نوێترین زانیارى له‌باره‌ى رێكکه‌وتنى هه‌رێم و به‌غدا له‌سه‌ر مووچه‌و بودجه‌

هەواڵ / ئابوری :: 16/10/2019‌ :: 6133‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، راپۆرتى عیسا عه‌بدولقه‌هار

بڕیاره‌ له‌ماوه‌ى هه‌فته‌یه‌كدا، شاندى باڵاى هه‌رێم بۆ جێگیركردنى مووچه‌و بودجه‌ى هه‌رێم له‌ ره‌شنووسى بودجه‌ى گشتى 2020ى عێراق سه‌ردانى به‌غدا بكات، نوێنه‌رى حكومه‌تى هه‌رێمیش ده‌ڵێت: "بودجه‌ى خه‌مڵێندراوى هه‌رێم به‌سه‌رجه‌م ورده‌كارییه‌كانه‌وه‌ به‌ داهات و خه‌رجییه‌كانه‌وه‌ پێشكه‌ش به‌ به‌غدا ده‌كرێت".


هه‌رچه‌نده‌ ماوه‌ى نزیكه‌ى مانگێكه‌، شاندى باڵا هه‌رێم و به‌غدا به‌شێوه‌یه‌كى ئاشكرا له‌سه‌ر كێشه‌كانى نێوانیان كۆنه‌بوونه‌ته‌وه‌، به‌ڵام شاندى ته‌كنیكى هه‌ردوولا چه‌ند جارێك كۆبوونه‌وه‌ته‌وه‌، جگه‌ له‌وه‌ش په‌یوه‌ندى ته‌له‌فۆنى له‌نێوان به‌رپرسانى هه‌رێم و به‌غدا هه‌یه‌.

دواخستنى كۆبوونه‌وه‌ى شاندى باڵاى هه‌ردوولا، به‌هۆى خۆپیشانه‌كانى ئه‌م دوایه‌ى عێراق بووه‌، به‌ڵام به‌پێى وته‌ى نوێنه‌رى حكومه‌تى هه‌رێم و بڕیارده‌رى لیژنه‌ى ئابوورى په‌رله‌مان، بۆ كۆبوونه‌وه‌ى ئه‌مجاره‌ حكومه‌ت و په‌رله‌مان دوو رێككار ده‌گرنه‌به‌ر.

محه‌مه‌د سه‌عده‌دین، بڕیارده‌رى لیژنه‌ى دارایى په‌رله‌مانى كوردستان به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند: په‌رله‌مانى كوردستان لێژنه‌یه‌كى به‌سه‌رۆكایه‌تى جێگرى سه‌رۆكى په‌رله‌مان له‌گه‌ڵ سه‌رۆك لیژنه‌كانى دارایى و یاسایى و سامانه‌ سروشتییه‌كان پێكهێناوه‌، بۆ ئه‌وه‌ى له‌ماوه‌یه‌كى نزیكدا، كه‌ ئه‌م هه‌فته‌یه‌ یاخود هه‌فته‌ى داهاتوو، جارێكى دیكه‌ى سه‌ردانى په‌رله‌مانى عێراق بكه‌ن، بۆ ئه‌وه‌ى ئاماده‌كارى بكرێت له‌گه‌ڵ لیژنه‌ هاوشێوه‌كانیان له‌ په‌رله‌مان و فراكسیۆنه‌ گه‌وره‌كان تاكو گەرەنتیکردنی بەشە بودجەی ھەرێم بكرێت و فراكسیۆن و لێژنه‌كانیش رازى بكرێن كه‌ پشكى هه‌رێم له‌ ره‌شنووسى بودجه‌ى 2020ى عێراق به‌وشێوه‌یه‌ بێت كه‌ هه‌رێم ده‌یه‌وێت.

وتیشى: "وەک پەرلەمان هه‌وڵى کەمکردنەوەی بەرپرسیاریەتی لەسەر حکومەتی ھەرێم ده‌ده‌ین، بۆ ئه‌وه‌ى له‌گه‌ڵ گه‌یشتنى ره‌شنووسى بودجه‌ جۆرێك له‌ هه‌ماهه‌نگى هه‌بێت، هه‌روه‌ها مووچه‌ى فه‌رمانبه‌ران تێكه‌ڵ به‌ كێشه‌كان نه‌كرێت".

محه‌مه‌د سه‌عه‌ده‌دین، ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد: هه‌رێم هه‌وڵده‌دات بۆ ئه‌مساڵ رێککەوتن بە شێوەیەك واژۆ بکرێت، کە هاوشێوه‌ى یاسای بودجەی 2019 پەسەند بێت، ئه‌گه‌ر نه‌یتوانى ئه‌وا بژاردەی دووەم تاقیده‌كاته‌وه‌ كه‌ هه‌رێم رۆژانە 250 هەزار بەرمیل نەوت رادەست بکات، بەڵام گەرەنتی پێدانی بودجەکەی هەبێت و میکانزمێک بۆ دانەوەی قەرزی کۆمپانیا نەوتییەکانیش بدۆزرێتەوە، به‌ڵام له‌هه‌موو حاڵه‌تێكدا ده‌بێت مووچه‌ى فه‌رمانبه‌ران مانگانه‌ له‌لایه‌ن به‌غداوه‌ بدرێت.

جگه‌ له‌سه‌ردانى شاندى په‌رله‌مانى كوردستان، حكومه‌تى هه‌رێم هه‌فته‌ى رابوردوو له‌رێگه‌ى نوێنه‌رایه‌تى حكومه‌تى هه‌رێم، بودجه‌ى خه‌مڵێندراوى 2020ى بۆ به‌غدا ناردووه‌و بڕیاره‌ بدرێته‌ وه‌زاره‌تى دارایى عێراق.

فارس عیسا، نوێنه‌رى حكومەتی هەرێم لە بەغدا بە دواڕۆژی راگەیاند: هه‌فته‌ى رابوردوو، له‌لایه‌ن حكومه‌تى هه‌رێمه‌وه‌ بودجه‌ى خه‌مڵێندراوى 2020ى هه‌رێمیان به‌ده‌ست گه‌یشتووه‌، كه‌ تێدا ورده‌كارى خه‌رجى و داهاته‌كانى هه‌رێم به‌ فرۆشتىى نه‌وت رونكراوه‌ته‌وه‌.

وتیشى: "له‌م رۆژانه‌دا راپۆرته‌كه‌ ده‌درێته‌ وه‌زاره‌تى دارایى عێراق و حكومه‌تى عێراق، بۆ ئه‌وه‌ى له‌كاتى هاتنى شاندى باڵاى هه‌رێم كه‌ به‌منزیكانه‌ ده‌گه‌نه‌ به‌غدا، ئاسانكارى بۆ رێككه‌وتنى هه‌ردوولا بكرێت و حكومه‌تى عێراق له‌ كێشه‌كانى هه‌رێم له‌ خه‌رجى و داهاته‌كان ئاگاداربن".

هاوكات له‌میانه‌ى به‌شداریكردنى لە كۆنفڕانسی ئابووری كوردی- ئەمریكی، فوئاد حسێن وەزیری دارایی عیراق رایگەیاند: هەرێم و به‌غدا پێویستیان بەیەكتر هەیە، بۆ ئه‌مه‌ش پێویسته‌ هەرێم لێژنەیەكی بەردەوامى هەبێت بۆ دانوستاند لەگەڵ بەغدا.

فوئاد حسێن، پێیوایه‌ "كێشەكان بەسەردانێك و چوونی دوو شاند چارەسەر ناكرێن، بەڵكو دەبێ دانوستانی بەردەوام هەبێت".

دواین كۆبوونه‌وه‌ى شاندى باڵاى حكومه‌تى هه‌رێم له‌گه‌ڵ وه‌زیرى دارایى عێراق له‌باره‌ى داواكارییه‌كانى هه‌رێم بۆ جێگیركردنى له‌ ره‌شنووسى بودجه‌ى 2020ى عێراق له‌  17ى ئه‌یلولى رابوردوو هه‌ولێر به‌ڕێوه‌چووه‌.

هاوكات جوتیار عادل،  وته‌بێژى حكومه‌تى هه‌رێم به‌ دواڕۆژى راگه‌یاندبوو: ئه‌وان زۆر جدین و نایانه‌وێت كات له‌گه‌ڵ به‌غدا بكوژن، به‌ڵام ئه‌و 80 ملیار دۆلاره‌ى كه‌ به‌غدا قه‌رزداره‌ مافى هه‌رێمه‌و ده‌یانه‌وێت بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ هاووڵاتیان.

پێداچوونه‌وه‌و بڵاوكردنه‌وه‌: ئیحسانی مه‌لا فوئاد



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure