"ھاووڵاتیان دەتوانن کاڵای تورکی بایکۆت بکەن"

هەواڵ / ئابوری :: 16/10/2019‌ :: 655‌ جار بینراوە

تاگ :: ئابوری

دواڕۆژ، راپۆرتى زریان محەمەد

لەدوای ئەو ھێرشانەی دەوڵەتی تورکیا بۆ خۆرئاوی کوردستان ئەنجامیدا زۆرێک لە ھاووڵاتیان و چالاکوانان داوای بایکۆتکردنی کاڵای تورکی دەکەن، شارەزایانیش پەرەپێدان بە بەرهەمى ناوخۆ و گەشەپێدانى کشتوکاڵ بە پێویست ناودەبەن.


ھەرێمی کوردستان دەروازەی ئیبراھیم خەلیلی لەگەڵ ووڵاتی تورکیا ھەیە کە زۆرترین ھاوردەکردنی کاڵاکانی تورکیای لێوە دێت وە دەروازەیەکی گرنگیشە بۆ ھاوردەکردنی بەرھەمەکانی دیکە لە ووڵاتانی ئەوروپاوە بە رێگەی ووشکانی.

ئاوات رەحمان، خاوەنی کۆمپانیای بازرگانی گشتی لە سلێمانی بە دواڕۆژی وت: زۆر حەزدەکەین کە بەرھەمی ناوخۆیی خۆمان ھەبێت و بتوانین لەناوخۆدا بەرھەمی زۆرمان ھەبێت، بەڵام تا ئێستا نەمانتوانیوە ئەوە بکەین، بۆیە بایکۆتی هەموو کاڵایەکی تورکی ئەستەمە لەم کاتەدا.

راشیگەیاند: لەناوخۆدا نەمانتوانیوە بەرھەمی پێویست بەرھەم بھێنین، چونکە حکومەت وەک پێویست بەدەم چارەسەری کێشەکانەوە نەھاتووە تا ھانی جوتیاران بدات بەرھەمی ناوخۆیی پاقلەمەنیەکان زۆر بکەن و پێداویستیەکانی تر بەرھەم بھێندرێت.

بەشێکی زۆری کاڵاکان لەھەرێمی کوردستاندا لە ووڵاتانی دراوسێوە دێت وەک تورکیا و ئێران کە بەشێکی زۆری بازارەکانی داگیرکردووە.

شارەزایەکی ئابوری پێی وایە ھۆشیاری ھاووڵاتیان لەسەروو ھەمووشتێکەوە بۆ ئەنجامدانی بایکۆتی کاڵای ووڵاتێک.

یوسف شەریف، شارەزای بواری ئابوری بۆ دواڕۆژ دەڵێت: لەکوردستاندا ھۆشیاری ھاووڵاتیان نەگەیشتۆتە ئەو ئاستەی کە لەکاتی پێویستدا ھەڵوێستی ھەبێت و کاڵای ئەو ووڵاتە بایکۆت بکات کە زیانی پێگەیاندووە بەتایبەت لەئێستادا وەک ئەو رووداوەی تورکیا لەگەڵ رۆژئاوا ھەیە و ھاووڵاتیان لە کوردستان داوای بایکۆتی کاڵاکانی ئەو ووڵاتە دەکەن، بەڵام بەشێوەیەکى گشتى نەتواندراوە ئەنجامی بدەن. ھاووڵاتیان ھۆشیاریان نییە بۆ گرنگیدان بەکڕینی بەرھەمی ناوخۆی پشتیوانی لە کاڵا ناوخۆییەکان بکەن، چونکە تا ئێستا بڕوایان بەوە نیە کە بەرھەمی ناوخۆ باشترە لە دەرەکی.

دەشڵێت: بەشێکی دیکەی بایکۆت پەیوەستە بە راگەیاندنەکانەوە کە تائێستا بەشێکی زۆری راگەیاندنەکان ریکلام بۆ کاڵا تورکییەکان دەکەن و بەھاووڵاتیانی ئاشنا دەکەن ئامادەنین لەکاتی رووداوەکاندا ھەموو ئەو ریکلامانە رابگرن.

ئاماژە بۆ ئەوە دەکات: "لایەنێکی دیکە حکومەتە کە وەک پێویست نەیتوانیوە گرنگی بە بەرھەمی ناوخۆی بدات و کەرتی کشتوکاڵی زیادبکات و وە کارگە زیادبکات و بەمەش بەرھەمە ناوخۆییەکان زیاد دەبێت و ھاووڵاتیان پەکیان ناکەوێت لەو بەرھەمانەی دەیانەوێت".

بەردەوام چین و توێژەکان لەکاتی رووداوەکاندا لەگەڵ ووڵاتانی دراوسێ داوای بایکۆتی کاڵاکانیان دەکەن بەڵام تائێستا نەتواندراوە ئەو کارە وەک بڕیارێکى گشتى لێبکرێت.

سیروان محەمەد، سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی بە دواڕۆژی راگەیاند: بازرگانیەکی فراوان لە نێوان ووڵاتانی دراوسێ ھەیە بەتایبەت تورکیا و ئێران وە ھاووڵاتیان خۆیان ئازادن لە کرین و بەکارھێنانی جۆری کاڵاکان و بەرھەمی ناوخۆیی.

وتیشى: "بازرگانان بەدیلی کارکردنیان زۆرە لەگەڵ ووڵاتانی ئەوروپا وەک ئەوە ئێستا ھەیە کاڵایەکی زۆری ووڵاتانی ئەوروپی دێتە ھەرێمی کوردستانەوە وە دەتواندرێت بەشێکی تری زۆری کاڵاکان لە ووڵاتانی ئەمریکا و کەنەداوە بێتە کوردستان و لێرە کاری لە کیسنان و قتونانیان بۆبکەن".

ئاماژەى بۆ ئەوەشکرد: پێویستە لەئێستادا گرنگی زیاتر بە بەرھەمی ناوخۆیی بدرێت، پێویستە بەرھەمی کشتوکاڵی گرنگی زۆری پێبدرێت وە دەستی کار زیادبکرێت و گرنگی بە کەرتی پیشەسازی بچوک و پرۆژە مام ناوەندەکان بدرێت بەتایبەت لە مۆبیلیات و خواردەمەنی کە ساڵانە پارەیەکی زۆر لە کوردستانەوە دەڕوات بۆ تورکیا و ئێران کە دەتواندرێت ئەو پارەیە لە ناوخۆدا بمێنێتەوە.

وتیشى: "حکومەت پێویستە کارخانەکانی ئامادەکردنی جلوبەر بخاتەوەکار کە دەتوانێت بەسەدان کەس بخاتە سەرکار و پێداویستی جلوبەرگی ئامادەکراو حازربکەن و پێویستمان بە دەرەکی نەبێت کە بەشێکی زۆر جلوبەرگ لەدەرەوە ھاوردە دەکرێت".



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

بەپەلە