ئه‌ردۆغان: به‌هاوكاری خودا سه‌رده‌كه‌وین

هەواڵ / جیهان :: 16/10/2019‌ :: 13078‌ جار بینراوە

دواڕۆژ

سه‌رۆك كۆماری توركیا وه‌ك ئاماژه‌یه‌ك بۆ هێزه‌كانی سوریای دیموكرات، به‌ توانجه‌وه‌ وتی "وڵاتان ده‌یانه‌وێت ئێمه‌ له‌گه‌ڵ تیرۆریستان دابنیشین، ئێمه‌ ئه‌وه‌ ره‌تده‌كه‌ینه‌وه‌و به‌هاوكاری خودا سه‌رده‌كه‌وین".


ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان سه‌رۆك كۆماری توركیا له‌ وتارێكدا رایگه‌یاند: هه‌ندێ وڵات پێشنیاری بۆ كردووین دانوستان له‌گه‌ڵ رێكخراوی تیرۆریستی بكه‌ین و ئێمه‌ ئه‌و كاره‌ ناكه‌ین.

ده‌ڵێت: "مادام ئێوه‌ به‌رگری له‌ تیرۆریستان ده‌كه‌ن و هاوپه‌یمانیتی توركیا به‌ هیچ ده‌زانن، داواكاریمان ئه‌وه‌یه‌ هه‌ر ئه‌مشه‌و ئه‌وانه‌ی له‌ناو خاكی سوریادان چه‌كه‌كانیان دابنێن و له‌و خاكه‌ بچنه‌ ده‌ره‌وه‌، ئه‌وكات ئێمه‌ش كۆتایی به‌ هێرشه‌كه‌مان ده‌هێنین".

وتیشی: "دۆناڵد تره‌مپ باسی 20 كیلۆمه‌تر ده‌كات، ئه‌وه‌ راست نییه‌و ئێمه‌ له‌ منبجه‌وه‌ تا سنوری عێراق 30 تا 35 كیلۆمه‌تر ده‌ڕۆین و به‌رده‌وام ده‌بین و دوو ملیۆن په‌نابه‌ری سوری ده‌به‌ینه‌ ئه‌و ناوچه‌یه‌ی كۆنترۆڵی ده‌كه‌ین".

ئه‌ردۆغان هه‌ڕه‌شه‌ی له‌و وڵاتانه‌ كرد كه‌ سزای ئابوری به‌سه‌ر توركیادا ده‌سه‌پێنن و وتی: "ئێمه‌ خراپتر سزاتان ده‌ده‌ین".

ده‌ڵێت: "ئه‌وانه‌ی كه‌ چوونه‌ ژووره‌وه‌ی وڵاته‌كانیان له‌ ئێمه‌ قه‌ده‌غه‌ ده‌كه‌ن، ئێمه‌ش بێده‌نگ راناوه‌ستین".

وتیشی: "وڵاته‌كه‌مان به‌ بارێكی قورسدا ده‌ڕوات و به‌هاوكاری خودا و پشتیوانی گه‌له‌كه‌مان له‌م قۆناغه‌دا سه‌رده‌كه‌وین".

سه‌رۆكی توركیا باسی له‌وه‌شكرد: بابه‌تی سوریا ته‌نیا په‌یوه‌ست نییه‌ به‌ سوریا، به‌ڵكو مه‌به‌ست لێی پاراستنی وڵاته‌كه‌مانه‌، ئه‌گه‌ر پێویست بكات به‌رامبه‌ر حه‌وت وڵات ده‌وه‌ستینه‌وه‌و شه‌ڕ ده‌كه‌ین و به‌رده‌وام ده‌بین له‌ خه‌باتمان تا دوا هه‌ناسه‌.

ئا: ئیحسانی مه‌لا فوئاد



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure