه‌ن. 

به‌پێی زانیارییه‌كان نوێنه‌ری ته‌ڤگه‌ری ئازادی وڵامی پارتی داوه‌ته‌وه‌ و رایگه‌یاندووه‌ گه‌ر رێگه‌ نه‌ده‌ن به‌شداری له‌و لیسته‌ بكه‌ن ئه‌وان له‌ كه‌ركوك و ناوچه‌ كوردستانییه‌كانی تر لیستێكی سه‌ربه‌خۆ دروست ده‌كه‌ن، به‌ڵام دواتر عه‌بدولره‌حمان مسته‌ سه‌رۆكی لیستی هاوپه‌یمانی كوردستانی ماوه‌ی یه‌كی بۆ پارتی دیاری كردووه‌ تاوه‌كو وڵامیان بده‌نه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ته‌ڤگه‌ری ئازادیش به‌شدار بێت له‌ لیسته‌كه‌.

پ: ک. س



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure