دواین گۆڕانكارییه‌كانی خۆرئاوای كوردستان.. كێ براوه‌ ده‌بێت؟

هەواڵ / ڕاپۆرت :: پێش 4 هەفتە ‌ :: 1310‌ جار بینراوە

دواڕۆژ

به‌پێی میدیاكان له‌ ئێستادا به‌هۆی رێككه‌وتنی هه‌سه‌ده‌و سوریا به‌نێوه‌ندگیری رووسیا، هێرشه‌كانی توركیا خاوبوونه‌ته‌وه‌، به‌ڵام به‌رده‌وامە، توركیاش ده‌ڵێت: "به‌رده‌وام ده‌بین له‌ ئۆپراسیۆنه‌كه‌مان ئه‌گه‌ر جیهان له‌گه‌ڵماندا بێت یان دژمان".


رووسیا.. یاریكه‌ره‌ دیاره‌كه‌ی ئه‌مڕۆ
له‌ئێستادا رووسیا رۆڵێكی كاریگه‌ر ده‌گێڕێت له‌ ته‌واوی سووریا و باكوری رۆژهه‌ڵات كه‌ له‌ ژێر ده‌سه‌ڵاتی هێزه‌كانی سوریای دیموكراتیكدایه‌.

رێككه‌وتنی سوریا و هه‌سه‌ده‌ به‌ نێوه‌ندگیری و ئاماده‌یی رووسیا، بوو به‌ باسی ته‌واوی میدیا ناوخۆیی و جیهانییه‌كان، ته‌نانه‌ت هه‌سه‌ده‌ رایگه‌یاند دوای رێككه‌وتنه‌كه‌یان له‌گه‌ڵ دیمه‌شق، مۆسكۆ بڕیاری دژه‌ فڕینی بۆ فڕۆكه‌ی توركی ده‌ركردووه‌و چیتر ناتوانێت له‌ناو خاكی خۆرئاوادا بۆردومان بكات.

هه‌ر دوای رێككه‌وتنه‌كه‌ له‌سه‌ر پێشنیاری مه‌زڵوم كۆبانێ فه‌رمانده‌یی هه‌سه‌ده‌، سوپای حكومه‌تی سوریا گه‌یشته‌ مه‌نیج و قامیشلۆ و به‌نیازه‌ بچێته‌ كۆبانێ و سه‌رێ كانی و گرێ سپی.

په‌یوه‌ست به‌و پرسه‌، ڤلادیمیر پوتین سەرۆکی رووسیا و رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا پەیوەندییەکی تەلەفۆنیان ئەنجامدا و بڕیاروایه‌ سه‌ردانی مۆسكۆ بكات. 

ئه‌مریكا دێته‌وه‌ گۆڕه‌پانه‌كه‌
فشاره‌كانی وڵاتانی جیهان و هه‌ندێك له‌ كۆنگرێسمان و به‌رپرسانی ئه‌مریكا و ره‌خنه‌كانی میدیای ئه‌مریكی له‌ هێرشه‌ سه‌ربازییه‌كه‌ی توركیا و بێده‌نگی ئه‌مریكا، دۆناڵد ترامپ و تیمه‌كه‌ی له‌ ئیداره‌ی واشنتۆنی ناچاركرد چه‌ند سزایه‌كی توند بخه‌نه‌ سه‌ر توركیا و ئه‌گه‌ری به‌هێز هه‌یه‌ واشنتۆن ببێته‌وه‌ به‌ یاریكه‌ری سه‌ره‌كی گۆڕه‌پانه‌كه‌.

ته‌نانه‌ت به‌هۆی به‌رده‌وامیی هێرشه‌كه‌ی توركیا بۆ سه‌ر رۆژئاوای كوردستان، شه‌وی رابوردوو دۆناڵد ترامپ سه‌رۆكی ئه‌مریكا له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا به‌ رۆژنامه‌نووسانی وت: "بەهێزترین سزا کە بەخەیاڵتاندا بێت دەخەینە سەر تورکیا".

کۆشکی سپی-ش رایگەیاند، سبه‌ینێ پێنجشەممە مایک پێنس، جێگری سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا سه‌ردانی توركیا ده‌كات و له‌باره‌ی راگەیاندنی ئاگربەست و گەیشتن بە رێککەوتن لەسەر دۆخی رۆژئاوای کوردستان لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان كۆده‌بێته‌وه‌.

هاوكات مایك پێنس جێگرى سه‌رۆكى ئه‌مریكا له‌ لێدوانێكیدا بۆ رۆژنامه‌نوسان وتی: "سه‌رۆك ترامپ و جه‌نه‌راڵ مه‌زڵوم به‌ ته‌له‌فۆن قسه‌یان كردووه‌ و باسى بارودۆخى باكور و رۆژهه‌ڵاتى سوریایان كردووه‌، جه‌نه‌راڵ مه‌زڵوم به‌ سه‌رۆك تره‌مپى وتووه‌، تاكو ئێستا سوپاى توركیا 30 میل له‌ ناوچه‌ سنورییه‌كان نه‌هاتوونه‌ته‌ ناوه‌وه‌".

پێنس راشیگه‌یاند: "جه‌نه‌راَل مه‌زڵوم نیگه‌رانى خۆى له‌باره‌ى شارى كۆبانێ ده‌ربڕیوه‌ و داواى له‌ سه‌رۆك ترامپ كردووه‌ له‌سه‌ر شارى كۆبانێ قسه‌ له‌گه‌ڵ ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان سه‌رۆكى توركیا بكات".

ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو كه‌ دواى په‌یوه‌ندییه‌كه‌ى سه‌رۆك ترامپ له‌گه‌ڵ جه‌نه‌راڵ مه‌زڵوم، ترامپ په‌یوه‌ندى به‌ ئه‌ردۆغانه‌وه‌ كردووه‌ و له‌سه‌رداواكه‌ى مه‌زڵوم، داواى له‌ ئه‌ردۆغان كردووه‌ هێرش نه‌كاته‌سه‌ر شارى كۆبانێ و بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ گه‌ره‌نتى له‌ ئه‌ردۆغان وه‌رگرتووه‌.

توركیا ناوه‌ستێت
هه‌رچه‌نده‌ ئه‌مریكا و فڕه‌نسا و ئه‌ڵمانیا و چه‌ند وڵاتێكی جیهان داوایان له‌ توركیا كردووه‌ هێرشه‌ سه‌ربازییه‌كه‌ی رابگرێت، به‌ڵام توركیا به‌ره‌نگاری جیهان ده‌بێته‌وه‌و ده‌ڵێت: "ناوه‌ستین و به‌رده‌وام ده‌بین له‌ هێرشه‌كانمان".

دوێنێ سێشه‌ممه‌ 15ی تشرینی یه‌كه‌می 2019، فه‌خره‌دی ئاڵتون به‌رێوه‌به‌ری په‌یوه‌ندییه‌كان له‌ سه‌رۆكایه‌تی توركیا به‌ ئاژانسی فرانس پرێسی راگه‌یاندووه‌ "به‌رده‌وام ده‌بیت له‌ پرسه‌ سه‌ربازییه‌كانمان و كوشتنی گروپه‌ تیرۆریستییه‌كان، له‌ نێویاندا داعش، ئه‌گه‌ر جیهان قبوڵی بكات یان نا".

هه‌ر دوێنێ هێزه‌كانی توركیا به‌ سه‌ختی بۆردومانی گونده‌كانی ده‌وروبه‌ری كانتۆنی كۆبانێی كرد و له‌ چه‌ند ناوچه‌یه‌كیشه‌ به‌ هاوكاری گروپه‌كانی ئۆپۆزسیۆنی سوریا هێرشیان كرده‌سه‌ر باكوری سوریا، به‌وته‌ی هه‌سه‌ده‌ هه‌موو هێرشه‌كانیان تێكشكێنراون.

داعش ده‌گه‌ڕێته‌وه‌
ئه‌وه‌ی بووه‌ته‌ ترس و فۆبیا لای وڵاتان و وای كردووه‌ پرسی سوریا ببێته‌ باسێكی گه‌رم، ترسه‌ له‌ گه‌ڕانه‌وه‌و سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ی داعش، چونكه‌ ده‌یان هه‌زار سه‌ركرده‌ی دیار و چه‌كداری ئه‌و رێكخراوه‌ له‌ زیندانه‌كانی هه‌سه‌ده‌دان و ترسی ئه‌وه‌ هه‌یه‌ له‌ئه‌نجامی هێرشه‌ سه‌ربازییه‌كه‌ی توركیا هه‌ڵبێن و دووباره‌ خۆیان رێكبخه‌نه‌وه‌و سه‌رهه‌ڵبده‌نه‌وه‌.

رێكخراوی ده‌وڵه‌تی ئیسلامی (داعش) جگه‌ له‌ ئێستادا به‌ نهێنی له‌ سوریا و عێراق چالاكی نهێنی ئه‌نجامده‌ده‌ن.

ئیدوار فیلیپ سه‌رۆك وه‌زیرانی فڕه‌نسا رایگه‌یاند: بڕیاره‌كانی ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا و توركیا له‌باره‌ى سوریا، ده‌رئه‌نجامی زۆر خراپی ده‌بێت له‌سه‌ر ناوچه‌كه‌و له‌ ئه‌نجامدا ده‌بێته‌هۆی سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ی داعش له‌ عێراق و سوریا.

فیلیپ باسی له‌وه‌شكردووه‌: به‌ دڵنیاییه‌وه‌ داعش له‌ باكوری خۆرهه‌ڵاتی سوریا و هه‌روه‌ها له‌ باكوری خۆرئاوای عێراق ده‌گه‌ڕێته‌وه‌".

هاوكات هه‌ر (دوێنێ سێشه‌ممه‌ 15ى تشرینى یه‌كه‌مى 2019) جان ئیڤ لودریان وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى فره‌نسا رایگه‌یاند: له‌سه‌ر پرسى داعش به‌منزیكانه‌ له‌گه‌ڵ به‌رپرسانى عێراق و كوردستان كۆده‌بنه‌وه‌.

هه‌ر چوار رۆژ دوای هێرشه‌كه‌ی توركیا، به‌هۆی بۆردومانی سوپای توركیاوه‌، زیاتر له‌ 750 چه‌كداری داعش له‌ زیندانی عه‌ین عیسا هه‌ڵاتن و به‌ناوچه‌كه‌دا بڵاوبوونه‌ته‌وه‌، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی له‌ دوای ئه‌و ئۆپراسیۆنه‌وه‌ داعش ده‌ستی به‌ چالاكی نهێنی كردووه‌و شانه‌ نووستووه‌كانی ده‌ستیان به‌ جوڵه‌ كردووه‌.

ماوه‌ی هه‌شت رۆژە ئۆپەراسیۆنی تورکیا بۆ رۆژئاوای کوردستان بەردەوامە، ئه‌وه‌ش دوای بڕیاری كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانی ئەمریکا له‌ باكوری سوریا (خۆرئاوای كوردستان) و به‌جێهێشتنی هه‌سه‌ده‌ی هاوپه‌یمانی كه‌ ده‌ڵێن "له‌پێناو ئارامی جیهاندا زیاتر له‌ 11 هه‌زار شه‌ڕڤانمان له‌ دژی مه‌ترسیدارترین رێكخراوی تیرۆریستیدا شه‌هید بوون".

ئێستا ده‌بێت له‌دواى سه‌رقاڵبوونی جیهان به‌ خۆرئاوای كوردستان، چاوه‌ڕوان بین، ئاخۆ كێ براوه‌ ده‌بێت، كورده‌كان یان توركیا؟.

ئامادەکردنی: ئیحسانی مه‌لا فوئاد



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure