مۆڵەتی وه‌به‌رهێنان گۆڕانكاری به‌سه‌ردا دێت

هەواڵ / ئابوری :: پێش 4 هەفتە ‌ :: 183‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، بڕیار محەمەد 

سه‌رۆكی ده‌سته‌ی وه‌به‌رهێنان رایده‌گه‌یه‌نێت، پێشنیاری هه‌مواری یاسای وه‌به‌رهێنانمان كردوه‌، بۆ ئه‌وه‌ی هه‌موو ده‌سه‌ڵاتێكی وه‌به‌رهێنان بدرێته‌ ده‌سته‌ی وه‌به‌رهێنان و رۆتینات له‌ وه‌رگرتنی مۆڵه‌ت كه‌مبكرێته‌وه‌.


ئه‌مڕۆ 16 تشرینی یەکەم، ده‌سته‌ی وه‌به‌رهێنان له‌گه‌ڵ شاندێكی ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا كۆبووه‌وه‌ كه‌ پێكهاتبوون له‌ ئه‌نجومه‌نی بازرگانی نێوان ئه‌مریكا و هه‌رێمی كوردستان و ژماره‌یه‌ك له‌ كۆمپانیاكانی ئه‌و وڵاته‌.

محه‌مه‌د شوكری سه‌رۆكی ده‌سته‌ی وه‌به‌رهێنان له‌ لێدوانێكی بۆ رۆژنامه‌نوسان رایگه‌یاند، له‌ چوارچێوه‌ی سه‌ردان و كۆبوونه‌وه‌كانی USKBC كه‌ ئه‌نجومه‌نێكه‌ بۆ پێناسه‌ی بازرگانی له‌ نێوان ئه‌مریكا و هه‌رێمی كوردستان، كۆبوونه‌وه‌یه‌كمان ئه‌نجامدا، مه‌به‌ست له‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌ خستنه‌ڕووی كه‌رتی وه‌به‌رهێنان بوو له‌ هه‌رێمی كوردستان كه‌ ئه‌وان كۆمه‌ڵێك كۆمپانیایان له‌گه‌ڵدایه‌ و خۆشیان له‌ هه‌رێمی كوردستانن بۆ ئه‌وه‌ی هانی وه‌به‌رهێنان بده‌ن.

وتیشی: "به‌پێی كارنامه‌ی حكومه‌ت ئه‌و ده‌رفه‌تانه‌ی له‌ هه‌رێمی كوردستان بۆ وه‌به‌رهێنان هه‌ن یه‌كجار زۆرن، به‌تایبه‌ت له‌ كه‌رتی بنیاتنان و پیشه‌سازی و كشتوكاڵ و گه‌شتوگوزار، له‌و بوارانه‌ كاری زۆر باشه‌ هه‌یه‌ كه‌ پێویسته‌ بكرێن .


راشیگه‌یاند: ده‌بێت هه‌موو رێكاره‌كان بۆ وه‌رگرتنی مۆڵه‌تێكی وه‌به‌رهێنان له‌ ده‌سته‌ی وه‌به‌رهێنان بكرێت و نابێت وه‌به‌رهێنانی ناوخۆ و ده‌ره‌وه‌ زۆر سه‌رقاڵی رۆتینیان و وه‌گرتنی مۆڵه‌ت و ره‌زامه‌ندی بێت، دوای په‌سه‌ندكردنی له‌ په‌رله‌مان ئاسانكاری زۆر له‌ وه‌به‌رهێنان ده‌كرێت.

وتیشی: "كه‌شێكی له‌بار بۆ وه‌به‌رهێنان هه‌یه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان به‌تایبه‌ت له‌و كه‌رتانه‌ی ئیشی زۆر تیادا نه‌كراوه‌ وه‌ك رێگاوبان و به‌نداو و هێڵی ئاسنین له‌نێوان شاره‌كان و پیشه‌سازی گه‌وره‌و كه‌رتی كشتوكاڵ، له‌كاتێكدا له‌ ده‌سته‌ی وه‌به‌رهێنان ته‌نیا 1.6 پرۆژه‌ی كشتوكالیمان هه‌یه‌، ده‌بێت له‌ چوار ساڵی داهاتوو زیاتر بكرێت".

پێداچوونه‌وه‌و بڵاوكردنه‌وه‌: ئیحسانی مه‌لا فوئاد



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure