ئەمڕۆ شاندێکی باڵای ئه‌مریكا ده‌چێته‌ توركیا

هەواڵ / جیهان :: 16/10/2019‌ :: 157‌ جار بینراوە

دواڕۆژ

دۆناڵد ترامپ سه‌رۆكی ئه‌مریكا رایگه‌یاند: ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ جێگره‌كه‌ی و وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ به‌ سه‌ردانێك ده‌چنه‌ توركیا بۆ گفتوگۆكردن له‌باره‌ی وه‌ستاندنی هێرشه‌ سه‌ربازییه‌كه‌ی سه‌ر باكوری سوریا.


دۆناڵد ترامپ سه‌رۆكی ئه‌مریكا له‌ كۆشكی سپی به‌ رۆژنامه‌نوسانی راگه‌یاند داوا ده‌كه‌ین شه‌ڕ له‌ سوریا رابگیرێت، وتیشی: "له‌گه‌ڵ ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان سه‌رۆكی توركیا قسه‌م كردووه‌و پێموتووه‌ كۆتایی به‌ هێرشه‌كه‌ی بۆ سه‌ر هێزه‌ كوردییه‌كان له‌باكوری سوریا بهێنێت".

هاوكات كۆشكی سپی له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا ئاشكرای كرد: رۆژی پێنجشه‌ممه‌ 17ی تشرینی یه‌كه‌می 2019، مایك پێنس جێگری سه‌رۆكی ئه‌مریكا له‌ ئه‌نقه‌ره‌ چاوی به‌ ئه‌ردۆغان ده‌كه‌وێت.

ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ شاندێكی ئه‌مریكا به‌سه‌رۆكایه‌تی مایك پێنس جێگری سه‌رۆك و ئه‌ندامێتی مایك پۆمپیۆ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌و رۆبێرت ئۆبراین راوێژكاری ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی و جه‌یمس جیفری نێرده‌ی ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان بۆ سوریا، سه‌ردانی توركیا ده‌كه‌ن به‌مه‌به‌ستی به‌په‌له‌ وه‌ستاندنی شه‌ڕ و چاره‌سه‌ری دۆخی ناوچه‌كه‌ به‌ دانوستان.

ئاماژه‌ به‌وه‌شكراوه‌: سبه‌ینێ پێنجشه‌ممه‌ مایك پێنس و ئه‌ردۆغان به‌ دووقۆڵیی كۆده‌بنه‌وه‌.

ئا: ئیحسانی مه‌لا فوئاد



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure